سوهرابی سه‌پهه‌ری له شعری "خه‌ڵكی كاشانم"، له یه‌كێك له سه‌رنجراكێشترین وێنه شعرییه‌كانی خۆیدا "دیمه‌نی سوجده بردنی كه‌ناسێك بۆ تویكڵی كاڵه‌كێك" به‌یانده‌كات، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌شێت ئه‌و وێنه شعریه‌ی نێو تێكستی خه‌ڵكی كاشان، یان ره‌نگدانه‌وه‌ی عیشقی كاشان بێت له‌لای سوهراب، یانیش چه‌شنێك بێت له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه چینایه‌تیه‌ی كه ده‌شێت له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆیی‌دا روبدات‌و له‌سایه‌ی ئه‌و فۆڕمه له كۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌مووان وێنه‌ی ئه‌و كه‌ناسانه‌مان بیربچێته‌وه كه هه‌میشه له‌پێناو پاككردنه‌وه‌ی پیسی شه‌قامه‌كاندا ئاماده‌ن سه‌ری بڵندی خۆیان بۆ توێكڵه كاڵه‌كه‌كانی ئێمه‌ش بنوشتێننه‌وه.
عه‌شقی "دواهه‌مین هه‌ناری دونیا"ی به‌ختیار عه‌لی، چه‌نده عه‌شق‌و ئه‌وینی "سه‌ریاسی سوبحده‌م"ی یه‌كه‌مه، كه به‌شوێن ناندا ده‌گه‌ڕێ‌و هه‌میشه توشی به‌ربه‌ست ده‌بێت، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش خه‌می گه‌ڕانی مرۆڤه به‌شوێن شكۆی خۆیدا، كه یه‌كسانه به‌شكۆی نیشتمانه‌كه‌ی‌و به‌دیهێنانی جۆرێك له دادپه‌روه‌ری، له‌به‌رئه‌وه‌شه كاتێك سه‌رمه‌ستی كاره‌كته‌ری سه‌ریاس ده‌بین، نیشانه‌ی ئه‌وه‌نییه كه له پۆلیسه‌كان توڕه‌ین، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه نادادییه‌كانی كۆمه‌ڵگا توڕه‌مان ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه نییه كه گڕ له بژیۆیان به‌رده‌درێت، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه كاره‌كته‌ره‌كانی سه‌ر شه‌قام كه به‌شوێن ناندا وێڵن به چاوێلكه‌ی یاسا ته‌ماشا ده‌كرێن، چونكه مه‌رج نییه هه‌میشه یاساكان به باڵای مرۆڤدا بدورێن، هه‌ر ئه‌و چیرۆكه خه‌مگینه‌شه كه بولعزیری تونسی ناچار به‌وه كرد گڕ له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌ربدا‌و به‌هاری عه‌ره‌بی وه‌ك دیوی دووه‌می شۆڕشی برسی‌و كۆیله‌كانی سپارتاكۆس به‌ڕووی سیسته‌مه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا بكاته دیفاكتۆ.
ئێمه له زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین، شه‌قامه‌كانی پڕه له مرۆڤی برسی، هه‌یه كڕنوش بۆ كلێنیكس ده‌بات‌و هه‌شه سوجده بۆ جوتێك گۆره‌وی به‌رده‌می، هه‌یه بۆ فرۆشتنی بنێشتێك ده‌چه‌مێته‌وه‌و هه‌شه سه‌ركز ده‌كات بۆ چه‌ند قروشێكی گیرفانمان، ئه‌وانه هاوچه‌شنی سوهراب عاشق‌و ئه‌وینداری كاشانی كوردستانن، ئه‌وانه‌ی كه سوجده بۆ توێكڵی كاڵه‌كیش ده‌به‌ن، ده‌شێت له ئێمه مرۆڤتر، كوردتر، ده‌رون ساغتر بن، به‌ڵام قه‌ده‌رێكی ره‌ش بۆ ئه‌وێی بردون، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه، هاوسۆزیان بین....
سوجده‌م خۆشده‌وێت...
كڕنۆشم خۆشده‌وێت..
چه‌مانه‌وه‌م خۆشده‌وێت..
سه‌ركزكردنم خۆشده‌وێت...
مادام بۆ نانه، مادام بۆ ژیانه، مادام بۆ ئه‌وینی كاشانی وڵاتە.
ئاری عومه‌ر
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی