كورد لەكوێی جەنگە یەكلاییكەرەوەكە دەبێ؟

02/05/2019

هەژار سدیق

جوڵە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسیەكان و كشانەوەی ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ لەڕێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران،ساڵی2019 دەكاتە ساڵی گۆڕانكاری و وەرچەرخانە مەزنەكان.

لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتیەكەشیدا لەكۆتایی 2016 تڕامپ دژایەتی خۆی بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە دەربڕی گوتی ئێران پاڵپشتیەكی گەورەی تیرۆرە،ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە،ئێرانی پاداشتكردووە،لەجیاتی ئەوەی سزای بدات.

بەهۆی گەمژەیی سەرانی خۆسەپێنی ئەم ناوچەیە،تەنیا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆر.

سەبارەت بەنازناوی تیرۆرو پاڵپشتی لە تیرۆریستان،بەبڕوای من توركیاو سعودیە و قەتەر زۆر لەپێش دەوڵەتی ئێرانەوە دێن،بەڵام ئەمریكا خۆی باشتر دەزانێ سەرەتا كێ سزا دەدات،دەبێ ئەو ڕاستیەش بزانین،ئەمریكا تاكە وڵاتی بڕیاربەدەستی جیهانە كە بەڕاستگۆییەوە تیرۆریستان سزا دەدات.

ئێرانیش وڵاتێكی گەورەو بەهێزی ناوچەكەیەو بڕیار بەدەستەكانیشی وەكو دیكتاتۆرەكانی عەرەب ئەوەندە گێل نین خۆیان دووچاری شەڕێكی دۆڕاو بكەن،هەرچەندە ئەمریكاش مەبەستی ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانی نیە،بەڵام هەرچی زووە،پێویستە ئێرانیەكان دەرس لەمێژووی ژاپۆنی جەنگی دووەمی جیهان وئەڵمانیای هتلەرو عیراقی صدام حسێن وەربگرن،بۆ ئەوەی ژیان و ئابوری گەلانی ئێران دووچاری داڕمان و كاولكاری نەكەن.

ئایا لەم گۆڕانكاریانەدا سەركردایەتی كوردستان(یەكێتیی و پارتی و پەكەكە) لەكوێی هاوكێشەكەن؟؟؟

ئایا كورد و هەرسێ پارتە سەرەكیەكەی كوردستان،وەكو سەركردایەتی نەتەوەیەكی داگیرو دابەشكراو و قوربانی پلە یەكی دەستی تیرۆری عەرەب و تورك و عەجەم،شەریكی ڕاستەقینەن یان ئەمریكا وەكو مورتەزەقە بەكاریان دێنێت؟؟؟

هەرچەنده درەنگیشە،بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە لەبەردەم سەركردایەتی هەرسێ پارتی سەرەكی كوردستان یەكێتیی و پارتی و پەكەكە،پێكەوە بەرنامەو پلانی تۆكمە بۆ خۆئامادەكردن و ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەكانی داهاتوو و دابینكردنی ئاسمان و كەنارێكی ئارام بۆ خەڵك و خاكی كوردستان دابین بكەن.

دڵنیام سەركردایەتی هەرسێ پارتی گەورەی كوردستان،زۆر باش ئاگاداری ڕووداوەكانی داهاتوون،بەڵام پەرتەوازەیی و ناتەباییەكان و نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی،نایانكاتە خاوەنی دۆزی ڕەوای نەتەوەیەكی گەورەو كاریگەری دژە تیرۆر،بەڵكو ئەمریكا وەكو مورتەزەقە مامەڵەیان لەگەڵ دەكا،وەكو ئەوەی شەڕی داعش،پێش دابەشكردنی دەستكەوتەكان،لەڕیفراندۆمەكەی باشوری كوردستاندا،بێ سەعی كردن و حیساب نەكردن بۆ دۆستەفریادڕەسەكانمان هەموویمان دۆڕاند.

سیاسەت كردن و دەوڵەتداری،جەدوەل زەڕبی تایبەتی خۆی هەیە،بەسۆزو عاتیفەو قسەی توند دەیدۆڕێنین،سیاسەتكردن،زانست و لێكدانەوەو خوێندنەوەیە.كەس لەكەس پیاوترو ژنتر نیە،دواجار عەقڵ و لۆژیك دەیباتەوە.

لە2003 سەرانی توركیا دژی پرۆسەی ڕزگاری عیراق بوون،ئەوان دۆستی گیانی بەگیانی ڕژێمی بەعس نەبوون،بەڵام ترسیان لەدیموكراتیزەكردنی عیراق هەبوو،هەروەها بەدەستكەوتەكانیشیان ڕازی نەبوون و پێیان كەمبوو،بەڵام ئێستا توركیا بەكەمترین دەستكەوت ڕازیە،ئەگەر لەحاڵەتی داخستنی گەرووی هورمزدا هەموو نەوتی عیراق و بەشێك لەكەنداو لەڕێگەی ئەوانەوە هەناردە بكرێت،توركیا هەموو شتێك دەكا لەپێناوی ئەوەی چەند دۆلارێكی دەست بكەوێ و دژایەتی خواستەكانی كوردیش بكات،بەڵام هێشتا توركەكان،سەرخۆش و مەستی دژە كوردو ڕەگەزپەرستین،زۆر هەڵەن ئەگەر پێیان وابێ ببن بەهاوپەیمانی ئەمریكا لەدژی ئێران،ئەمریكا چاوپۆشی لەچەوساندنەوەی نەتەوەی كورد بكا لەتوركیا،چونكە لەدوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت،ئەركی ئەخلاقی ئەمریكایە پارێزگاری لەچەوساوەكان و بنیاتنانی دیموكراسی بكا،لەهەمان كاتیشدا دژی گەندەڵی و دزیە لەسەرانسەری جیهان.

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی