سیاسەتی زمان، زمانی زبر

54 خولەک پێش ئێستا

فەرەیدوون سامان


پرسی زمان هەر بەتەنێ پرسێکی زانستی زمانەوانی ئەبستراکت نییە، واتە ڕەهەندەکانی قسەکردن و کارکردن لەسەر پرسەکانی زمان بەدەر لەلایەنە زانستییەکە دەچێتەوە سەر ڕەهەندی فەلسەفەی زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، دەلیڤەکانی دیکەی زمانناسییەوە، لەوانەش سیاسەتی زمانناسی، یان سیاسەتی زمان کە ئامانجی نووسینی ئەم وتارەی ئێمەیە، هەندێ پێیانوایە قسەکردن لەسەر زمان هەر دەبێت باسی لایەنە زانستتیەکەی زمان بکرێت وەک گراماتیک و ئیتمۆلۆژیاو فەرهەنگنووسی و سینتاکس و مۆرفۆلۆلۆژی و فۆنۆلۆژی بەس، لە ڕاستیدا بایەخی زمان لە بایەخی سروشتی "سیاسی-کەلتووری" و "کۆمەڵایەتی-کەلتووری"دایە، واتە هەرچەند زمان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە، سیاسەتیش لەژێر باندۆری دەربڕینە زمانەوانییەکاندایە میناک: زمانی زبر و توندوتیژ، یان زمانی نەرم و هێمن لە نووسین و دەربڕینەکاندا، کاتێک لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەش زمانی دەربڕینی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، لەکاتی قەیران و کێشەکاندا کاتێ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەو شێوازە زمانە زبر و توندوتیژە بەکار دەهێنن، و پەنا دەبەنە بەر ناووناتۆرەو ناوزراندن، کە هەندی جار لەئاکامی ئەو زمانە زبرە دووچاری هەڵایسانی شەڕی ناوەخۆو جەنگێکی وێرانکەر دەبنەوە.
زمان لە وشەسازیی بەکارهێنراوەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ واتاکانی وشە هاوبەشەکان، تەنانەت بۆ خودی شێوازی ئاخافتن، وەک لە دەربڕینی زمانی گوندی و زمانی خێڵەکی و زمانی شارستانیدا دەبینین، جگەلەوەش زمانگەلێکی تایبەت هەیە بە نەتەوە جیاوازەکان کە هەمان زمانی دەربڕینی دایکیانە، وەک زمانەکانی تورکی، فارسی، عەرەبی...تد کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک زمانن، نەک یەک زمان، هەر زمانێکیش نوێنەرایەتی ناوچەیەک و گرووپێکی جیاواز لە ئاخێوەرانیان دەکەن، لەسەر ئەم بنەمایەش کەسانی وەک ئەمیری حەسەنپوور و میهرداد ئیزەدی و محەمەد موکری و جەعفەر شیخولئیسلامی و هیتر... زمانی کوردی بە کۆمەڵە زمان یان زمانە کوردییەکان دەناسێنن.
ڕەنگە یادەوەری سیاسی و زمانەوانی شایەتحاڵی نەهێشتنی فیزیکی بێت لەسەر بنەمای زماندا، وەک لە شەڕی ناوخۆی هەندێ نەتەوەو وڵاتاندا بینران، لەوانەش شەڕەناوخۆییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جۆراوجۆری ئەو دەربڕینی زمانەی کە لایەنە شەڕکەرەکان قسەیان پێدەکرد، وای لێکردن ببنە ئامانج، هەر لایەنێک بە ڕوونی لایەنەکەی دیکەی بەو زمانەزبرە دەکردە ئامانج. واتە هەر لایەنێک زمان و زاراوەی تایبەتی بە خۆی هەبوو، تەنانەت لە نێو ئەندامانی حیزبەکانیش کە هەمان باوەڕ و ئایدۆلۆژیایان هەبوو، کە بەکۆمەڵ ئەو هزرە پێکدەهێنن، بە گوتاری گروپێکی دیارکراو ناسراون، بۆ نموونە: بزووتنەوە ئیسلامییە میانڕەوەکان گوتارێکی جیاوازیان هەیە لە بزووتنەوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گوتاری پراگماتیک لە گوتاری پرەنسیپی جیاوازە، جگە لەوەش سۆفیگەری جیاوازە لە سەلەفییەت و هەردووکیشیان جیاوازن لە بزووتنەوە سیاسییەکان، بەم شێوەیە مرۆڤ بە زمان و زاراوەی خۆی دەناسرێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، شێوازی ناساندنی چەپێک، مارکسیستێک بە هاوزیندانییەکانی، نیشاندەرێک بوو بۆ پەیوەستبوونیان بەو حیزبەوە پێیان دەگوتن هاوڕێ، نەتەوەییەکان بە هەڤاڵ، ئیسلامییەکانیش بە "برای تۆ لە خودا"، و هتد.. دەناسرانەوە.
هەموو ئەمانە لە گوتاری سیاسی و زمانەوانیدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، بۆ هەمان ڕووداو بەلایەنی کەمەوە دوو زاراوە هەن، بۆ نموونە کەسایەتییە سیاسییەکان، کەسایەتییە میدیاییەکان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی سەر بە هەردوو پارتی دەسەڵات، دەستەواژەی "دابەشبوون" بەکاردەهێننن وەک بۆ وەسفکردنی ئەوانەی لە زۆنی زەردن، کە لە ساڵانی شەڕی ناوەخۆی نەوەتەکاندا ڕوویدا، جیاوازتر لە دەربڕینی ئەو زمانەی کە لە زۆنی سەوز بەکار دەهێنرا، کە بریتی بوو لە زمانی زبری میدیایی لایەنی شەڕکەر، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بە "سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە" ناوی دەبرد. ئەویدی بە خیانەت.
شاراوە نییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە میدیای جیهانیدا دەستکاری زمان و زاراوەکان دەکرێن، کە هەموو ئەمانە ئاماژەن و بەربڵاون بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی، ئایدۆلۆژی، زاراوەگەلێکی وەک ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم، تیرۆر، کوردفۆبیا، ئیسلامۆفۆبیا..تد، لە ماوەی پێنجدەیەی شۆڕشەکانی کوردستاندا دوو زاراوە لە گوتاری سیاسیدا بەریەککەوتن، ئەو لایەنەی کە لەگەڵ ڕژێمدا هاوتەریب بوون و بە جاش و بەکرێگیراو دەناسران، ئەو لایەنەش کە لە دەرەوە بوون ناوزەد دەکران بە شۆرشگێر، شەڕڤان، گەریلا، پێشمەرگە، هەڵبەتە لەگەڵ ئامێرە زمانەوانییە پەیوەندیدارەکاندا، بۆیەش گوتارەکانیان لەگەڵ ئەم زاراوانەدا یەکیان دەگرتەوە، ئەم دیاردەیە لە هەموو زمانێکی جیهاندا بەدی دەکرێت، کە زاراوەکانی مەیلی ڕەنگدانەوەی دیدگای ئاخێوەرەکانیان هەیە.
جێی سەرنجە لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لە لایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دژ بە گەلانی ناوچەکە بۆ نموونە لە ئەفغانستان و عیراق یان ئێران و کوردستان بەڕێوەچوون، میدیاکان پشتیوانیان لەو زلهێزانە دەکرد و زاراوەی جیاوازیان بەکاردەهێنا لە چاو ئەوانەی بەرگرییان لە نیشتمان یان ئایینەکەیان دەکرد. لەو سۆنگەیە بە سەدان و وشەو زاراوەو ئیدۆیان درووست بوون و بەکار هێنرانن تا ڕادەی ئەوەی کە بەرگریکارانی ئەم نەتەوانە بە تیرۆریست و دڕندەو و وەحش دەناسران. لێرەدا زمانی وەسفکەر ئەم لایەنگرییە ئاشکرا دەکات و دەتوانێت بنەمای توێژینەوەیەکی زمانەوانی جددی و کاریگەر پێک بهێنێت، ئەم نموونەیە ئەم لایەنگرییە دەسەلمێنێ، لەم چوارچێوەیەدا ویستم خاڵێک بخەمەڕوو سەبارەت بەو زمانەی کە میدیکاران و ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئاماژەدان بە داگیرکەری ناوچەیەک یان وڵاتێک بەکاری دەهێنن. زۆرێک لە ڕۆشنبیران، بە ئاسانی ئەم ناوە بەکاردەهێنن، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراوە و لەلایەن داگیرکەرانەوە وەک ڕەمزی کیانەکەیان قبوڵکراوە، ئەم ڕۆشنبیرانە بەبێ ئازاری ویژدان و ناڕەزایی ئەم ناوانە بەکاردەهێنن، بێ ئاگا لەوەی کە چەواشەکارانە و بێمانان. کە مخابن نابێت لە ئەدەبیاتی کوردیدا بوونی هەبێت، بەڵکو زمان دەبێت یەکگرتوو بێت لە وەسفکردنی ئەم ستەم و نادادپەروەری و داگیرکارییانەی کە لەڕابردووی نزیکدا دووچاری نەتەوەکەمانی کردەوە، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک چەمگەلی “ داگیرکەری عیراقی، سوری، ئیرانی، تورکی”. تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان دان بەوەدا بنێن، کە ئەم دەوڵەتانە قەوارەیەکی دەستوورین، کۆلۆنیالیزمی نین، لەسەر بنەماکانی کوشتن و دزین و بێ یاسایی و بێڕێزیکردن بە شکۆی مرۆڤی کورد دانەمەزراون، چۆن دەتوانرێت بە دەوڵەتێکی مۆدێلرن هەژمار بکرێن؟
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە لایەنگری لە زمانی دەربڕین و هزرینی هەندێ ڕۆژنامەنووس بکەم لە وتووێژ و وتارەکانیاندا بکەم، لەبری ئەوە زاراوەگەلی سەیرو سەمەرە بەکاردەهێنن، کە هۆشیارییەکی زمانەوانی و سیاسی ئاڵۆز نیشان دەدەن، سەبارەت بە دەربڕینی هەندێ بۆچوونی ڕەخنەگرانە و هزری جیاواز، بەهۆی ئەوەی گوایە ستانداردەکانیان پێشێل کردووە، ئیدی لەو کەناڵانەدا بایکۆت کراون، ئەمەش ناچاری کردوون لە سەرەتای یەکێک لە بابەتەکانیدا، ئەگەر تەنیا ژینگەی کولتووری بە هەموو هەمەجۆرییە سیاسی و ئەدەبی و ئایینییەکانییەوە خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێگایەدا بگونجێنن، کە دەسەڵاتداران گرتوویانەتە بەر، لە ترسی ئەوەی نەبادا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن لەو زمانەی کە بەکاری دەهێنین، بۆیە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە ئاماژەکردن بە هەندێ وشەو زاراوەی هەستەوەر و بەناوزراندنی ئەو کەسانەی سەر بەو قەوارەیەن. گرنگە بگەڕێینەوە، بۆ ئەو کەناڵانەی بە ئاشکرا لە ژێر پەردەی داگیرکەراندا شەڕمان لەگەڵ دەکەن، مێژووەکەمان چەواشە دەکەن، تەنانەت لەسەر بانگەشەیەیەکی ڕەوای نەتەوەییمان بەناوی ئایدۆلۆژیاو ئاساییشی نەتەوەییان دەمانکوژن و یان بە بەناوی پیرۆزی ئایینەکەیان لە خاکەکەمان دەرمان دەکەن،
کەواتە ڕۆڵی سیاسەتی زمان لەو ئاقارەدا چییە، ئایا ئێمە ناچار دەبین لە ئاست زمانی توندو تیژ و زبری ئەوان، بە زمانێکی نەرم بدوێین، ئەگەر وا بکەین، نادادپەروەری و شەڕانگێزییەکمان بەرامبەر خۆمان و دژی پرەنسیپی پیرۆزی مرۆڤبوونمان ئەنجامداوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەبێت هەمووان خۆمان بە دوور بگرین لە وەسفکردنی پلان و بەرنامە ڕەگەزپەرستییە ڕێکخراوەکانیان لە چەواشەکردنی زمان و ناسنامەو مێژوومان، یان دەبێت هەر هەموومان بە یەک شێوە کە خۆیان دەیانەوێ لە ناشیرینکردنی وێنەی سیمبولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان پێناسە بکرێن: هەردەم وەک تیرۆریست و تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەری جینۆساید بناسرێین، کە ماوەیەکە لەڕێی وتارە پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانیان لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا وەک کۆلۆنیالیست و داگیرکەر و هیچی تر دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی دەئافرێنن، ئەگەر بەڕاستی چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و چارەنووسی هاوبەش و یەکپارچەیی هزری لە گوتاری سیاسی داهاتووماندا بخوازین. ئاخۆ دەبێت ئێمەش لە عاست ئەو زمانە زبرەیان بێدەنگ بین، ئەوەی بەڕاستی سەرسامم دەکات، خودی زمانی سیاسی ئەوان نییە، هەرچەندە سیاسەت بەشێکە لە کولتوور، بەڵکو بەکارهێنانی گوتاری قێزەون و ناڕەوایە لە دەربڕینی ئەم جۆرە زاراوانە لەلایەن نووسەرەکانیانەوە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە زمانی زبردا لەم دەستەواژانە بایەخێکی سەرەکی هەیە، نووسەران دەبێت سەرلەنوێ بە هەرچی نووسیویانە لێی بکۆڵنەوە بۆ پاککردنەوەی هزرو هەستەکانیان لەو کەموکوڕییە زمانەوانیانەی کە هۆشیاری زمانەوانی دەشێوێنن و هۆشیاری گشتی ساختە دەکەن. درککردن بەم ڕاستییە، من لە خۆمەوە دەستم پێکرد و گەڕامەوە سەر هەموو ئەو شتانەی کە نووسیبووم و هیشتا بڵاوم نەکردبوونەوە، دووبارە دەستکاریم کرد و زمانەکەمم لەو جۆرە تەڵە زمانەوانییانە ڕزگار کرد، و ڕێگە بە خۆم دەدەم کە بیانگۆڕم، واتایەکە وەربگرم، من ئەمەم زۆر بە توندی لە دوا نووسینمدا کە بە ناوی “بیرکردنەوە لە واقیعی کولتووریمان” جێبەجێ کرد. ئیدی پێموانییە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم بەم ناوە داوە، بە تاک یان فرە، بچێتە ناو زمانەکەمەوە. کە لە سیاسەتی زمانەوانیدا بە زمانی هێمن ناسراوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی