هەڵساندنەوەی پەیکەرێکی پۆزەتیڤ بۆ حکومەت

13/08/2018

بێستون شەهیدجەبار

کاتێك ئێمە سەرنج لە مێژووی پەرەسەندنی هاوچەرخی حوکمەت و دەسەڵاتەکانی دەدەین بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لە پارادایمی زۆرینەی قوتابخانە فەلسەفییەکاندا هەمیشە پەیکەرێکی "دژە ئازادی تاکەکەسی" بۆ  داتاشراوە و بە گەورەترین مەترسی زانراوە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی تاکەکەس، بۆیە هەمیشە جێمشتومڕ بووە کە ئایا دەسەڵاتی سیاسی حوکمەت تا کام ئۆرگانی کۆمەڵایەتی بکشێنرێت و یان  دەسەڵاتەکانی بەچی شێوەیەك سنورداربکرێت.
 بەڵام ئەمڕۆ حوکمەتەکان لە ڕۆڵ و چالاکی کۆمەڵایەتی بەدەرنین زیاتر وێنایەکی پۆزەتیڤانە دەبەخشن و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئازادی تاکەکەس  و تەریبکردنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵگا و تاکەکەسدا، بۆیە لێرەدا دیارکردنی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی حوکمەت جەوهەریترین خاڵی شرۆڤەکانە.


حوکمەت خاوەن چەندین بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی هەستیارە، پێویستە بەوپەڕی توانایەوە کار بۆ بەدهێنانی بکات لەپێناو باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانی و دەسەتەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆیان کە بەشێوەکی گشتی حوکمەتە هاوچەرخەکانی تەواوی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان کار لەسەر ئەم پرسە کۆمەڵایەتیانە دەکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی بەڕێوبردنی ئیدارییان کە ئەویش، کردنەوەی کەرتی گشتیە لەنێو نەخۆشخانەکاندا، چاودێری تەندروستی، سیستەمی خوێندن و فێرکردنی تۆکمە، هاوکاری بێنەوایان، هەژاران، پەکەوتوان، نەداران، کەمئەندامان، کردنەوەی گەنجینەی گشتی دژ بە هەژاری. 


لای تەواوی بیریاران و بیرمەندان هەمیشە دەکرێت حوکمەت ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی کۆمەڵایەتی بگێڕێت لە پێناو باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی بیرمەندان، حوکمەت لەشێوەی فریاد ڕەسێك بۆ تاکەکەس و کۆمەڵگا وێنادەکەن و ئەرك و پەرپرسیارێتی بەم شێوەیە ڕووندەکەنەوە .
مۆنتیسکۆ؛ حوکمەت پەیوەستە بە دابینکردنی ژیانی هاوڵاتیان و خواردن و پۆشاکی گونجاو و تەندروستیان 
ڤۆڵتێر؛ ڕاهێنانی ئاکاری و مۆراڵێکان و هاندان بۆ چاکەکاری کۆمەڵایەتی و چاندنی تۆوی هاوکاری لەنێو تاکەکاندا، ئەم جۆرە لە فێرکاری بۆ خەڵکی پێویستە لەڕێگای سیتەمی سیاسیەوەبێت و "دەوڵەت فێرگەی تاکە لە کۆمەڵگادا"
ژان ژاك ڕۆسۆ؛  لە ڕونکردنەوەی فۆڕم و شێوەی دەسەڵاتی سیاسی باس لەوە دەکات، پێویستە حوکمەت یان دەوڵەت خاوەنی سامانێکی نائاڵۆز و ساکاربێت تاوەکو تاك هۆگری سەرلەبەری کۆمەڵگابن و ئەرکی سەرەکی بریتیە لە نەهێشتنی پێشێلکردنی مافەکان لەنێوان تاکەکاندا، و پاراستنی یەکسانی ئابووری لە کۆمەڵگا و یەکسانی دابەشکاری سامانەکان لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەکاندا بەجۆرێك بێت، کە تاکێك یان کۆمپانیایەك هێندە سەرمایەکانیان کەڵەکە نەبێت بتوانن هێز و هزری تاکێکی دیکەی کۆمەڵگای پێبکڕن یان لە ڕێگای سەرمایەکانیانەوە چەوەسانەوەی ئازادی و نایەکسانی دروستبکات، کەسیش هێندە هەژارنەبێت کە ئازادی خۆی بفرۆشێت لەپێناو دەبینکردنی ساکارترین پێویستی ژینگەی مرۆیی خۆی کە ئەویش "تێربوونە" .
کارڵ پۆپەر؛ حوکمەت لەسەریەتی پاسەوانی ئازادی تاکەکەس بکات، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەو هەژارانە بپارێزت کە ئازادیان لەبەردەم هەڕەشەدایە.
لێرەوە دەبینن سەرجەم بیرمەندان و زۆرینەی قوتابخانەکان وێنایەکی پۆزەتیڤ بۆ حوکمەت و دامەزراوەکانی هەڵدەسەنگێننەوە، حوکمەت بەرپرسە لە چاودێری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادی کۆمەڵایەتی، و جۆرێك لە پلانڕێژی و بوژاندنەوەی ئابووری، دەوڵەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دژایتیکردنی هەڵئاوسان و چوونەوەیەکی ئابووری، دەسەڵاتی مۆنۆپۆڵێکان جڵەوگیر و سنوورداردەکات و خزمەتگوزاری گشتی لە ئەستۆیە، بەرهەم و داهاتە نەتەوەییەکان بەیەکسانی بەسەر کۆمەڵگادا دابەشدەکاتەوە، و کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوخۆیەکان بۆ سەر تاك و کۆمەڵگا و لەڕووی دەرەکیشەوە بەهەمان شێوە و هەروەها چاودێری بازاڕی ئابووری و نەهێشتنی دروستبوونی گرفت لەبەردەم میکانیزمەکانی بازاڕدا. 
حوکمەت دەبێت فۆڕمووڵەی کۆمەڵگایەکی ئازادی بکات، و پێویستە هەست بەگرنگی بەشداری سیاسی گرووپە جیاوازەکان بکات، ڕایەڵەیەکی بەهێز دروستبکات لەنێوان چینە کۆمەڵایەتێکان، و دژایەتیکردنی هەژاری و بێکاری، بەهێزکردنی دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی