لەدادگایەکی باژێری ئاغوس لەدوورگەی[یولاند]دوێنێ ئیمام ئوسامە محەممەد ئەلسەعدی سزای 1.5(ساڵ و نیوێک) زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم مەلایە ساڵی ٢٠٠٠ ڕەگەزنامەی دانیمارکی وەرگرتووە ، لەڕابردوودا ئیمامی مزگەوتی گریمهۆی بووە.
هۆکاری سزاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساختەکاری لە سیستەمی هاوکاری گشتی یا کۆمەڵایەتیدا کە بە [سۆشیال] ناسراوە.
لای [کۆمۆن] وای نیشانداوە لە هاوژینەکەی کە کچی مامی خۆیەتی جیابووەتەوە،جا لەم حاڵەتەدا ئەو هاوکاریە داراییەی کە وەریدەگرن دەبێتە دەبڵ.وێرای وەرگرتنی پارەی دووقات و بڕێک ئیمتیازات ، زۆر جار یەکێک لەخانوەکان بەڕەش ئەدەن بەکرێ کە ئەمەش پارەیەکی زیادەیە دەچێتە گیرفانیان.
ئەم فرتوفێڵ وساختەکاریە جاران زۆربوو بەڵام لەئێستادا کەمبووەتەوە، ئەویش بەهۆی زیادبوونی ئەزموونی فەرمانبەران و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، لەوانە دانانی کامێرای شاراوە لەنزیک ماڵەکانیان.
پاش چوارساڵ ئەوجا دەسەڵاتداران پاش بوونی جۆرەها بەڵگەی سەلمێنەر درانە دادگا.
جگەلە خۆی هاوژینەکەیشی بەهەمان سزاگەیشت،وەدەبێ ئەو پارەیە بگێرنەوە بۆ خزنەی کۆمۆن کە برەکەی(٧٣٨٠٠٠) کرۆنی دانمارکیە کە بەدۆلار دەگاتە کەمتر یا زیاتر لە [١١٣٠٠٠].
جگە لەم ساختەکاریە مەلا ئوسامە پارەی لە کۆمپانیایەکی متمانە کێشاوەتەوە، {١٨٠٠٠} کرۆنی لێسەندون گوایە جامی سەیارەکەیان شکاندوە و لاپ تۆپ و شتی دیکەیان دزیوە،پاشان دەرکەوت ئەمەش ساختە بووەو هیچی لێنەدزراوە.
ئابڕووچوون ئەمما ئابڕوچوون
سرووشتی مرۆفی دانمارکی وایە کە قسە لەزۆر بابەتدا ناکەن بەتایبەت گەر پەیوەندی بەژیانیانەوە نەبێت بەڵکو هەڵی دەگرن بۆ کەسانی پەیوەندیدار،بەڵام لەمەدا خۆیان بۆکۆنترۆڵ نەکرا بەوەی چەندین بابەتیان بەوێنەی ئیمامەکەوە لە فەیسبووک دابەزاند.
زۆربەی نووسینەکان لەوەدا کۆدەبنەوە کەدەڵێت[دەرگامان بۆت کردوەتەوە،مافی نیشتەجێبوون و شوناسنامەت پێدراوە، نەخۆت و نەهاوژینەکەت کارناکەن ،ئەمانەمان هەموو قەبوڵە، کەچی لەسەری ئەمانەوە دێت و ساختەکاری دەکەیت و لە ڕەنجی ماندووبوونی ئێمە دەدزیت.
شەرمەزاری زیاتر لەوەدایە کە هێشتا دەیەوێت خۆی بەشەریف و پاک بزانێت و دەڵێت هیچ بەرژەوەندیەکم نیە لە پێشێلکردنی یاسادا.
هەردوێنی لەفەیسبووک وەک پاکانەیەک ڕوونکردنەوەیەکی بەزمانی عەرەبی نووسی کە خۆزگە نەینووسیایە،لەبری ئیعترافکردن بە ساختەکاریەکەو داواکردنی لێبووردن لە دانمارکیەکان ومسوڵمانانی دانمارک هاتوە باسی چەندین ساڵەی خزمەتی ئیسلام دەکات کەگوایە دانمارکیەکان حسابیان بۆ ئەو خزمەتەی نەکردوە و تاوانباریشی دەکەن بەساختەکار .لەوەڵامدا کۆمەڵێک کۆمەنتی کەمەرشکێنی بۆهات کە نەیتوانی وەڵامیان بداتەوە،بۆنمونە ؛ ئەو خزمەتەی تۆ بۆ ئیسلام چ پەیوەندی بە دانماررکیەکانەوە هەیە ،یانی دەبوو چاوپۆشیت لێبکەن لەبەر خزمەتی ئیسلام؟ ئەی نازانیت ئەوان یاسا جێبەجێ دەکەن بەسەر هەموواندا.یەکێکی تر بۆی نووسیوە خۆزگە خزمەتی ئیسلامت نەکردایە بەڵام دزیت لەو وڵاتە نەکردایە کە داڵدەیانداویت و حسابی مرۆڤت بۆدەکەن.
ئەوروپیەکان بەگشتی خاوەنی کەلتوورێکی جوانن کەئەویش کەلتووری داواکردنی بەخشینە،هەر بەرپرسێک لە هەر ئاستێکی حیزبی یا ئیداری و حکومیدا بێت گەر هەڵەیەک یا موخالەفەیەکی لێ ئاشکرا ببێت باگەر مخالەفەکە زۆر بێ بەهاش بێت، دێت لەڕێگەی میدیاوە داوای لێبووردن دەکات کە زۆر جار دەستلەکار کشانەوەشی بەدوادا هاتوە،کەچی ئەم مەلایە هێندە بێ شەرمە لەبری داوای لێبووردن هێشتا خۆی بە مەغدوردەزانێت و وەک بڵێی داوای چاوپۆشی دەکات لەکارە نایاساییەکانی.
مەسەلەی ساختەکاری لە ئەوروپا لەنێو (ڕۆژهەڵاتیەکاندا) زۆر بەربڵاوە،جا ئەمە تەنها ئیمانداران ناگرێتەوە بەڵکو هەموو جۆرە کەسانێک دەگرێتەوە لەئیماندارو بێ ئیمان ،واتە کارەکە پەیوەندی بە ویژدان و ڕێزگرتن لەو وڵاتە هەیە کە دەرگایان بۆ هەمووجۆرە کەسێک کردوەتەوە،بەڵام دیاردەیەکی باو لەنێو هەندێک لەمسوڵماناندا هەیە کە غەش و ساختەکاری بەجیهاد دەزانن بۆیە لەنێویاندا زیاتر تەشەنەی کردوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی