وەستانی خزمەتگوزارییەكانی فەیسبوك

14/03/2019

لوقمان حەوێز

بەم لێكدانەوانەی خوارەوە كە بۆچوونی خۆمە نامەوێت توشی دڵەڕاوكێتان بكەم، بەڵام پێم باش بوو ئەم بۆچوونەم بخەمەڕوو بۆ ئێوە دوای ئەو تێكشێوانەی دوێنێ كە بەسەر خرمەتگوزاریەكانی فەیسبوك هات و گەورەترینیان و پڕشەرمەزارترینیان بوو لەوەتەی دروستبوونی...

فەیسبوك لەوانەیە كۆنتڕۆڵی پلاتفۆرمەكەی خۆی بەتەواوی لەدەست خۆی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو خزمەتگوزاریەكانی ئەم كۆمپانیایە تۆڕی ئینتەرنێت بەكاردێنێت و ئەو تۆڕەش جیهانیە و بەتەنیا یەك خاوەنی نیە، هەروەها لە ئێستادا هیچ لایەنێك كۆنتڕۆلی تەواوی بەسەر ئەو تۆڕەدا نیە لە جیهاندا، بۆیە ئەم جۆرە تێكشێوانانە بەردەوام دەبن لە ڕوودان، ئەم وەستان و تێكشێوانانە نەوەك تەنیا بەسەر فەیسبووك دێن بەڵكو لەوانەیە هەموو ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی خزمەتگوزاریەكانیان لەڕێگەی ئەم تۆڕە دەگوازنەوە بەدوور نەبن لەم تێكشێوانانە و لە هێرشە ئەلیكترۆنیەكان بەگشتی وەكو گوگڵ و ئەمازۆن و زۆربەی دامەزراوە گشتی و تایبەتیەكانی تریش، بەداخەوە تا ئێستا هیچ ڕێكەوتنێكی جیهانی تۆتمە نیە بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی ئەم تۆڕە جیهانیە گرنگە، تا ئێستا ئەمەریكا و چین و ڕوسیا و یەكێتی ئەوروپا كە بەهێزترین و كاریگەرترینی لایەنەكانن لەجیهان ڕێكنەكەوتوون لەسەر ڕێكخستن یان كۆنتڕۆلكردنی تەواوی تۆڕی ئینتەرنێت...

تۆڕی زانیاری ئینتەرنێت لەگەڵ ئەو گرنگیەی كە هەیەتی، بەڵام بەداخەوە وەكو شوشە ناسكە، ئەوەندە ناسكە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ناكۆكی و شەڕێكی گەورە لە جیهان، یاخود ڕوودانی كارەساتی سروشتی گەورە یەكەم شت دەبێت لەگەڵ سەتەلایتەكان لەكاردەكەون، تۆتمەترین هۆكاری پەیوەندیكردن تا ئێستا لە جیهان شەپۆلەكانی ڕادیۆن (شەپۆڵی درێژ و مامناوەندی و كورت) لەگەڵ ئەوەی سەرەتایی ترین هۆكاری پەیوەندیكردنە، هەر بۆ زانیاریتان تا ئێستا لەهەموو دامەزراوە سەربازی و هەستیارەكانی جیهان ئەم هۆكارەی پەیوەندیكردن واتە پەیوەندی ڕادیۆیی هێڵراوەتەوە لەبەر ناسكی هۆكارە نوێیەكانی تر...

لە ئێستادا كۆمەڵێك ململانێ و كێشەی هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەكراو هەیە لە جیهاندا كە لەهەموو كاتێك ئەگەری ئەوە هەیە تەشەنە بكەن و ببنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ، هەروەها ئەگەری ڕوودانی كارەساتە سروشتیەكانیش لەزیادبوونە، بەبۆچوونی من پێوستە لەهەموو ماڵێك ڕادیۆیەكی شەپۆلی كورت هەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەو كاتانە، هیوادارم هیچ كێشەیەكی وەها ڕوونەدات، بەڵام وەستان و تێكشێوانی سەرتاسەری خزمەتگوزاریەكانی كۆمپانیایەكی خاوەن پتر لە 400 ملیار دۆلار بەم شێوەیە جێگەی سەرنجە و پێمان دەڵێت لەگەڵ هەموو پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆژیەكانیش، بەڵام لە ئێستادا لە جیهانێكی زۆر جیاواز دەژین بەبەراورد بە پێش چەند دەیەیەك، جیهان و شارستانیەتەكەمان ئەگەر هەمان بێت هێشتا زۆر سەرەتایی و ناسكە...

لوقمان حەوێز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی