پاشەکەوتی مووچە چارەسەری کێشەیەک بوو لە کێشە کەڵەکە بووەکانی ئەم هەرێمە

13/03/2019

بەهادین نوری

پاش پتر لە چوار ساڵ بەسەر پاشەکەوتی زۆرە ملی مووچە هەواڵی لابردنی ئەم پاشەکەوتە ڕاگەیەنرا . خەڵک بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی ، کە باجی قورسی ئەم پاشەکەوتە یاندا وە بە زاق و زوقی مناڵە برسیەکانیان ، پێشوازیەکی گەرمیان لەم هەواڵە کرد و هەقیانە ، دەبێ پیرۆزباییان لێبکرێ . ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی برسێتی و هەژاری و نەهامەتی لە هەرێمدا ، بەڵام نابێ وەها تەماشا بکرێ کە دەسەلاتداران داستانێکیان تۆمار کردووە بۆ ئەم میللەتە ، کێشەیەکیان چارەسەر کردووە . ڕاستی پرسەکە ئەوەیە کە حکومڕانانی هەرێم بەدەستی خۆیان ، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ، کێشەی پاشەکەوتیان خوڵقاند . دابەزینی نرخی نەوتیان لە ٢٠١٤ دا کرد بە بیانوو بۆ پاشەکەوت . ئەی بۆچی سەرەک وەزیرانی عێراق حیدرعبادی ، کە گەنجینەیەکی بەتاڵی لە نوری مالکی وەرگرت بە نرخی نزمی نەوتەوە ، بۆ ڕۆژێکیش نە پاشەکەوتی سەپان بەسەر کارمەندانی عێراقدا و نە بۆ یەکڕۆژیش مووچەی لە کارمەندانی بڕی ، کە چی حکومڕانانی هەرێم زێتر لە چوار ساڵ مووچەیان بڕی ! هەر لەسەرەتاوە دەیانتوانی فایلی نەوتی هەرێم تەسلیمی بەغدا بکەن و مووچەی هەرێمیش بخەنە سەر بە غدا . ئەی بۆچی ئەمەیان نەکرد ؟ چونکە ئەگەر بیانکردایە گۆڕەپانی گەندەڵکاری تەسکدە بوەوە . ئەمەش ، گەر چی قازانجی میللەتی کوردی تێدا بوو ، بەڵام زەرەری حکومرانانی تێدا دەبوو . حکومڕانان بە توندی نووسان بە فایلە چەورەکەی دارایی ئەم وڵاتەوە کە نەوت بوو . پاساوی پاشەکەوتی مووچە ، بە قسەی خۆیان ، ئەوە بوو کە بە خێرێ پڕاوەی کاروباری سەربەخۆیی ئابوری دەکەن بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ سەربەخۆیی سیاسی ! ئەمڕۆش دەیانەوێ لابردنی پاشەکەوت بکەن بە دەسکە گوڵی خۆیان گوایە ئەوان بە دبلۆماسیەتی نەرم و زیرەکانە توانیان بە غدا ئیقناع بکەن مووچەی هەرێم بنێرێ ! ئەگەر خۆشیان لە بیریان چووبێت خەڵکیتر لە بیریان نەچووە چەندە نەرم و زیرەک بوون لە دیبلۆماسیە تەکە یاندا بەرانبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تێلەرسن ، لە ڕۆژانی ڕیفراندۆمە کارەساتەکەی ئەیلولی ٢٠١٧ دا ، کاتێ ئەو بەرپرسە لە نامەیەکدا پێیوتن : 
ــ ( ئەمریکا دەبێتە کەفیل و بەرپرسیاری دەگرێتە ئەستۆی خۆی کە پاش دوساڵ ڕیفراندۆم بکری ئەگەر ئیستە ڕیفراندۆمەکە دوا بخرێ ) . 
وەلامە نەرمە دیبلۆماسیەکەش ئەوە بوو کە : ( بە قسەی عبدلبشر ناکەن و ڕیفراندۆم هەر دەکەن ) . ئەوە ڕیفراندۆمەکەیان کرد و هەموو جیهانیش ئەنجامی دیبلۆماسیەتە نەرمەکەیانی بینی : هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکانیان لەدەستدا لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ، و ئەو هەلەیان لە دەستدا کە جارێکیتر نایەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمی ئەو ناوچەیانە بە گوێرەی مادە ١٤٠ ی دەستور . 
پاشەکەوتی مووچە خاڵێ بوو لە پرسی گەندەڵکاری بەر بڵاوی ٢٨ ساڵی ئەم هەرێمەدا . لابردنی ئەم پاشەکەوتەش چارە سەرە بۆ تەنها ئەو خاڵە . نەک چارەسەری بنەڕەتی کێشە کەڵەکە بووەکانی هەرێم . لەم وڵاتەدا هەموو پێدا ویستیەکی واقیعی هەبوو بۆ بنیاتنان و گەشە پێدانی ئابوری و ڕۆشنبیری هەرێم و بەرز کردنەوەی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان بەو ڕێگەیەدا کە سەنگافورەی پێدا پێش کەوت لە شەستەکانەوە ئەگەر دەسەڵاتێکی خاوێن و دڵسۆز ، لە سایەی ڕژێمێکی دیموکراتی ڕاستە قینەدا ، دەستبە کار بوایە . بەڵام ئەوانەی لەم ٢٨ ساڵەی ڕابر دوودا هەرێمیان بەڕێوە برد کەشتیەکەیان بەرەو گێژە لوک و زریان برد نەک بەرەو کەناری ڕزگار بوون و ئارامی . نمونەیەکی بچووک : ئەوەی بنیاتنان وگەشە پێدانی ولاتی بوێ تاریکی ناخاتە سەر فایلی نەوت کە شادەماری ئابوری ئەم وڵاتەیە لە قۆناخی ڕابردوو ئیستادا ، ئەم فایلە لە پەرلەمان ( کە بەناو بەرزترین دەسەڵاتە ) و لە وەزارەتی دارایی هەرێم و لە ڕۆژنامەوانی و ڕای گشتی ناشارێتەوە ، تەسلیمی کارمەندێکی باوەڕ پێنەکراوی وەکو ئاشتی هەورامی ناکات کە بەناوی وەزیرەوە تەعین دەکرێت و هیچ پێوەندیەکیشی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نیە و هیچ کارو بارێکی ئەو تۆشیان لەگەڵ باس ناکات .
پێمان بڵێن ، برادەرانی حکومڕان ، بۆچی پەرلەمانی هەرێم ، کە زۆرینەی کورسیەکانی سەر بە حیزبەکانی خۆتانن ، بێئا گا کراوە لە فایلی نەوت ، لە بڕی بەرهەم هێنراوی مانگانە یان سالانە ، لەوەی کە بەکێ فرۆشراوە و بەچەند فرۆشراوە ، پارەکەی چی لێهاتووە ؟ جا ئەو خەڵکە چۆن گومان نەخەنە سەر حکومڕانانی وڵات ؟ چۆن تۆمەتبار تان نەکەن بە گەندەڵکاری ؟ 
بەڵێ لابردنی مووچە داخوازیەکی بە پەلەی کارمەندان و خانە نشینان بوو . بەڵام کێشەی مووچە نەدان چارەسەر نەکراوە . کە حکومڕانان لە بڕیاری پاشەکەوتیاندا وایان ڕاگەیاند ئەو پاشە کەوتە کۆ دەکرێتەوە و فلسێکی لێنا فەوتێ . دەبێ هەر واش بێ . دەبێ بەتەواوی بگێڕدرێتەوە بۆ خاوەنی خۆی . ئەو کاتە دەوترێ کێشەی مووچە چارەسەر کرا . دوای ئەوەش هێشتا ( ١٠١ ) کێشە دەمێنێ ، چاوەڕوانی چارە سەرە ! ئەگەر کارو بار وەکو ئەم ٢٨ ساڵەی رابوردوو ببرێ بەڕیوە ئەوە بە سەد ساڵیتریش کێشەکان چارە ناکرێن چونکە تا یەک کێشە چارە دەکرێ ٣ کێشەی تر دروستدە کرێن .
ئەگەر حکومڕانان بیانەوێ چارەسەری کێشە جۆراو جۆرەکان بکەن ئەوە زۆر بە ئاسانی دەکرێ : دامەزراندنی ڕژێمێکی دیموکراتی کە قۆڕخکاری دەسەلاتی تێدا نەبێ و تەزویر لە هەڵبژاردنا نەکرێ و دەستاو دەستی دەسەڵات ئاسایی بێت . 
بهادین نوری ١٣ / ٣ / ٢٠١٩

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی