میدیای ئازاد دۆزەخی ترامپ دەبێت

08/11/2018

نیاز عەبدوڵڵا

پرسیارەكەی رۆژنامەنووسی كەناڵی CNN جیم ئاكوستا Jim Acosta لە دۆناڵد ترامپ Donald J. Trump سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەبارەی بەكارهێنانی كۆچبەران لە رێكلامی هەڵبژاردنەكان كە بە سەر دیواردا سەردەكەون، لە كاتێكدا ئەو كۆچبەرانە سەدان كیلۆمەتر لە سنوورەكانی ئەمریكا دوورن. 

توڕەبوون و كاردانەوە و داواكردنی دۆناڵد ترامپ-ی لە جیم ئاكوستا بۆ دانانی مایك‌ لێكەوتەوە، بەڵام جیم لە پرسیاری دووەم نەوەستا سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەی دەستتێوەردانەكانی روسیا، ئەمەش ترامپ-ی توڕەتر كرد و وتی "دەبێت CNN شەرم لە خۆی بكات تۆ كاری بۆ دەكەیت، تۆ كەسێكی بێ رێز و خراپیت، نەشیاوە تۆ بۆ CNN كاربكەیت".

دوای پشتیوانیكردنی رۆژنامەنووس كین دیڵانیان Ken Dilanian لە كەناڵی NBC، لە رۆژنامەنووسەكەی CNN بەوەی ئاكوستا مرۆڤێكی باش و بەڕێزە، ترامپ ئەویشی تۆمەتباركرد بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە و دوژمنی خەڵك.

كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كۆشكی سپی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و لە دەستدانی پێگەی پێشووی كۆمارییەكان، نیوەی یەكەمی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی دۆناڵد ترامپ-ی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت ناوبراو بەردەوام وەك كەسێكی نەتەوەیی خۆی ناساندووە، بەڵام لە لایەن دیموكراتەكان و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ وەك كەسێكی راسیست و دژ بە میدیای ئازاد رەخنەی تووندی ئاراستە كراوە.

ئەو رەفتاری بەرەنگاربوونەوەیەی ترامپ بۆ هەردوو رۆژنامەنووسەكە و سوكایەتی پێكردنیان بە ئاسانی بەسەریدا تێنەپەڕی، دەزگا راگەیاندنە ئەمریكییەكان و نێودەوڵەتییەكان پانتاییەكی زۆریان بۆ ئەم بابەتە تەرخانكردووە، لەم پرسەدا بەتەواوی یەكیانگرتووە بۆ رەخنەگرتنی توند لێی، لە رێگای ئەم رووداوەوە كۆی كارەكانی دوو ساڵی رابردووی سەرۆكی ئەمریكا خراوەتە ژێر پرسیار و مەترسی بەردەوامبوونی سیاسەتەكانی لەسەر داهاتووی ئەمریكا بە روونی باس دەكرێت. 

بە تایبەت رەفتارە ناشرین و بێڕێزەكانی پێشووی لەگەڵ میدیاكانی وڵاتەكەی بەردەوام نمایش دەكرێتەوە و پەیوەندی بەرگریكارانەی NBC لە CNNیش بۆتە مایەی سەرنج و سیمبولی رێزگرتن لە هاوپیشەیی رۆژنامەوانی.

سەرەڕای هێرشە پێشینەكانی بۆسەر میدیاكان، بەڵام ئەو رەفتارەی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە راگەیاندنی فەرمی جەنگ بوو لەگەڵ میدیاكانی وڵاتەكەی، بەپێی دۆخی رابردوو و ئێستاشی، نیوەی دووەمی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی قورسترین دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ میدیای وڵاتەكەی و میدیای ئازاد دەبێتە دۆزەخی سیاسەتەكانی، لەبەرامبەردا وەڵامەكانی ئەویش لە رێگای ژمارەی تویتەرەوە ئەگەری هەیە تووندتربن بۆ میدیاكان.

لەم رووداوەدا گرنگی رۆڵی رۆژنامەنووسانی ئەمریكی و بەرگریكردنیان لە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی لە ئاستێكی بەرزی ئەو بەرپرسیارێتییە دایە كە میدیای سەردەم دەیخوازێت. بۆیە لە دوایین وتاریدا رۆژنامەنووس تۆماس فریدمان نووسیبووی "هەست دەكەم وڵاتەكەمان لە مەترسیدایە" بەهۆی سەرۆك ترامپ.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی