رێككەوتنی حیزبەكان و پێكنەهاتنی حكومەت

01/05/2019

كەمال محەمەد


دوای نزیكەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پەسەند كردنی ئەنجامەكان ،تا ئێستا كۆبونەوەو رێكارەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆ بەردەوامی هەیە ،دوا چەندین كۆبونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان و پارتی و یەكێتی ،لە ئەنجامدا جگە لە چەن رێكەوتنێكی زارەكی و مرەكەبی سەر كاغەزی نێوانیان تا ئێستاش نەبوە بە بناعەی دامەزراندنی ئەو حكومەتەی كە لە چاوەوانی پێكهاتنیدایە ،لەوەش بەولاوەتر هەنگاونان بەرەو سیستەمی حكومرانییەكی هاوچەرخ لەلاوازترین قۆناغی خۆیدایە كاتێك ئەم هێزانەبە گوێرەی داخوازی و شەری بەدەستهێنانی پۆست و دابەشكردنی جومگەكان بەسەر باڵ و راگرتنی هاوسەنگی نێو باڵەكان تا هەنوكە كێشەیەكی گەورەی نێوانیان بوە ،پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان پێش دەستپێكردنی دانوستانەكان ئەوشەرەی نێو ماڵی خۆی تا رادەیەكی باش كۆتایی پێهێنا ،كاتێك بە سودوەرگرتن لە پرۆژە یاساكەی گۆڕان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە توانی كێشەی باڵەكانی چارەسەر بكات و نێچیرڤان بارزانی وەك تاكە كاندید بۆ ئەوپۆستە یەكلا بكاتەوە ئەمە پاش ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی یەكلا كراوەتەوە ،بەم جۆرە هیوا و ئامانجی گروپە بەرژەوەندی پەرەستەكانی دنیای حیزبی ئەم هێزانە  تاكە خاڵی تەورەو گفتۆگۆكانیانە لە دابەشكردنی كێكی دەسەڵات ،لەوانەیە پرەنسیبی موڵكی زیاد تەماع دێنێت لەم قۆناغەی ئێستایاندا بێت  ،دروست بونی ئەم رەوشە لەلایەن حیزبەكانەوە پێویستی بە رەخنەدانێكی جددی هەیە ،چون تا ئێستا نەیانتوانیوە لە میانەی پلاتفۆرمێكی هاوبەشەوە بەرپرسیاری ئەم دۆخەو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە ئەستۆ بگرن و ئاستی هەرە بەرزی تواناكانی خۆیان بگرنە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد و هەرێم و دەرەوەش بۆ ئەوەی دەرفەتی بەردەوامكردنی هەرێمێكی دەستوری و بەهێز لەهەمو كات زیاتر لە ئارادا بێت و بە ئەندازەی پەیوەست بە حكومەتێكی خزمەتگوزار و خاوەن رۆڵی ئاسایش و ئابورییەكی بەهێز سیاسەتی نێوانیان تاوتوێ و پراكتیزە بكەن و كار بۆ دروستكردنی پەیوەندییان لەگەڵ دیموكراسیش بكەن بۆئەوەی كۆمەڵگاو حكومەتێكی سیاسی و دیموكراتیانە پێكبهێنن ،

هۆكارێكی دیكەی پێكنەهێنانی حكومەت دۆگمابون و پەیوەستبونی هێزەكانە بە وڵاتانی ئیقلیمی  ،كەزۆر جار پاساوی ئەوە ئەهێنرێتەوە لەلایەن خودی هێزە كوردییەكانەوە كە بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی هەرێم و وڵاتانی ناوچەكە وایكردوە كە جۆرێك پەیوەندی و حسابات لەنێوانیاندا هەبێت ،بۆیە وڵاتانی ناوچەكە لەئاراستەكردنی سیاسەت و چۆنێتی حكومرانی هەرێم خاوەن رۆڵێكی دیارن ،لەم روانگەیەوە بە هۆی بەرژەوەندییەكانیانەوەیە كە زۆر جار بە شێوەیەكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ رۆڵێكی ئەوتۆیان لە یەكلاییكردنەوەو پێكهاتنی دەسەڵات پشككردنیدا بینیوە ،بۆیە لە كاتێكدا رێكەوتن و شەری دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان هێزەكان ئەگەر هۆكارێك بێت بۆ پێكنەهێنان و دواكەوتنی حكومەت ئەوا هۆیەكەی دیكەی بەندە بە وڵاتانی دراوسێوە  ،بەمانایەكی تر رونی بكەمەوە بەهۆی هەرەشەو سەپاندنی سزاكانە بۆسەرئێران لەلایەك و  گرێبەست و یەكلاكردنەوەی سكاڵای توركیاو عێراقە كەلەم چەند رۆژەدا وەزیری دەرەوەی توركیا چەندین پێشنیار و هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی ناوەندی و بەرپرسانی هەرێم گەیاندوە كە بروای من كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەت و ئابوری و پرسی پارتی كرێكاران لەخاكی هەرێم لەسەر هەرسێ لا ئەبێت !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی