واعیزەكانی سوڵتان لەنێوان پیاوی خودا و دەستەڵاتدا.

27/04/2019

عەلی عەبدولسەمەد

واعیزەكانی سوڵتان، یەكێكە لە كتێبە گرنگەكانی  كۆمەڵناسی عێراقی عەلی وردی، كە  چەندین ڕوداو و چیرۆكی مێژووی، لەمێژووی ئیسلام دا باسكردووە، سەبارەت بە داكۆكیردن و پاڵپشتیكردنی واعیزو وتار بێژە ئاینیەكان لەسوڵتان و خەلیفەكان. واعیزەكان لەمێژوودا چەكێكی گرنگ بوون بۆ سوڵتان و خەلیفەكان, لەڕێگەی دروستكردنی هەستی خۆشەویستی و گوێڕایەڵی بۆ سوڵتانەكان لەلای خەڵك، بەو پێیەی واعیزەكان هەفتانەو بەردەوام بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكی دا هەبووە و كاریگەریان لە سەر دروست كردوون. بەشێك لە واعیزەكان بەدرێژایی مێژوو،  هەمیشە بوونەتە پەردەیەك بۆ شاردنەوەی هەڵەو ستەمی خەلیفە و سوڵتانەكان لەلای خەڵك. بەردەوامبوونی  دەستەڵاتی خەلیفەو سوڵتانەكان لەگەڵ بوونی سوپایەكی بەهێزو تۆكمەدا، بوونی واعیزو وتاربێژەكانی ژێر دەسەڵاتیان كاریگەری هەبووە لە دروستكردنی كۆمەڵگایەك كە گوێڕایەڵی دەسەڵاتی خەلیفە بكات و كارەكانی ئەو بە فەرمانی خودای بزانێت. خەلیفە و سوڵتانەكان هەمیشە لەڕێگەی واعیزەكانەوە لەهەوڵی ئەوەدابوون كۆمەڵگایەكی بێدەنگ و بێ هەڵوێست دروستبكەن،  هەتا بتوانن دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیان بپارێزن و بەردەوام بێت،  زۆرێك لەو واعیزانەی كە لە دەرباری سوڵتانەكان دا بوون، لەپێناو دەستكەوتی مادیان لەلای سوڵتان و خەلیفەكان، پاڵپشتیان لەوان كردووەو بێ دەنگیان هەڵبژاردووە لە بەرانبەر  ستەم و نادادپەروەری و خراپەكاریەكانیاندا.

بەهەمان شێوەی ڕابردوو،  بەردەوام بینەری دووبارە بوونەوەی ئەو مێژووەین، لەئێستادا زۆرێك  لەدەسەڵاتداری وڵاتە ئیسلامییەكان كەخۆیان بەخەلیفەو سوڵتانی مسوڵمانان دەزانن، بەهەمان شێوەی ڕابردوو خۆیان خاوەنی دەیان كۆمپانیایی بازرگانی و   سەدان ملیار دۆلارن و  لەناو كۆشك و ڤێلای ڕازاوەدا دەژین و میللەتەكانیشیان دووچاری دەیان قەیران و گرفت كردۆتەوە. بەهەمان شێوەی ڕابردوو دەبینین , زۆرێــك لە واعیز و بانگخوازەكان پاڵپشتی دەسەڵاتدارێتی فەرمانڕەواكان دەكەن و  دەرچوون لەفەرمانیان بە لادان لە بنەماكانی ئاین و خودا لەقەلەم دەدەن.

بە درێژایی مێژوو  و ئێستاش  ئەم تایپە لە پیاوی ئاینی مەترسیدارترین چینێك بوون كە پاڵپشتی ستەمكاریان كردووە و لەپێناو دەستكەوتی مادی  و كەسی خۆیاندا ئاین و پەیامە ئاسمانیەكانیشیان كردۆتە قوربانی. كارەساتەكە لەوە دابووە نەك پاڵپشتی خەڵكی ستەملێكراو  نەبوون، بەڵكو داواكردنی دادپەروەری و مافی خۆیشیان بە دەرچوون لە ئەمری ئیلاهی لەقەڵەم داوە.  هه روه ك، عەلی وەردی دەڵێت، پیاوەئاینیەكان وازیان لە ستەمكاران هێناوە  هاتوون، ئامۆژگاری ستەملێكراوان دەكەن.

عەلی عەبدولسەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی