پیرۆزیی ٣١ی ئاب!!!

31/08/2018

عەلی كەریمی


"لای من ڕۆژێکی پیرۆز و مه‌زن و وه‌رچه‌رخانه‌و ده‌ستی پیلانی بڕی و تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ین سووده‌کانی ٣١ی ئاب هه‌ر له‌ زیادبوونن.
ئه‌گه‌ر ٣١ئاب نه‌با، ئێستا شتێک نه‌بوو به‌ناوی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان و ده‌ستکه‌وتی خه‌باتی گه‌لی کوردستان.
ئه‌گه‌ر ٣١ ئاب نه‌با ئێستا جڕو جامشته‌کانی وه‌ک حسن پلایس و اغای مه‌ته‌ڕی و ڕاکان سعید حاکم بوون.
ئه‌گه‌ر ٣١ ئاب نه‌با ئێستا هه‌ولێر هه‌ر گونده‌ گه‌وره‌که‌ی جاران ده‌بوو،نه‌ک شار شه‌کری ئێستا.
ئیتر ده‌سکه‌وته‌کانی ٣١ی ئابی شه‌کره‌ شار ده‌یان و سه‌دان ده‌سکه‌وتن،به‌ڵام کێ هه‌یه‌ یه‌ک ده‌سکه‌وتی ٦٤و٦٦و٨٣و١٦ی ئۆکتۆبری خیانه‌تکارم پێ بڵی ئه‌ی خه‌ڵکینه‌...."
ئەمانە رێک قسەکانی پارتی و سەرۆکی فراکسیونەکەیانە لە یادی ٣١ی ئاب ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە!
من هەمووی و لەوەش زیاتر موتەفیقی دەبم گەر تەنیا وڵامی ئەم پرسیارەم بداتەوە:
ئەگەر ئەو هەموو سەروەری و شانازیی لە ٣١ی ئاب بە بەرهەم هاتوە کە وای دادەنێین وا بێت، خۆ لە کەس شاراوە نییە ئەم شانازیی و سەرکەوتنە بە دەست و یارمەتی سەدام کرا و گەر ئەو نەبایە هەرگیز بە "شەکرە شار" شاد و شوکور نەدەبوون، ئەمە قسەی خۆتانە!
دەڵێم مرۆڤێک ئەم ئیشە گەورە و پڕ لە شانازییەی بۆ ئێوە کردبێ ئەدی لە رۆژی لێقەومان و دەربەدەری و سەر بە پەتەوەی ئەم مرۆڤە جەنابتان لە کوێ بوون؟! پیاوی مەرد و رەند و بە وەفا و ناسپڵە، دڵنییام بۆ مرۆڤێک کە ئەو هەموو چاکەیەی بۆ بووبێت لە رۆژی تەنگانەدا نە تەنیا بە جێی ناهێڵێت بەڵکو سەری کوڕانیشی بۆ بە قوربانی دەکا، ئەگەر من وەک ئێوەم بیر کردباوە و سەدام ئەم چاکە گەورەیەی بۆ کردبام بە دڵنییایی دەیان مەفرەزەم بۆ دەکرد و لە کوشتن رزگارم دەکرد و تا بە ئەبەد لەناو شوشە و بەخواردنی هەنگوین وەک تۆوی چاو دەمپاراست. ئیتر هەموو بێوەفایی و سپلە بوونتان بۆ شۆڕشگێران و خەباتکارانی پارچەکانی تری کوردستان سەلماند و زۆر بە روونی پێمان دەڵێن هەمووتان و هەموو خاکی کوردستان بە قوربانی بەرژەوەندێکی تەسک و بچوکی وەک رزگاری هەولێر لە چنگ "جەلالییەکان" دەکەین و هەمووتان بڕۆن بۆ جەهەنەم و بۆ دەرەک موهیم خۆمم!
ئەوجار زۆرم پێ سەیرە ئێوە کە خۆتان بە نوێنەری کێشەی نەتەوەیی دەزانن و سینگی کوردایەتی دەدڕن وادیارە کوردستان بە هەموویەوە تەنیا "شەکرە شارەکەیە". واتا بە شار کردنی گوندی هەولێر هەمو ستراتیژ و خەباتی کوردایەتی ئێوە بوو؟! ئەدی کە ئێوە ئاوا بە رق و کینە باسی ٦٦ و ٦٤ و ٨٣ و ١٦ و چی و چی دەکەن، خێرە رۆژانە خۆل بە چاوی خەڵک دادەکەن و باسی ئیتفاق و نزیکی و هاوپەیمانی لە گەڵ یەکێتی دەکەن، بەراستی حەقە تەنیا جارێک لە مێژوودا لە گەڵ گەلی خۆتان سەراست و راستگۆ بن!

عەلی کەریمی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی