سەرکوتکردن لەڕێی دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکان

24/04/2019

رێبین فەتاح


دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکان دەرکەوتەیەکی نوێ نییە لەژیانی سیاسی و بەکارهێنانی لە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا. ساڵانی ڕابردوو تا ئێستا ئێمە شایەدحاڵی چەندین دۆسیەی لەو شێوەیە بووین، دژ بە دادوەر، ڕۆژنامەوان، پەرلەمانتار و کارەکتەری سیاسی و مەدەنی کرا.

لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی دا، لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان دا، هەریەک لەوان چەندین نموونەی هاوشێوەیان هەیە، چ حزبە حوکمڕانەکانی وەک پارتی و یەکێتی و چ ئەوانەی وەک گۆڕان، لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەتایبەت کاریان لەسەر ئەو تیرۆری کەسایەتییە لەڕێگەی دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی کەسە نەیارەکانیان کردووە.

نموونەکان زۆرن، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە خولی ڕابردوودا، کچە کاندیدەکەی پارتی لە هەڵبژاردانی پێشتردا، تەنانەت یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هەر خودی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیەیش لە ساڵانی زۆر پێشتردا بوون دەست بۆ ژیانی تایبەتیان بردرا، چەندین ڕۆژنامەوانیش بەهەمان شێوە کە بە هۆیەوە بەشێکیان بێدەنگبوون و بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆتاییان پێهێنرا و بەشێکیشیان بەناچاری بوون بە قەڵەمی ئەوانەی بە خستنەڕووی ژیانی تایبەتییان خرانە ژێر هەڕەشە و فشارەوە.

لەو نموونانەی لەبەردەستمانن، دەبینین ژن و پیاو پێکەوە قوربانی ئەو تاوان و بێ ئەخلاقییەن کە خۆی لە دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتییان دەبینێتەوە، سەرەڕای ئەوەی وەک دەردەکەوێت فشارەکە لەسەر کچان و ژنان زیاتر دەردەکەوێت، ئەوەش بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ خودی ژن.

ئێستا کە شادی نەوزاد کچە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، ئازایانە ئەو هەڕەشەیە دەخاتە ڕوو کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە(بەدەنگهاتن و ئازایەتییەکەی شایانی ئافەرینە)، بۆمان دووپات دەکاتەوە؛ نەوەی نوێ، عەقڵ و ئەخلاقێکی نوێ نییە لەبەڕێوەبردنی ململانێ و بەڵکو میراتگرێکی شەرعی هەمان ئەو نەوە کۆنەیە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا، یەکێک لەڕێگەکانی بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگە و نەیارەکانی بەکاری دەهێنێت، دەستبردنە بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکان و تیرۆرکردنی کەسێتی کۆمەڵایەتییان.

شادی پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، چونکە قوربانییە، چونکە تاوانی لەدژ کراوە، چونکە ژنە و ئەو کۆمەڵگەیەش پێویستی بە هاتنە پێشەوەی ژن و ڕەخساندنی دەرفەتێکی کراوەتر و مرۆییانەتری لەمەڕ ژنان هەیە.

یەکێک لە کاریگەرییە هەر مەترسیدارەکانی پشت ئەو کردە نائەخلاقییە، هەر تەنیا تیرۆری کەسایەتی کەسی قوربانی نییە، بەڵکو تۆقاندنی هەموو ئەوانەیە دەیانەوێ لە پانتایی کومەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی ... هتد کۆمەڵگەی کوردستانیدا بەشداریی و ئامادەییان هەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی