بڕوانامە چی لەژیانی ئێمە دەگۆڕێ؟

30/04/2019

هۆرڤان رەفعەت

کاتێک هەر وڵاتێک بیەوێت باس لە پێشکەوتنی وڵاتەکەی بکات، راستەوخۆ دەست بۆ نیشاندانی ئامارەکانی ڕێژەی خوێندەواری لەوڵاتەکەی یاخود و نیشادانی ڕێژەی بونی زانکۆ و  پەیمانگا و ناوەندە ئەکادیمییە لێکۆڵینەوە پێشکەوتووەکانی دەبات، چونکە بونی هەر تاکێکی خوێندەوار و بونی هەر ناوەندێکی ئەکادیمی، وەکو پلیکانەیەک وایە بۆ سەرکەوتن و بەرزبونەوەی ناوی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی تۆمارە زانستییەکانی جیهان.

لەڕاستیشدا ئەگەر تەماشای خەڵکانی بڕوانامەدار بکەیت ئەوا ئەو کەسانە، دەبنە کەسانی بڕوا پێکراو و هەتاوەکو پلەی زانستی کەسەکەش بەرزتر بیت بەکاریگەرتر و گوێلێگیراوتر تەماشا دەکرێت.

 لەڕویی فەلسەفیشەوە ئەو کەسەی کە خاوەنی بڕوانامەیەکی دبلۆم یان بەکالۆریۆس یان بەرزترە لەدەرئەنجامی شەونوخونی و ماندوبون و هەوڵدانێکی زۆر بووەتە خاوەنی ئەو بڕوانامەیە، هەڵبەت ئەگەر بەرێگای دروست، بەدەستی هێنابێت، ئەوا ئیتر لە شوێنکەوتنی قەرەباڵەغی و بون بەمەڕی ژێردەستەیی و بێ ئامانجی رزگاری دەبێت.

بەمانایەکی دیکە ئەو کەسەی بڕوانامەدارە دەبێت بەتەواوی جیاواز بێت لەو کەسانەی کە بڕوانامەیان نییە یاخود قۆناغەکانی خوێندنیان تەواو نەکردوە.

ئێمە کە بەخۆمان دەڵێن بڕوانامەدار یان بە وشە ناوخەڵکییەکەی "شەهادەدار"، دەبێت هیچ دەرفەتێک نەهێڵینەوە بۆ ئەو رستەیەی کە دەڵێت، "عەقڵ بە بڕوانامە نییە"، یان ڕێگە بە وتنی ئەو رستەیە نەدەین کە دەڵێت "نەخوێنەواری واهەیە بەقەدەر ١٠ مامۆستای زانکۆ و بڕوانامەدر عاقڵترە".

نامەوێت بابەتەکە بەو شێوە ببینرێت کە دروستکردنی جیاوازی بێت لەنێوان کەسانی بڕوانامە دار و بێ بڕوانامە، بەڵکو ئەوەی دەمەوێت بڵێم:
"ئەگەر تۆ ئامادەبویت ماوەی زیاتر لە ١٦ ساڵی ژیانت بەفیڕۆ بدەیت، بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەیەکی وەک بەکالۆریۆس، ئەوا دەبێت بەهیچ شێوەیەک رازی نەبیت کە شوێن کۆمەڵە یان تاکێکی دیاریکراوی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا فیکری بکەویت کە دەستیان هەبێت لە تێکدان و کاولکردن و خراپکردنی ژیان و گوزەرانی تۆی بڕوانامەدار و خەڵکی دیکەی بێ بڕوانامە و کۆمەڵگاکەت".

"ئەگەر تۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی تەمەنت بەفیڕۆ دەدەیت لە بەدەستهێنانی بڕوانەمەیەکدا ئەوا نابێت رازی بیت بەشێوەیەک بژیت کە هەمان ئەو کەسانە بژیت کە ئەو ماوەی ٢٠ ساڵە نەیان خوێندووە و دەبێت بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هونەرێکی نوێ لەخوێندنەکەی خۆتدا و دروستکردنی جیاوازییەک بەبەراورد بە هاوبڕوانامەدارەکانی خۆت جیاوازییەک دروست بکەیت و خۆت ڕەنگرێژکەری رێگای سەرکەوتنی خۆت بیت".

"لەهەمووی گرنگتریش ئەوەیە لە هەر قۆناغێکی ژیانتدا ئەگەر هات و زانیت ئەو بڕوانامەی لەڕێگای بەدەستهێنانیدایت، ناتوانێت خزمەتێکی ئامانجەکانی خۆت و ژیانت بکات راستەوخۆ وازی لێبێنە و بڕۆ ئیشێکی دیکە بکە، کە لەروی ماددی و مەعنوییەوە یارمەتی خۆت بدات و هەرگیزیش چاوەڕێی دامەزراندنێک مەکە کە بەموچەیەکی دیاریکراوەوە سەرجەم ژیانت بەو شێوەیە بەڕێ بکەیت".

بەڕای من باشترین کاریش کە مرۆڤ بیکات، دەبێت خۆی بکات بە ناوەند و ببێت بە تاکێکی کاریگەر و ببێتە ناوەندی دابەشکردنی ئومێد و زانست و سەرمایە هەڵبەت ئەویش لەسەر بنەمای ئەو هەوڵدانەی کە لەژیانتدا داوتە بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکانت.

هەروەها هەرگیز ئامادە مەبە نرخێک لەسەر خۆت و بڕوانامەکەت و ئامانجەکەت دابنێیت بۆ بەدەستهێنانی پاداشتێکی پارەیی بەڵکو بەڕەنگ ڕێژکردنی رێگاکانی سەرکەوتنی خۆت هەوڵی بەدەستهێنانی نیشاندانی گرنگی کەسایەتی خۆت و بڕوانەمەکەت و هەموو شتە خودییەکانی خۆت بدە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە بەڵێ بڕوانەمە شتێک لەژیانی تۆ دەگۆڕێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی