ڤيديۆى كەوتن و ئاڕاستەى درۆن و چەند سەرنجێکی ياسايى لەسەر ڕاگەياندراوەكەی فەرمانگەی ميديا و زانيارى.

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د.سامان فەوزی

ڕۆژى١٢-٣-٢٠٢٦ فەرمانگەى ميدياو زانيارى راگەياندراوێكى بڵاوكردەوه سەبارەت به قەدەغەكردنى وێنەی كەوتن و ئاڕاستەی درۆن و بڵاوكردنەوەی ئەو شوێنانەى دەكرێنە ئامانج-كه وێنەى دەقى ڕاگەيەندراوەكەم لەگەڵ ئەم نوسینە داناوە-ئێمە چەند سەرنجێکی ياسايى لەسەر دەردەبڕين:
١-بەگوێرەى چ بەندو مادده و ياسايەك پێدانى-تەنها پێدان نەك بڵاوكردنەوه-ڤيدیۆى كەوتن و ئاراستەی درۆن لەلايەن هاوڵاتيەوه به ميدياكاران قەدەغەيه؟! وه ئايا له ياساى چ وڵاتيك پێدانى ئەم جۆره گرته و زانياريانه به ميدياكاران-به تايبەتى ميدياكارى ناوخۆيى-قەدەغه و تاوانه؟! ئەگەر وەڵامەكەى ئەوەيه كه ئەم راگەياندراوە وەك رێنمايى وايه و قەدەغەى كردوه-كه ئەمەش جێگاى سەرنجه-ئەى ئايا سزای ئەم قەدەغەكراوە چەنده؟! چونكه بنەمايەكى دەستورى و ياسايى هەيه كه دەبێت لەكاتى جەنگيشدا جێبەجێ بكرێت و دەڵێت(لا جريمة ولا عقوبة الا بنص) واته هيچ رەفتاريك تاوان نيه و هيچ سزايەكيش نابێت بسەپێندرێت تەنها به دەقێكى ياسايى نەبێت.
٢-ئايا لايەنى چاودێريكار بۆ شێوازى مامەڵەى ميدياكار لەگەڵ روداوەكانی ئەم دوو هەفتەيەى رابردوو بريتيه له فەرمانگەى ميديا و زانيارى؟ ياخود بريتيه له سەنديكاى رۆژنامەنوسان و بەڕێوەبەرايەتى گشتى راگەياندن و چاپ و بڵاوكردنەوەى سەر به وەزارەتى رۆشەنبيرى؟
٣- له خاڵى سێيەمى راگەياندراوەكەدا هاتووه كه نابێت شۆێنى روداوەكان ئاشكرا بكريت دەنا هەر كەناڵيك پابەند نەبێت ئەوا رێكارى ياسايى توندى لەگەڵ دەگيرێتەبەر! لێرەدا دەپرسين ئايا فەرمانگەى ميديا و زانيارى هەڵدەستيت بەلێپرسينەوه-يان داواى لێپرسينەوه-لەو كەناڵە كورديه زەبەلاحانەى كه هەميشه شوێنى روداوەكان و پێکانى درۆنەكان ئاشكرا دەكەن؟! چونكه هەر دواى چەند كاتژمێرێك له بڵاوبونەوەى راگەيەندراوەكه ئەم داواكاريه لەلايەن هەندێك كەناڵەوه فەرامۆشكرا. دەبا چاوەرێ بكەين و بزانين ئەم لێپرسینەوەیە جێبەجێ دەكريت؟! وه بەسەر هەمووانيشدا وەكو يەك جێبەجێ دەكرێت؟!
٤-بێگومان شێوازى مامەڵەى راگەياندنەكان لەگەڵ ئەم روداوانەى ئاراستەكردن و كەوتنى درۆن و موشەكانەى ئەم دوو هەفتەيەى رابردوو جێگاى رەخنەو سەرنج و لێپرسينەوەيه، بەڵام چارەسەركردنى ئەم هەڵانەى راگەياندن پێويسته بەرێگاى راست و ياسايى بێت، نەك لەبەرئەوەى دۆخەكه خراپ و نەخوازراوە ئيتر ئەمه رەوايەتى بدات به دامودەزگاكانى حكومەت-بەبێ راگەياندنى بارى نائاسايى بەڕێكارى ياسايى-سنورەكانى ئازادى ميديايى بەرتەسك بكاتەوه! بەڵكو لەم كاتانەشدا دەبێت سەنتەرو رێكخراوەكانى پەیوەندار بە ئازادى ڕۆژنامەگەرى زياتر داكۆكيكاربن له ئامانجەكانيان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە