عیراق لەکوێی بەرداشی ئەمریکا ئێراندا

02/05/2019

سالار مەحمود

پێشهاتی نوێ چاوەڕێی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات. کێشەی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری کردۆتە سەر دۆخی سیاسی لەعیراقدا، هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا دەیانەوێ عیراق بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن، عیراقیش دەیەوە بێ لایەن بێ و ناوەڕاستی تەرازووەکە بگرێ. کرانەوە بە رووی وڵاتانی دراوسێ و جوڵەی دیبلۆماسی لە دژواری دۆخەکە کەمناکاتەوە، بەقەد ئەوەی لەناوخۆدا ئیرادەی کرداریی بۆ رووبەڕووی مەترسیە کوشندەکەی عیراق  دروست نەکرێت.

هەڕەشەی گەورە لەئێستادا گەندەڵیە، کە دەیان جۆر گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی و سیاسی لە وڵاتدا بوونەتە مەترسی سەرەکی لەسەر چارەنووسی بەڕێوەبردن.

ئاڵنگاری گەورە بەکرداریکردنی میکانیزمەکانی  رووبەڕووبونەوەی دیاردەی گەندەڵیە.
هەمان ئیرادەی سەرکەوتن بەسەر تیرۆری داعش پێویستە، بۆ سەرکەوتن بەسەر گەمارۆدانی گەندەڵی و سەرخستنی هەوڵە نوێکانی کەمکردنەوەی. عیراق و هەرێم لە گەمارۆدانی گەندەڵی دەتوانن هێز وەرگرن و لەتوانایاندایە دەرباز ببن لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران و دوورخستنەوەی گۆڕەپانی بەریەککەوتنەکانی نێوانیان.

ئەشێ ئەو پرسیارە دروست ببێ کە بابەتی گەندەڵی و خۆ پاراستن لە دەستێوەردانی وڵاتان دوو کەیسی جیاوازن بەڵام بۆ هێزی ناوخۆیی و یەک گوتاری و هەستانەوە بەڕووی هەردوو مەترسیەکەدا یەکتر تەواوکەرن.

یەک گوتاری و یەک سیاسەتی هاوبەشی دەسەڵاتەکانی عیراق و هەرێم بەرامبەر بە ئەمریکاو ئێران پێویستە بۆ ئەمەش دروستکردنی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش بە پێویست دەزانرێ بەر لە هەڵکردنی گەردەلولی ناکۆکیەکانیان. یەک ئاراستەی کار دروست نەبێت ئەوا بە ئاسانتر دەستێوەردان لەسیادەو سامان لایەن هەردوو وڵاتی ناکۆکەوە دروست دەبن و، وڵات دەبێتە پێخۆری شەڕی بەرژەوەندیەکانیان.

هاودەنگی دەسەڵاتەکان و کاربەدەستان بەپێی دەستور گرەنتی سود وەرگرتن لە بەردەوامی ئارامی سیاسی و کۆمەڵگایی، دەرفەتی زیاتر دەدەن بۆ ئایندەیەکی باشتر لە ئێستای پڕ دڵەڕاوکێ و، واش دەکات لایەنە دەرەکیەکان سڵ بکەنەوە لەدەستێوەردان و بیرکردنەوە لەوەی وڵاتەکە بە هەرێمەوە بکەنە گۆڕەپانی شەڕی بەرژەوەندیەکانیان لەسەر حیسابی خەڵک و سامانەکەی.

پەلەکردن لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان و بەکردار کردنیان توڕەیی شاراوەی شەقام لە گەرمای هاوینی چاوەڕوان کراو سارد دەکاتەوە.

تێوەگلانی بەشێک لەدەسەڵاتداران لەگەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرمایەیەکی لەحساب نەهاتووی بەفیڕۆ داوەو یەک گوتاری نەهێشتوەو کارتەکانی تێکەڵکردوە.

لەبەر ئەوە شەڕی گەندەڵکاران و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی بەرژەوەندیخوازان شەڕێکی یەخەگرتووی سەختەو، چیتر دواخستن هەڵناگرێ.

هەر لەم سۆنگەیەوە لەبەرپاکردن و سەرکەوتنی شەڕی گەندەڵیدا دەتوانرێ عیراق بكەوێتە دەرەوەی بەرداشی نێوان ئەمریکا ئێرانەوە نەک لەنێوان بەرداشیاندا بهاڕدرێ.

 

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی