لەم ڕۆژانەدا زۆرترین قسە لەبارەی ئەوە کراوە کە رۆژنامەنووس و بەتایبەتی پەیامنێران رۆڵی جاسوس و رەسەد بۆ هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان دەبینن، من هەرگیز پەیامنێریم نەکردووە، بەڵام ئەوانە هەموویان هاوڕێ و هاوکاری بەڕێزی منن، ئێوەش ئەم پرسیارانە لەخۆتان بکەن، ئەوکات گوومان بکەن:
یەکەم: لەم سەردەمە پێشکەوتووەدا و بەم هەموو زیرەکی دەستکردە، جی پی ئێس و ئامرازی سەربازی و تەکنەلۆژی پێشکەوتوو هەن بۆ دیاریکردنی رەسەد و لۆکەیشنی شوێنی بەئامانجگیراو، کەواتە پێت وایە سوپای پاسداران و سوپای ئیسرائیل و حەشدی شەعبی چاوەڕێ ئەکەن پەیامنێرێک لە راستەوخۆیەکی سێ دەقەییدا شوێنێکیان بۆ ئاشکرا بکات کە خۆی نەیدیوە؟
دوەم: نەک زانیاری سەربازی و هەواڵگری، لەم وڵاتەی ئێمەدا زانیاری زۆر ئاسایی و سادە، دەست رۆژنامەنووس ناکەوێت، چجای بگاتە سەر زانیاری هەستیار و راستەقینەی ئەمنی.... زانیارییەک کە دەست دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دراوسێمان نەکەوێ، چۆن دەست رۆژنامەنووسێکی سادە دەکەوێت؟
سێیەم: لەڕووی لۆکەیشن و شوێنی بەئامانجگیراوەوە، ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج، هیچ رۆژنامەنووسێک بە کیلۆمەرێکیش لێی نزیک نەبووەتەوە نە لە ئێستا نە لە رابردوو، بۆنموونە؛ بنکەی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر، چ رۆژنامەنووسێک بینیویەتی؟ ئاساییشی گشتیی لە سلێمانی چ رۆژنامەنووسێک لەودیو سیاجەکەشەوە چاوی پێی کەوتووە؟.... ئێ کە رۆژنامەنووس نەچووبێتە شوێنێک چۆن دەبێتە جاسوس بەسەریەوە؟
چوارەم: یەکێک لە تێبینییەکان ئەوەیە کە رۆژنامەنووسان دوای هێرشەکان شوێنی بەئامانجگیراو پێشان دەدەن، ئەمە سەرەتاییترین ئەرک و کاری رۆژنامەوانییە، رۆژنامەنووس و میدیا ئەرکیانە کاتێک شوێنێک دەکرێتە ئامانج زانیاری لەبارەیەوە بدەنە خەڵک، بۆئەوەی خەڵک لەگەڵ ترسەکەی گوومانیشی بۆ زیاد نەبێت، ئەگەر شوێنێکیش بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی گرنگە و هەستیارە و نابێت باس بکرێت، ئەوا هەر لە بنەڕەتدا لەکاتی ئاساییشدا رێگە نەدراوە رۆژنامەنووس نزیکی بکەوێت نەک لەکاتی بۆردوومان و بەئامانجگرتندا، بۆ نموونە چ رۆژنامەنووسێک چووەتە ناو فڕۆکەخانەی هەریر؟ چ رۆژنامەنووسێک چووەتە ناو کونسوڵخانەی ئەمریکا؟ چ رۆژنامەنووسێک ئەو نووسینگەیەی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانی بینیوە کە لە سلێمانی کرایە ئامانج؟... نەک رۆژنامەنووس، چ بەرپرسێکی باڵای کوردستان دەزانێت لە (گردەکەی یو ئێن ) لە سلێمانی چ باسە؟ ئیتر چۆن رۆژنامەنووس دەتوانێت جاسوسی بەسەر ئەو شوێنانەوە بکات؟.....
بۆیە هیوادارم ئیتر واز لەم قسە بۆشو بەتاڵە بهێننو هێرشی سەر ڕۆژنامەنوسان ڕابگرن...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی