جارێکی تر و زۆرجاری تریش سەردەشت عوسمان ​

04/05/2019

مەریوان وریا قانیع

لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا کەم شەھید ھەیە ھێندەی سەردەشت عوسمان ڕووخسارە ھەرە ناشیرین و ھەرە دزێوەکانی کوردبوونمان نیشاندبات. ھێما بۆ ئەو دیوە نەخۆش و پۆخڵ و تاریکانەی کوردبوون بکات کە وەک تارماییەکی گەورە بۆ کوشتن و وێرانکردن بەسەر سەری ھەمووانەوە، ئامادەیە.


کە بیر لە مەرگی سەردەشت دەکەینەوە بیر لە جوڵەی عەقڵیەتێک دەکەینەوە لە سەدە تاریکە کۆنەکانەوە ھاتوە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ھەم بازرگانیی و سیاسەتی بەیەکتری تێکەڵکردوە، ھەم تەکنیکە زۆرەکانی کوشتن و پایەکانی دەسەڵاتدارێتییەکی دزێو.


لەم ئاستەدا مەرگی سەردەشت عوسمان، شوناسی ئەو عەقڵیەت و سەردەم و دەسەڵاتدارێتییە درۆزنە کەشفدەکات کە ساڵانێکی درێژە حوکمڕانیی نیشتیمانێکی بریندار دەکات و قوربانی بە دوای قوربانیدا و کارەسات بەدوای کارەساتدا بەرھەمدەھێنێت. بە دەیەھا شێوازی جیاوایش کۆمەڵگا پارچەپارچە و وردوخاش و پەراوێز، دەخات، بڕێکی گەورە، ھێجگار گەورە، لە نائومێدیی و ڕەشبینییش، لە کوێدا بۆیبکرێت، دەچێنێت.


دیوی ئەودیوی مەرگی سەردەشت ھێما بۆ ڕووکارە ڕووناک و بەرپرس و ئەخلاقییەکانی کوردبوون دەکات، ڕووکارە خوێندەوار و ڕەخنەیی و چەقنەبەستوەکانی کوردبوون، ڕووکارە پاکژەکەی لە سەردەمێکدا پارەی دزراوی نەوت خەونی ئەوە دەبینێت و پلانی ئەوەشی ھەیە، ھەموو خانەیەکی ئەو کۆمەڵگایە، وەک عەقڵ و دەرونیی دەسەڵاتدارەکانی، پیس و بۆگەن بکات.


سەردەشت نوێنەری ئەو نەوە خوێندەوارە ئازا و بەرپرس و ئەخلاقییەیە کە لە.داڵانە تاریکیەکانی ئەو دونیایەدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و بیردەکاتەوە و دەنووسێت. نەوەیەک خەون بەوەوە دەبینێت دەسکاریی ئەو تاریکاییە گەورەیە بکات، ڕوخسارێکی ئینسانیی بەخۆی و بەو کۆمەڵگایە ببەخشێت کە تیایدا دەژیی، شتێک لە کەرامەت بۆ ژیانی خۆیان و ژیانی ھاونیشتمانییەکانیان، بگەڕێننەوە.


سەردەشت عوسمان نوێنەری ئەو دیوە ڕووناکەی کوردبوونە کە پڕە لە ئومێد و وزە و خەون، پڕە لە خواستی دەسکاریکردن و دروستکردنی دونیایەکی نوێ. دونیایەک جیاواز لە دونیای سیاسییە بازرگانەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین کە لەشکرێک بەڵتەجیی و پیاوکوژیان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان دروستکردوە.
سەردەشت عوسمان بەرھەمە ھەرە پاکژ و بەرپرس و ئەخلاقییەکەی کۆمەڵگای ئێمەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی