دەستپێکی کۆتایی شەڕ یان چونە قۆناغێکی نوێ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرهاد میر محەمەد سادقی

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەگەرى هێرشى زەمینیى ئەمریکا بۆ سەر ئێران چەند جار خراوەتە ڕوو و ترەمپیش ئەوەی ڕەت نەکردووەتەوە. ڕۆژی سێشەممە هەندێک لە سیناتۆرە ئەمریکییەکان دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی کابینەی ترەمپ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لەم بابەتە، ڕایانگەیاند کە پێدەچێت ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێستا بەرەو جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکیی لە ناو خاکی ئێراندا بڕوات.

ڕیچارد بڵومێنتاڵ، سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی کۆنێتیکت، ڕۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنیی لێژنەی هێزە چەکدارەکانی سینات لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی و تووڕەیی توند لەو کۆبوونەوەدا، گوتی: "بە بڕوای من، گەورەترین نیگەرانیی من بەهۆی هەڕەشەیەکە کە لەسەر گیانی ئەمریکییەکانە، ئەویش لە ئەگەری جێگیرکردنی کوڕان و کچانی ئێمە لەناو خاکی ئێراندا. وا دیارە لەسەر ڕێگەیەکین کە بۆ دەستەبەرکردنی هەر کام لە ئامانجە ئەگەرییەکان، هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی ئێراندا جێگیر بکەین" .

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز کە پشت بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەبەستێت، ڕووسیا زانیاریی بە ئێران داوە بۆ بە ئامانج گردتنی کەشتی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا .

بەرێز بڵومێنتال بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتانە وتی: "یارمەتیدانی چالاکانەی ڕووسیا بۆ ئێران، ژیانی ئەمریکییەکان دەخاتە مەترسییەوە. بە مانای وشە، وا دیارە کە ڕووسیا بە شێوەیەکی چالاکانە و بە توندی لە ڕێگەی زانیاریی و پێدەچێت لە ڕێگاکانی تر، یارمەتی دوژمنەکانی ئێمە دەدات، چینیش ڕەنگە یارمەتی ئێرانی دابێت" .

کریس مورفی، سیناتۆرێکی دیکەی ئەمریکایی لە ویلایەتی کۆنێکت-یش، دوای کۆبوونەوەکە وتی: بەڕاستی هیچ ڕێگەیەک نییە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببەین، چونکە زۆربەیان لەژێر زەویدا شاردراونەتەوە، مەگەر هێرشێکی زەمینی دەستپێبکەین، کە تەنانەت زۆر کارەساتبارتر و ناپەسەندتر دەبێت .

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامی قسەکاندا ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆمار دەربارەی هێرشی زەمینی قسەی کردووە و وەک فەرماندەی گشتی بژاردەکان ڕەت ناکاتەوە. کەواتە من لە پشتڕاستکردنەوەی وتەکانی دیموکراتەکانی کۆنگرێس خۆم دەپارێزم، بەڵام سەرۆک کۆمار خەریکی بیرکردنەوە لەم بابەتەیە" .

«ئێن‌بی‌سی نیوز» ڕۆژی شەممە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆڕە تایبەتەکاندا لەمەڕ بیرۆکەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران ئارەزوویەکی جددی نیشان داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، بەرپرسێکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم گفتوگۆیانە، لێدوانەکانی بەڕێز ترەمپ سەبارەت بە ئارەزووی جددی بۆ ناردنی هێزی زەمینی، جەختکردنەوە نییە لەسەر هێرشێکی زەمینی فراوان بۆ سەر ئێران، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر بیرۆکەی بوونی هێزێکی بچووکی ئەمریکی بۆ ئامانجە ستراتیژییە تایبەتەکان. بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا هێشتا بڕیاری لەمبارەیەوە نەداوە و هیچ فەرمانێکی دەرنەکردووە .

لە ناو ئەم ئامانجە تایبەتانەدا، هەروەک چۆن بەڕێز مۆرفیش ئاماژەی پێدا، لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێرانە. بەڕێز ترەمپ ڕۆژی شەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەری هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی یەدەگی یۆرانیۆم لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا، هێزی زەمینی ڕەوانە بکات، وتی: 'لە ئێستادا ئەم کارە ناکەین، ڕەنگە لە داهاتوودا ئەنجامی بدەین .

لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی «ئەی‌بی‌سی نیوز» لە زاری مارک ئێسپەر، وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا، ناردنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران کە دەوترێت لە قووڵایی زەویدا و لە شوێنی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکانی ئێراندا حەشار دراوە، پێدەچێت پێویستی بە جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزە ئەمریکییەکان بێت لە ناو خاکی ئێراندا.

ئەو هۆشداریی دا کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی یۆرانیۆم "زۆر مەترسیدار" دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی «ئەی‌بی‌سی نیوز»، بە شێوەیەکی ئاسایی، ئۆپەراسیۆنەکانی هەڵکوتانە سەر لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە، تیمێکی بچووک لە هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لەخۆدەگرێت کە ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن، لە کاتێکدا هێزێکی گەورەتر ئاسایشی دەوروبەری سەر زەوی دابین دەکات و لە سەرەوەش پشتیوانی ئاسمانی فەراهەم دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی زەمینی.

بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، دابینکردنی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران، بەلەبەرچاوگرتنی ڕادەی فراوانی ئۆپەراسیۆنەکە، پێویستی بە جێگیرکردنی هێزێکی گەورەتر هەیە .

بە گوتەی بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەرکی هێزە تایبەتەکان بە دروستکردنی کەشێکی تەناهی (ئەمنی) دەست پێ دەکات تاوەکو "هیچ شتێک نەتوانێت بچێتە دەرەوە یان بێتە ژوورەوە". هاوکات هێزی ئاسمانییش ئاسایشی هێزەکانی دەوروبەر مسۆگەر دەکات.  ئەم بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا گوتی هەر جۆرە ئەرکێک لەلایەن حکومەتەوە هەڵبژێردرێت، کارکردنی هێزە تایبەتەکان بەم جۆرەیە کە: "دەچنە ژوورەوە، هەر شتێک بتوانن بیبەنە دەرەوە هەڵیدەگرن. ئەگەر شتێک مایەوە، دەیتەقێننەوە بۆ ئەوەی کەسی تر هەرگیز نەتوانێت بەکاری بهێنێت" . 

لەگەڵ ئەوەشدا، هەر جۆرە جێگیرکردنی هێزی زەمینی لە خاکی ئێراندا بە چوونە ناو قۆناغێکی نوێی جەنگ هەژمار دەکرێت و هێزە ئەمریکییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی جددی دەکاتەوە .

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «سی‌بی‌ئێس» گوتی کە پێی وایە جەنگ لەگەڵ ئێران تەقریبەن کۆتایی هاتووە.

بەڕێز ترەمپ گوتی: پێموایە شەڕەکە تەقریبەن تەواو بووە. ئێران نە هێزی دەریایی ماوە، نە پەیوەندییەکان و نە هێزی ئاسمانی. مووشەکەکانیشیان لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە. درۆنەکانیان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی درۆنەکانیشیان تێکشکێنراون .

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ئەگەر سەیری بکەن، دەبینن کە ئیتر هیچیان نەماوە، لە ڕووی سەربازییەوە ئیدی هیچ شتێکیان بۆ نەماوەتەوە" .

لەگەڵ ئەوەشدا، وا دیارە کە بەڕێز تڕەمپ هەروەها لەسەر لێدوانە دژبەیەکەکانی دەربارەی چارەنووسی جەنگی ئێران بەردەوامە. سەرۆکی ئەمریکا پێشتر پێشبینی کردبوو کە ڕەنگە شەڕەکە چوار تا پێنج هەفتە بخایەنێت .

ئەو ڕۆژی دووشەممە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا پێی وایە شەڕەکە دەکرێت بە زوویی کۆتایی بێت، گوتی: کۆتایی هاتنی شەڕکه تەنیا لە بیری مندایە، نەک هیچ کەسی تر .

وەرگێڕان لەفارسییەوە: حەمەدەمین سلێمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی