جینۆسایدێكی خۆماڵی

04/03/2019

عومەر عەلی محەمەد

 حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی كە زۆر شانازی پێوە دەكات بریتیە لە پاراستنی هەرێمی كوردستان لە ئیرهاب و تەقینەوە و توندوتیژیەكان و لەناوبردنی گروپە توندڕەوەكان، بەمەش تەنها جەختی كردۆتەوە لەسەر پاراستنی ئاسایشی سیاسی و ئەمەشی بە تاكە ڕێگە زانیوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ڕاستە ئەمە كارێكی ئیجابیە و دەستكەوتێكی باش بووە بۆ هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا،بەڵام لە لایەكی تریشەوە چەند لایەنێكی تری ئاسایش هەیە كە تا ئێستا حكومەت بە گرنگیەوە سەیری نەكردوە و پلانی دانەناوە بۆ پاراستنی لە كاتێكدا كە ئەو لایەنانەش هیچی كەمترنیە لە ئاسایشی سیاسی، لەوانەش ئاسایشی خۆراك و گەشت و گوزار و تەندروستی. 

ئەمانە هەمویان كۆمەڵێك ئەڵقەی پێكەوە بەستراون و لێك جیاناكرێنەوە چونكە لە كاتێكدا كە حكومەت بەتەنگ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانەوەیە لە پاراستنیان لە تەقینەوە و كارە ئیرهابیەكان، دەبێت لە هەمان كاتدا بەتەنگ ئەوەشەوە بێت كە گیانی هاوڵاتیان بپارێزێت لە نەخۆشیە درم و ترسناكەكانی وەك شێرپەنجە و ئایدز و ...هتد، چونكە لە هەموو بوارەكاندا مرۆڤ ڕوبەڕوی مردن دەبێتەوە ،مردنی كارە تیرۆریستیەكان و تەقینەوەكان یەكسەر و خێران بەڵام مردنی ئەوانی تر لە ڕێگەی نەخۆشیەكانەوە لەسەرخۆ و درێژ خایەنە و ئەم جۆرە مردنەیان بە ئازارترە، ئێمە ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستاندا گوێبیستی ئەوە دەبین كە ژمارەی سەرمایەدارەكان لە هەڵكشاندایە و لە ئێستاشدا 30 ملیاردێر و زیاتر لە 10 هەزار ملیۆنێر هەیە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لەزۆربەی ووڵاتە دەوڵەمەندەكانیشدا ئەم ڕێژەیە لە سەرمایەدار بوونی نییە ،لێرەوە پرسیارێك ڕوبەڕوی حكومەت دەبێتەوە كە ئایا ئەم دەوڵەمەندبوونە خێرایە لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؟، ئایا حكومەت بەئەركی خۆی هەستاوە بە دیاریكردنی مەرجی تایبەت بۆ بازرگانەكان لە كارەكانیاندا یان دانانی لیژنەی پشكنینی كارا بە تەكنەلۆژیای نوێ بۆ پشكنینی هەموو جۆرەكانی شمەكە بازرگانیەكان لە خاڵەكانی سەر سنور بە تایبەتیش بۆ خۆراك و دەرمان، چەنكە لە بەرامبەر زیادبوونی سەرمایەی سەرمایەدارەكان دەبینین ژمارەی قوربانیان و نەخۆشیە ترسناكەكان زۆر دەبن كە دوایەمین ڕوداویش ئەو كوێربوونە بە كۆمەڵەبوو كە 3 ساڵ لەمەو بەر تیایدا 30 هاوڵاتی لە شاری هەولێر بە هۆی لێدانی جۆرە دەرزیەكی ماوە بەسەرچوەوە ڕویدا، ڕۆژانە نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و كۆلیسترۆڵ و شەكرە و ئایدز و چەندان نەخۆشی ترسناكی تر، لەسەر مناڵان و كۆرپەلەكان لە زیادبووندان، بەشێك لە بازرگانەكانی كوردستان ئێستا سەرقاڵی ئەم جۆرە بازرگانیانەن كە ئەوانیش دەستیان تێكەڵاو كردوە لەگەڵ مافیاكانی جیهانی، چونكە لەئەم ڕێگەیەوە دەتوانن لە ماوەیەكی كەمدا قازانجێكی زۆر بكەن ، شایەنی باسە ساڵی پار گەورەترین مامەڵەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهانی بۆ دەرمانی ماوە بەسەرچو ئاشكرابوو كە نرخەكەی 450 ملیۆن دۆلاربوو كە 80 جۆر دەرمانی لەخۆگرتبوو ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا توندترین چاودێری و پشكنین هەیە و سزای توندیش دانراوە بۆ ئەوانەی ئەم كارە بكەن، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بكەین كە ڕۆژئاوایەكانیش تەنها بەدەنگ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی خۆیانەوەن و ئەگەر بزانن ئەو دەرمان و خۆراكانە بەرەو ووڵاتانی تر لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت ئەو گرنگیەی پێنادەن.

سەرژمێریە جیهانیەكان باس لەوە دەكەن كە بازرگانی جیهانی لە بواری دەرماندا ساڵانە 275 ملیار دۆلارە و لەم ڕێژەیەش 85 بۆ 92 ملیار دۆلاری لەسەر دەرمانی ماوە بەسەرچوە بۆ ئەم مەبەستەش كۆمپانیاكان بە هاوكاری لەگەڵ باندە مافیاكان هەڵدەستن بە گۆڕینی بەرواری بەسەرچونی ئەم دەرمانانەو گرنگی نادەن بە تێكچونی پێكهاتەی دەرمانەكان، تەنانەت ئەم دەرمانانە كوتانی مناڵانیش دەگرێتەوە، بەپێی سەرژمێریە جیهانیەكان ساڵانە 8 ملیۆم مناڵ و بەساڵاچو دەبنە قوربانی ئەم جۆرە دەرمانانە.

ئەگەر بێت و سەرژمێریەك لە نەخۆشخانەكانی كوردستان وەربگرین ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی جینۆسایدێكی نوێدایە، چونكە ڕۆژانە ڕێژەی نەخۆشیە ترسناكەكان لەزیادبوندان و لەمەش بەشێكی زۆر لە منداڵان دەگرێتەوە گەنجانیش بە ڕێژەیەكی زۆر ڕوو لە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و خواردنەوە دەكەن، ئەو جینۆسایدەی كە ئێستا بە ڕێگاوەیە  هیچی كەمترنیە لە كیماباران و ئەنفال چونكە ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوە دەچێت بەهەمان شێوە ژەهراوی كردنی مرۆڤی كوردە بەڵام ئەم جارەیان لە ڕێگەی دەرمان و خۆراكی ماوە بەسەرچوو ژینگەیەكی پیس و بەكارهێنانی كەلوپەلی ناتەندروست و نا زانستیە لە ڕوی پێكهاتنیانەوە ، بەمەش نەوەی نوێ بەرەو مەرگێكی لەسەرخۆ دەچێت ، لەم بوارەدا هەست دەكرێت تۆڕێكی مافیایی بەهێز كۆنترۆڵی ئەم بوارە بازرگانیەی كردوە ، تەنانەت حكومەتیش ناتوانێت ڕێگەیان پێبگرێت و بیانباتە بەردەم دادگا، چونكە ئەم تۆڕە خاوەنی دەسەڵات و سەرمایەیەكی گەورەن و هیچ دادگا و دەزگایەكی ئەمنیش ناتوانێت دەستگیریان بكات یان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین ئەمانە ئەرگەنە كۆنی كوردستانن و دەستبردن بۆیان زۆر مەترسیدارە ،چونكە خۆیان خاوەن دەسەڵاتێكی سێبەرن ئەم باندە كە لە لایەك بەرپرسیاریەتی سیاسیان هەیە، لەهەمان كاتدا دەستیان گرتوە بەسەر بازرگانی هەرێمدا و بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیان هەیە بە تۆڕێكی بازرگانی هەرێمایەتی لە ووڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لەگەڵ كۆمپانیا و بازرگانەكانی ڕوسیا و چین و ئەوروپا و ئەمریكاش، ئەمانە تەنها بیر لە قازانج ئەكەنەوە و ئەوەی بەلایانەوە هیچ نەبێت هەستكردنە بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە گوزەران و تەندروستی و ژیانی  هاوڵاتیان. لێرەوە دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستبكەوێت كە ئایا بۆچی لە ماوەیەكی كورتدا ئەو هەموو سەرمایەدارە گەورە لە كوردستاندا دەركەوتن بەڵام لەگەڵ ئەو سەرمایە زۆرەشیاندا ئامادەنین لە كوردستاندا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن ،بەڵكو لە ئەو جۆرە بازرگانیانەدا بەكاری دەهێنن كە دەتوانن زۆرترین قازانج بكەن لە كورتترین ماوەدا، ئەویش لەسەر خوێن و ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان ،لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین كە دوژمنەكانمان بە شێوە تەقلیدیەكانی جاران هەوڵی جینۆسایدی نەتەوەی كورد نادەن، بەڵكو ئالیەتی ئەو جینۆسایدە لە ئێستادا گۆرٍِاوەو بە هاوكاری لەگەڵ تۆڕێكی مافیا لە سیاسی و بازرگان و بەرپرسی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت و لەچەند ساڵًی ئایندەدا دەبینین كە قوربانیانی دەستی ئەمانە دەیان هەزار كەس تێدەپەڕێنێت ،چونكە كاریگەری ماددە كیمیاییەكان لە خواردن و دەرمانی ماوە بەسەرچوو كەلوپەلی ناتەندوست وكوالێتی نزم ، بە شێوەیەكی سەربەخۆیە و كار لەسەر جیناتی كرۆمۆسۆمەكان دەكات و دوای چەند ساڵێك لە كەڵەكەبوون كار لە تەندرستی ئەندامەكان دەكات و لە شێوەی نەخۆشی ترسناكدا دەردەكەون و سەرەنجام توشبوەكە ڕووبەڕووی مەترسی مەرگ دەكاتەوە ،لەبەر ئەوە لەم كاتەدا بەرپرسیاریەتێكی گەورە ڕٍوو دەكاتە حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئایندە لە كابینەی هەشت ، كە بەرنامەیەك دابڕێژێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم باندانە و بەهەمان شێوەی گروپە تیرۆریستیەكان هەوڵی ڕٍیشە كێشكردنیان بدات و بیاندات بە دادگا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر: 

یەكەم: دۆزینەوەی ئەو بەرپرسە گەورانەی كە لەپشتی ئەم جۆرە بازرگانیەوەن و پەلكێشی بەردەم دادگایان بكات و كەس لە سەرو یاساوە نەبێت.
دووەم: هەموو هۆكارێكی تەكنەلۆژی نوێ بەكاربهێنێت و بیداتە دەست لیژنەكانی پشكنین و چاودێری لە ناوخۆی شارەكان و خاڵە سنوریەكان.
سێهەم: لە ڕێگەی دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە هەڵمەتێكی وشیار كردنەوەی هاوڵاتیان دەستپێبكرێت و چۆنیەتی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی ماددە خۆراكی و دەرمانیەكان خۆیان ببن بە چاودێر بەسەر دوكان و بازاڕ و دەرمانخانەكان.
چوارەم: وەزارەتی تەندروستی بكرێتە وەزارەتێكی خاوەن توانا و سەربەخۆ و دور لەهەر چاودێریەكی بەرپرسە حیزبیەكان و بە ئازادانە بتوانێت لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیاندا كاربكات.

عومەر عەلی محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی