دوای 27 ساڵ، چی بكرێت؟

04/12/2018

سەرتیپ جەوهەر‌

بەپێی پێشبینییەكانی دەكرێن و ئەو ئارگۆمێنتانەی بەردەستن، پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر درێژە دەكێشێت، ئەوە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوەو هێشتا هیچ لەگۆڕێ نییە، جارێ‌ دیار نییە جارێكی دیكە كۆدەبنەوە یان نا! بەڵام ئەوەی روونە، ئەم دۆخە درێژە دەكێشێت.
ئەم چەقبەستنە سیاسی و قانونییەی ئێستای كوردستان، زادەی ئەم هەڵبژاردنە نییە، بەڵكو ئەنجامی كەڵەكەبونی چەردەیەك گرفتی جیاوازی سیاسی و قانونییە كە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو چارەنەكراوەو ئێستا وەك گلۆرەی ئاڵۆزكاو لەهەر لایەكەوە تەماشا بكەین دەیان گرێ كوێرەی تێدا دروستبوەو كردنەوەی زۆر زەحمەتتر بوە لەجاران، بەڵكو كۆی حوكمڕانیی لەهەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە كە ماوەی پێنج ساڵە حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەریی و بگرە باری سیاسی روو لەئاراستەیەكی زۆر خراپن.
دەكرێت بڵێن ئەوە 27 ساڵە، تائێستا نوتوانراوە حوكمڕانیی لەهەرێم ببێتە دامەزراوەیەك لەسەر سكەی خۆی دەستی لێ‌ بەربدەین و بۆخۆی بەڕێوەبڕوا، تائێستا نەبوینەتە خاوەنی پەرلەمانێك بتوانێت رۆڵی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵك بگێڕێت و هەردوو رۆڵی سەرەكی خۆی كە قانون دەركردن و چاودێریكردنە بگێڕێت! لەو ماوەیەدا نەتوانراوە حكومەتێك بنیات بنرێت قانون و رێنمایی داینەمۆی هەڵسوڕاندنی بێت و لە میزاجی شەخسی و حزبیی دور بێت. خراپتر، مەحسوبییەت و مەنسوبییەت كە گرفتێكی لەمێژیینەیەو بۆتەهۆی جیاكردنەوەی خەڵكی حزبیی لەناحزبی لەبەركەوتەو ماف و ئیمتیاز، هەندێجار بۆتەهۆی ناعەدالەتی لە دابینكردنی خزمەتگوزاریش!
هەر لەو 27 ساڵەدا نەتوانراوە دەسەڵاتی دادوەریی بكرێت بەدەسەڵاتێكی سەربەخۆ دور لە بارودۆخی سیاسی و دەستێوەردانی حزبیی، بەشداریكردنی دادوەرو ئەندامانی داواكاریی گشتیی لەهەڵمەت و كەمپەینی هەڵبژاردن لەدوایین هەڵبژاردن، هیچ دەرفەتی نەهێشتەوە پاساوێك بۆ ئەو دەسەڵاتە بێنینەوە تا قسەیەكی خێری بۆ بكەین! ئەوەی وێنەكانی ببینیایە دەبو دەست بەچاوییەوە بگرێت، بەتایبەت لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی بەئاڵای حزبییەوە بڵاوكرایەوە!
بەم بارودۆخەی ئێستا هەرچی بكرێت و هەرچەند كات تێپەڕێت، هیچ شتێك ناگۆڕێت، بگرە دۆخەكە لەبازنەیەكی داخراودا بەردەوام دەخولێتەوە، بۆیە پێویستە بیر لەڕێگەیەكی دیكە بكرێتەوە بتوانرێت هەم دۆخە سیاسیەكە دەرباز بكرێت، هەمیش چیتر حوكمڕانی لە كوردستان بەمشێوەیە بەردەوام نەبێت.
بەدڵنیاییەوە گۆڕینی بارودۆخی كوردستان پێویستی بەكاتێكی زۆر هەیە، چونكە لەبنەڕەتدا پێویستمان بەگۆڕینی تێگەیشتن بۆ حوكمڕانیی و بەرەوپێشبردنی باری سیاسی هەیە، ئەمەش ئاسان نییە لەژینگەیەك كە دیموكراسی و حوكمڕانیی دامەزراوەیی بۆتە قوربانییەكی گەوەرەی دروشمبازیی! كەوایە چارە چییە؟
باشترین چارەسەر رێككەوتنێكی درێژخایەنی سیاسییە بۆ حوكمڕانیی لەهەرێمی كوردستان، لەوانەیە بڵێن باشترین بارودۆخی حوكمڕانی هەرێم لەماوەی نێوان 2006 تا 2012 بوو، ئەوكاتە سەرباریی تێبینی و سەرنجی زۆر لەسەر رێككەوتنی ستراتیژیی، بەڵام بەراورد بەبارودۆخی ئێستا، هەم حكومەت بودجەی دەبردە پەرلەمان، هەم لەو سەردەمە پەرلەمانی كوردستان باشترین قانونەكانی دەركرد، هەمیش دەسەڵاتی دادوەریی باشتربوو، هاوكات رۆژنامەش رۆڵێكی ئەكتیڤی دەگێڕا!
خولاسەی كەلام ئەو رێككەوتنە بۆ هەموولایەنەكان پێویستە، بەڵام رێككەوتنێك بێت هاوسەنگ بێت، هەم هەموولایەنەكان بكاتە شەریكی راستەقینەی حوكمڕانیی، هەمیش كۆتایی بەهەژمونی تاك حزبیی بەسەر ئیدارە و پەیوەندیی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بێنێت.

سەرتیپ جەوهەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی