سبەی چی بکەین؟

29/09/2018

عەزیز رەئوف

سبەی چی بکەین؟ لەوەڵامی هاوڕێیەکمدا

1
هەموو ئەو ڕاستیە بزانین هەڵبژاردن پایەیەکی دیموکراسیە بەڵام لەو وڵاتانەی کە ستەمکارەکان حوکم دەکەن ماسکێکە بۆ شاردنەوەی دیکتاتۆریەت و ستەمکاری. ئەوەی لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەبوو پارتی بوو، کە دەیزانی وەزعی نەیارەکانی چۆنە و هەر سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی و باشیش دەزانێت نایدۆڕێنێت و بە هەر پێوەرێکیش بێت وەک خۆیان دەڵێن ڕەنگە دەنگەکانی زیاد بکات بە 11 کورسی کۆتاکانیشەوە کە لە گیرفانیدایە. بۆیە لەم سەروبەندەدا ئەم هەڵبژاردنە هەم بە خۆسازدان بۆ ساختەکاری و هەم گرتنەبەری زیاد لە ڕێو شوێنێک وا دەردەکەوێت کە پایەکانی دەسەڵاتی کوردی لەسەر پای خۆی بمێنێتەوە و نەکەوێت. بۆیە دڵنیام ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە مەترسی بوایە بۆ لەقبوونی کورسی دەسەڵات لە کوردستان ئەوە هەرگیز نەیاندەهێشت ئەنجام بدرێت و وەک پۆستی سەرۆکی هەرێم سڕ دەکرا بۆ دوو ساڵی تر.
2
کۆمەڵگەی کوردی تا ئەم چرکەساتەش ئامادە نیە بۆ هەڵبژاردن. کەم نین ئەوانەی دەنگەکانی خۆیان دەفرۆشن و کەمیش نین ئەوانەی سنگەری هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان جێهێشت و چوونەوە ناو دەسەڵات و کەسیش قسەی نەکرد لەبەر ئەوەی هوشیاری تاکی کوردی بەرامبەر بە کارتی دەنگدان زۆر لاوازە. من دەپرسم ئەوەی دەنگی دا بەدەسەڵات و دەسکاری موچە و نانی کرا، ڕاچڵەکی؟ ئەی ئەوەی دەنگی دا بە ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵێک دابەستەی تەقاعود کرد و هەندێکیشیان چونەوە ناو دەسەڵات، بیری لە دەنگەکەی کردەوە؟ لە کوردستان نوخبەیەک سەرەوەی سەرجەم هێزەکانیان گرتووە لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هەرکات بیانەوێت گوڕ و تین دەخەنە ناو خەڵک و هەرکاتیش ویستیان ڕێک دەکەون. 
3
بەهانەی دەنگدەرانی دەسەڵات ئەوەیە کە هاوسەنگی هێز بپارێزرێت و نەیەڵرێت یەک هێز بەتەنها کۆی کورسیەکان ببات، بەهانەی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش ئەوەیە کە ئەمە دوا فرسەتە و ئەم چانسە لەدەست بدەین تا ماوە دەسەڵات لەسەر کورسی دەمێنێتەوە. لە چوار ساڵی ڕابردوودا دوو هێزی دەسەڵات کێشەیان نەبووە و هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش دەرگای پارلەمانیان بەسەردا داخرا و نەیانتوانی خۆپیشاندانێکیش بکەن. ئەم دوو بەرەیە لە ئێستادا یەکتری تەواو دەکەن و هەر یەکەیان بەبێ ئەوی تر ناتوانێت بژێت، هەر یەکەیان بەبێ ئەوی دووژمن هیچ کردەیەکیان لە کۆمەڵگەدا نیە. 
4
ئەم هەڵبژاردنە شەڕی چەسپاندنی هێز و خۆدەرخستن و شەڕی مانەوەیە. دەسەڵات دەیەوێت کورسیەکانی کەم نەکات و هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان، دوای مەرگی کاک نەوشیروان دەیەوێت لەسەر پای خۆی بوەستێت و گۆڕان بکاتە ئەمری واقیع، ئەگینا پێم وا نیە هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن بەتەمای شتی گەورە بن و هەم یەکێتی بە دوو کوڕی مام جەلالەوە یەکێتی هەڵدەسێنێتەوە و هەم پارتی بە کوڕ و برازا و تەلەفزیۆنەکانیانەوە هانی هانی ئەوەیانە بەتەنها حکومەت دروست بکەن و هەم گۆڕانیش لەڕێگەی کورەکانی کاک نەوشیروانەوە کۆی جومگە مادی و میدیاییەکانی گۆڕان لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن و زۆر گۆڕانخوازیان لەخۆیان دوور خستەوە و هێزە ئیسلامیەکانیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەرگیز ناتوانن ئەوەندە دەنگ بێنن کە شایەنی باس بێـت و باقی هێزەکانی تریش دەسەڵات باش دەزانێت لەڕێگەی هێزی ساختە و ئۆپۆزسیۆنی ساختەوە، بەرەی ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان کەرت بکات. بۆیە سیاسەت لە کوردستان لەوە کەوتووە سیاسەت بێـت و بەرژەوەندی بنەماڵەکان لای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دۆخێکی دروست کردووە تەواو کردەی سیاسی لەم هەرێمە کوشتووە. 
5
ئەگەر بمانەوێ ئەم دۆخە بگۆڕێت چۆن دەگۆڕێت؟ بە هەمان عەقڵیەتی پارتی و یەکێتی ناگۆڕێت، بە فکر و دنیابینی و پارادیمێکی نوێی سیاسی دەگۆڕێت. ئەمەش نەکرا، ئەوا بە بلۆکێکی سیاسی گەورە لەدەرەوەی دەسەڵات دەکرێت لانی کەم فشار دورست بکات، هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات ئەوەشیان نەکرد و بە پەرت پەرت داخلی ئەم عەمەلیەیە بوون کە ناوی هەڵبژاردنە. لەلایەکی تریشەوە کەرەستەی دەستی ئەم هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات تەنها هەڵبژاردنە و ئەم کەرەستەیەش ئەوەندە کەشفە کە هیچ مەترسی نیە بۆ سەر دەسەڵات. هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات لانی کەم دەبوو خاوەنی زیاد لە کەرەستەیەک بن بۆ بەرەنگاری و گۆڕینی دنیای ئێمە، بەڵام بەداخەوە ئەوان لەو ماوەیەدا نەتوانیان خۆیان بگۆڕن نەتوانیان دەسکاری دنیای ئێمە بکەن و بلۆکیکی سیاسی گەورە دروست بکەن کە دەسەڵات لە هەر جوڵەیەکی سڵ بکاتەوە.
6
بۆ من گرنگ نیە سبەی چی بکەین. هەر هێزە و خۆی تاقی دەکاتەوە و لەم کۆمەڵگە پەرت پەرتەدا هەر گروپێک دەیەوێت وێنەی خۆی بە گەورە ببینێت، بۆ من گرنگە دوو سبەی چی دەکەین، ئایا هەر بە جەهلی خۆمانەوە دانیشین و چاوەڕێی چەند هێزێکی سیاسی دەکەین بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە حوکممان بکەن، یان بەدیار چەند هێزێکی سیاسی دەرەوەی دەسەڵاتەوە سەرخۆشی گۆڕان و گۆڕانکاری دەبین و وەک حەڤدەی شوبات کۆی ناڕەزاییەکان دەبەنەوە ناو دەسەڵات؟ یان وەک ئێستا بەبەرچاومانەوە سەنگەرەکانی خۆیان دەگۆڕن و ئێمەش دەڵێین چار چیە دەبێت لەنێوان خراپ و خراپتریندا خراپ هەڵبژێرین. بەڕاستی من بەم دنیابینیە ناڕوانمە سیاسەت و ئەوە ئەو پەڕی لاوازیە بڵێی سەرجەم هێزەکان خراپن بەڵام با ئەو هێزە هەڵبژێرین کەمتر خراپە. ئەم لۆژیکە زۆر ناعەقڵانیە.
7
نە هێزەکانی دەسەڵات و نە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەوەی لایان گرنگ نەبووە قسەی نوسەران و چاودێران بووە. کۆمەڵە هێزێکی لوتبەرز، دەسەڵات پێی وایە ئەو نەبێت گورگ دەمانخوات و ئۆپۆزسیۆن پێی وایە ئەو نەبێت کەس نیە سیاسەت بکات و بە چوار ساڵ جارێک دەنگیان لێمان دەوێت بەڵام بە ڕەخنەکانمان قەڵسن. لانی کەم لە دە ساڵی ڕابردوودا ئەم هێزە سیاسیانەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ئەوەی گوێیان نەداوەتێ ڕەخنە و قسەکانی ئێمە بووە، لە ئێستایا دەیانەوێت سبەی وێنەی خۆیان بە دەنگی من ببینن، دەیانەوێت ئازایی خۆیان بە دەنگی من تاقی بکەنەوە. 
8
بۆ من گرنگە دوو سبەی چی دەکەین.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی