بۆ مێژوو

01/05/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

شەوێك بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018، دوای ئەوەی پارتی لە ڕێگەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی هەرێم، بە هاوكاری نوێنەرانی (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆمسیۆن)، بڕیارێكی دەركرد لەبارەی بەكارهێنانی نفوس ( ناسنامەی باری شارستانی ) و ڕەگەز نامەی عێراقی ( جنسیە) بۆ ڕۆژی دەنگدان، ئەو شەوە ناكۆكییەكی زۆر كەوتە نێوانی پارتی و یەكێتیی، چونكە یەكێتیی بە تەنها نفوس، یان جنسیەی عێراقی ساختەكردبوو، لەبەرامبەریشدا پارتی هەردووكیان تەزویركردبوو، خەریكی جێبەجێكردنی پلانەكەی خۆی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەیوست لە دواساتەكان پلانەكەی یەكێتیی بۆ تەزویری گەورە تێكبدات.

ئەو شەوە سەركردە باڵا دەستەكانی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەو لەگەڵ ئەو شاندەی یەكێتیی كە ئەوكات لەبەغدابوون، بڕیاربوو رێگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بگرن لە سنووری كۆیە سلێمانی و هەڵبجە، بەڵام لە لایەكی دیكە قوباد تاڵەبانی لەسەر هێل بوو، لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە، بەڵام هەوڵەكەی بێ ئاكام بوو، ناچار درەنگانی شەو بە بڕیارەكەی كۆمسیۆن ڕازی بوو.

مەكتەبی سیاسی بڕیاری خۆیاندابوو، كە دەرگای هەموو وێستگەو بنكەكانی هەڵبژاردن لە سنووری خۆیان دادەخەن، بەڵام قوباد تاڵەبانی رێگری لەم كارەكرد وەكو سەرۆكی لیستی یەكێتیی.

هەرچەندە یەكێتیی ساختەكاری ئەنجامدا لەم هەڵبژاردنەی ڕابردوو، بەڵام پارتی لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلول، ساختەكارییەكی گەورەی ئەنجامداو ژمارەی كورسییەكانی خۆی گەیاندە 45 كورسی، لەبەرامبدا یەكێتیی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكە بە پلانەكەی پارتی تێكەوتن.

لە دوای ئەوەی پارتی بووە زۆرینەو لایەنەكانی دیكە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خەریكی پاڕانەوەبوون لە پێناو وەرگرتنی پۆستێك، بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیی پێیانوایە: هەموو ئەو سازشكردنەی ئێستا یەكێتیی بۆ پارتی دەیكات لە ئەنجامی هەڵەكەی ئەوشەوەی قوباد تاڵەبانی بوو، چونكە ئەگەر ئەو ڕۆژە رێگریان لەو هەڵبژاردنە بكردابووایە، هەرگیز ئەوەی ئێستا هەیە ڕووینەدەداو دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەچوو.

لەسەر ئەم كارەی قوباد تاڵەبانی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، سەركردەكانی یەكێتیی چەندین جار ئەو قسەیان ڕووبەرووی قوباد تاڵەبانی كردۆتەوە.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی