گۆڕانکاری لە شێوازەکانی حوکمڕانی و چەسپاندنی سیستم، لەمێژووی دەوڵەتداریدا، لە سەردەمی ڕۆمانییەکانەوە دەستی پێکردووە، لەقۆناغێکی پڕ لەوەرچەرخان لەدەسەڵاتی تاکەکەسی و ئیمپراتۆرییەوە بەرەو سیستمی دەوڵەتداری-نەتەوە، لە (509 - 27 پ.ز) یەکەمجار، مرۆڤ سیستەمێك بچەسپێنێت و پشت بە دەستورو دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیران (سینات) ببەستێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
دواتر لەسەدەی 5 بۆ 15 سیستمی فیۆداڵی لە ئەوروپا، ڕەشترین سیستم بوو، پاشا زەوی دەبەخشی بەدەرەبەگەکان و ئەوانیش خەڵکی هەژاریان پێ دەچەوساندووەتەوە، دەسەڵاتی کەنیسە و پاپاکان، ڕۆڵێکی باڵایان لەبنیاتنانی ئەم سیستمەدا هەبووە.
لەساڵی 1789ــ1799 شۆڕشی فەرەنسی و هەوڵی فەیلەسوفەکان 'ژان ژاك ڕۆسۆ' و 'مۆنتیسکیۆ' کۆتاییان بەحوکمی ڕەشی پاشاو کەنیسە هێناو بنەماکانی هاووڵاتیبوون چەسپێندراو یەکەمجار لەمێژوودا، ئایین و دەوڵەت جیاکراونەوەو دەسەڵاتەکانی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) سەریان هەڵدا، شۆڕشی فەرەنسا کودەتایەکی ڕامیاری و شۆڕشێکی گەورەی مرۆڤایەتی بوو، ھەموو جیھانی گۆڕی.
سەردەمی هاوچەرخ سەدەی بیست و بیست و یەك کۆتایی بەحوکمی داگیرکاری تورکە عوسمانیەکان و سوپای سوری ژاپۆنی و ئەڵمانیای نازی و ئیتالیای فاشی.
لەساڵی 1990 بەداگیرکردنی کوەیت لەلایەن ڕژێمی بەعسی عیراقەوە، سەردەمی سیستمی دوو جەمسەری سەرمایەداری و سۆسیالیستی کۆتایی هات و جیهانی یەك جەمسەری لیبرال هاتە کایەوە،
لەدوای جەنگی ئەمریکاو ئێران و بێدەنگبوونی چین و ڕوسیا، ئێستا جیهان لەقۆناغی گواستنەوەدایەو بەشێك لە ناوەندە ستراتیژیەکانی جیهانیش باوەڕیان وایە سیستمی "تاک-جەمسەری" ئەمریکا بەردەوام دەبێت و (چین و ڕووسیا)ش هەر لەپێگەی جارانیان دەمێننەوە، ئێستا هاوسەنگی هێز گۆڕاوە، ڕژێمی ئێران ماوە، بەڵام مانەوەکەی وەکو ژاپۆنی دوای هێرۆشیماو ناکازاکیەو بەرەی بەرگری" (حیزبوڵڵا، حوسییەکان و گروپەکانی عیراق) لەڕەوشی ئاشبەتاڵ دان، سەرچاوەی دارایی و لۆجستییان وشکبووە، لەوانەیە ئەم ڕەوشەی میلیشیاکان بۆشاییەکی گەورەی ئاسایش دروست بکات کە لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری کاتی، یان بە پێچەوانەوە، بەرەو جۆرێك لە ئاشتی زۆرەملێ لەژێر سایەی باڵادەستی ئەمریکا بڕوات.
ئەوەی ئەنجامی ئەم جەنگەی یەکلاییکردەوەو دیاریکرد، کە کێ جیهان بەڕێوە دەبات، (زیرەکی دەستکرد AI)بوو .
یەکێك لەسەرنج ڕاکێشترین پرسیار، ئایا زیرەکی دەستکرد (AI) شوێنی سیستمی لیبراڵ دەگرێتەوە؟
هەرچەندە زیرەکی دەستکرد خۆی لە خۆیدا "ئایدۆلۆژیا" نییە، بەڵکو ئامرازی هێزو تەکنەلۆژیایە، بەڵام کێ ئەم ئامرازە بەکاردێنێت؟
بێگومان سیستمی لیبراڵ، کە لەسەر بنەمای ئازادی تاك، هەڵبژاردن و دەوڵەتی قانون دامەزراوە، پێویستە خۆی لەگەڵ سەردەمەکە بگونجێنێت و زیرەکی دەستکرد کۆنترۆڵ بکات، چونکە زیرەکی دەستکرد دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی جۆرێك لە "دکتاتۆریەتی دیجیتاڵی" (Digital Authoritarianism)، بۆ نموونە سیستمی چاودێری توند، کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان، و پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤەکان، بەڵام لەواقیعدا زیرەکی دەستکرد هەموو ئەو هەنگاوانەی تێپەڕاندووە، شارەزایان باوەڕیان وایە AI شوێنی لیبرالیزم ناگرێتەوە وەك بیروباوەڕ، بەڵکو شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەگۆڕێت. ئەگەر وڵاتە دیموکراتەکان نەتوانن ڕێسای توند بۆ AI دابنێن، تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کۆمپانیایەك یان دەوڵەتە گەورەکاندا، ئەمەش بناغەی ئازادی لیبرالی لاواز دەکات.
یەکێك لەخاڵە دیارەکانی سیستمی نوێی ژێر سایەی AI کۆتایی بەدەسەڵاتی یەك حیزب و یەك بنەماڵە و گروپی چەکداری دەرەوەی دەوڵەت و تاکە کەسەکان دێنێت، کە مافی هاوڵاتیبوونیان لەخەڵك زەوتکردووەو شێوازی حوکمڕانی مێژوویی لەهێزی چەك و خوێنەوە دەگوازێتەوە بۆ سەروەری یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
ئەم دروشمە کۆتایی هاتووە(ئێمە خوێنمان ڕشتووەو شۆڕشمان کردووە، پێویسته حوکم بکەین بۆ هەتا هەتایە)
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی