حاکم گۆران.. قوربانی میدیای چەواشە..!

01/05/2019

هێمن مەحمود



خۆکوشتنی حاکم گۆران لەپەخشی راستەوخۆی فەیسبوکدا و لەژێر چەند دروشمێکی وەک یەکڕیزی و سەربەخۆیی هەروا ڕووداوێکی سادەو ئاسان نیە کەکەسێکی سادە ئەنجامی دابێت، بەڵکو ڕووداوێکە چەندین ڕەهەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەپشتەوەیە و ئەگەری دووبارە بوونەوەشی لەئارادایە بەتایبەت ئەو کەسەی خۆی کوشتووە کەسێکبووە خاوەن بڕوانامەی یاسا بووەو پێشتریش دادوەربووەو ڕەگەزنامەی هۆڵەندیشی هەبووە.

دەرکەوتنی ئەم دادوەرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە میدیای نەوتاوی حزبەکانی هەرێم هەڵمەتێکی چەواشەیان دەستپێکرد بۆ ئەو ریفراندۆمەی کە پارتی وەک حزبی باڵادەست بانگەشەی سەربەخۆیی پێدەکرد و حزبەکانی تریش بەدوای کەوتن، لەکاتێکدا هەر بەقسەی خودی سەرۆکی پارتی و جێگرەکەی بۆ سەربەخۆیی نەبوو،کەچی ئەم حاکمە ئەوەندە کاریگەری میدیای نەوتاوی چەواشەی لەسەر بوو پەنای بردە سەرشاخێک و ڕایگەیاند تا سەربەخۆیی دانابەزێتە خوارەوە، کەچی دوای 21 مانگ لەسەر شاخ بەناچاری هاتە خوارەوە. ئەوەی جێگای سەرنجبوو لەکاتێکا دەبوو هاوکاری دەروونی ئەو دادوەرە بکرایە بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەروونیە دەربچێت کە بەهۆی درۆو بێ بەڵێنی حزبەکانەوە تێیکەوتبوو، کەچی میدیای چەواشە دەڕۆشتن بەشان و باڵایاندا هەڵیاندەداو ڕاپۆرتی سەیرو سەمەرەیان لەسەر دروستدەکرد.

ئەوەی ئێستا لەکوردستان دەگوزەرێ و میدیای چەواشەو بەشێک لەو میدیا حزبی و بەناو ئەهلییانە بەخەڵکی دەکەن لەهیچ کوێی دنیادا بوونی نیە، بەتایبەت لەمەسەلەی هاتن و نەهاتنی موچەو پارەو کۆبونەوەو کۆنەبونەوەی حزبەکان و دروستکردن و دروستکردنی حکومەت و رێککەوتن و رێکنەکەوتنی لایەنەکان.

ئەو دۆخەی کە میدیا لەکوردستان دروستیکردووە دەرونی خەڵکی تەواو ماندووکردووەو شێواندووە، مرۆڤ تالەکوردستان دەرنەچێت نازانێت میدیای چەواشەی کوردی چی لەمێشکی خەڵککردووە، هەربۆیە دواجار دەبینین کەسێکی خوێنەواری وەک ئەم حاکم گۆرانە لەژێر دروشمەکانی سەربەخۆیی و یەکڕیزیدا بەئاشکرا خۆی دەکوژێت، وەک ئەوەی سەرکردەکانی کورد خۆیان نەزانن سەربەخۆیی و یەکڕیزی شتێکی باشە، میدیایەک نیە بەحاکم گۆران بڵێ برای ئازیزم ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ حزب و سەرکردەکان خۆیان بەڕێوەی دەبەن چونکە بەرژەوەندییان وادەخوازێ ئیتر بۆیە نەک تۆ هەموو کورد  خۆی بکوژێت بەخەیاڵیاندا نایەت و دۆخەکە هەروا بەردەوام دەبێت..

رۆحت شاد..حاکم گۆران قوربانی دەستی میدیای چەواشە..!

هێمن مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە