دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادی!

30/04/2019

هێمن شەمام



لە دوای دەرکەوتن و راگەیاندنی ریکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق و سوریا لە ساڵی (۲٠۱٤) ویەکەم وتاری بەناو خەلیفەی موسڵمانان لە مزگەوتی (نوری ی گەورە) لە شاری موسڵ لە بەرواری (٤/٦/۲٠۱٤) تا رۆژی دووشەممەی (۲۹/٤/۲٠۱۹) ئەبوبەکر بەغدادی کەمترین دەرکەوتن و پەیام و وتاری هەبووە تەنانەت بۆ کەناڵە راگەیاندنەکەی خۆشیان کە (الفرقان)ە و سەرجەم چالاکی و کردەوە تیرۆستییەکانی ریکخراوەکە بڵاو دەکاتەوە.

کۆمەڵە پرسیارێک لێرەدا خۆیان دەسەپێنن ئەویش ئەمانەن:

ئایا دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادی لەو کاتەدا بۆچی مەبەستێکە لەکاتێکدا ریخکراوەکەی بەتەواوی لە رووی سەربازییەوە تێکشکاوە و تەنها لە ڕووی بیرە توندڕەوییەکەیەوە ماوەتەوە و تەنانەت هیچ شوێنێکیشی بەدەستەوە نەماوە؟.

ئایا دەرکەوتنەوەی بەغدادی پەیوەندی بە تیکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی سعودییە و ئیمارات لەگەڵ تورکیاو قەتەری جەمسەری ئیخوانەکانەوە هەیە لە کاتیکدا هەر لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژە بە تەقینەوەکانی سریلانکاو نایجیریا و ناوچەی (الزلفی) لە سعودیە دەکات و بەرپرسیارێتییان دەگرێتە ئەستۆ؟.

ئایا پەیوەندی بە دوایین بریاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئیران هەیە سەبارەت بە راگرتنی هەناردە کردنی نەوت بۆ دەرەوە؟.

ئایا پەیوەندی بە بریاری ئیسرائیل بۆ خاوەندارێتی (بەرزاییەکانی جۆلان)ەوە هەیە؟
بۆچی ئەبوبەکر بەغدادی و ریکخراوەکەی تائیستا بەرامبەر ئیسرائیل هیچ ناڵێن؟
هەر بەراست ریکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام سەر بە کام دەوڵەت  و ئایدۆلۆژیایەو دروست کراوی کێیە و بۆ لێدانی کێ لە ناوچەکە دروست کراوە؟
دەرکەوتنی بەغدادی بەڕیشێکی سپی و خەنەکراو و داپۆشراوی ڕووی ئەوانەی لەگەڵیدا دەردەکەون چ پەیامێکە و ئاراستەی کێ دەکرێت لە ئیستادا؟

ئایا ئەمە سیناریۆیەکی نوێ ی وڵاتانە بۆ نانەوەی پشێوی  لەناوچەکە و دەسکەوتنی قازانج و سود، یان بۆ رێکەوتن و پاراستنی پەرژەوەندییە ئابوری و سەربازییەکانیانە؟.

وەک دەزانین ئەبوبەکر بەغدادی تەمەن (٤۷)ساڵی لەدایکبووی عێراق، لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە داواکراوە و بڕی (۲٥) ملیۆن دۆلار وەک خەڵات تەرخانکراوە بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر شوێنەکەی بەدەستەوە بدات.

بۆ بیرهێنانەوەش ئوسامە بن لادن و ئەبو موسعەبی زەرقاوی لە دوای دەرکەوتنیان لە دوو ڤیدیۆی هاوشێوەدا لەناوبران و کۆتاییان پێهێنرا.

ئەوەی زانراویشە ئەم ڤیدیۆیە لەمانگی (٤/۲٠۱۹) تۆمار کراوە چونکە بەغدادی ئاماژە بە کۆتایی هاتن و دۆڕانی ریکخراوەکەی لە شەڕی (باغۆز) دەدات.

داهاتوو دەریدەخات ئەو دەرکەوتنەی بەغدادی لەوکاتەدا بۆچ مەبەست و مەرامێکە.

هێمن شەمام

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی