تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەگەری

05/05/2019

زمناكۆ ئیسماعیل

   (سێ) یی مایسی هەموو ساڵێك، رۆژی ئازادی رۆژنامەگەرییە لەجیهان، بەڵام (پێنج) یی مایسی هەموو ساڵێك، رۆژی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان)ە لەهەرێمی كوردستان، لەنێوان ئەو دوو رۆژەدا، یەك لێشاو رۆژنامەنوس هەیە، بە سەدان چەناڵی میدیایی هەیە، بەسەدان رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی هەیە، سەرجەمیان كۆن لەبارەی ئازادی بۆچون و ئازادی رادەربڕین، بەڵام ئەو گوتارەی، كە زۆربەی ئەو چەناڵ و رێكخراوو رۆژنامەنوسانەی نێو چەناڵەكان، لەگەڵ دەربڕینەكانی سەردەشت عوسمان كۆ ناكاتەوە، راستگۆییە لەبارەی (ئازادی رادەربڕین)، سەردەشت عوسمان راستگۆیانەو ئازایانە رای خۆی دەربڕی، ئەو راستگۆیانە باسی بەچینایەتیكردنی هەرێمی كوردستانی دەكرد، راستگۆیانە ئاماژەی بە بونی مافیای خوێنمژ و چەتەگەری نەوت و  ئەقڵییەتی گرگنی چەكداری حیزب دەكرد، راستگۆیانە باسی لە دروستبونی ئەو دڕندە مەترسیدارە دەكرد، كە پاش خستنی دڕندەكانی بەعس، ووردە ووردە دروستدەبونەوە، ئاخرد نیتچە دەڵێت "ئەوانەی دژ بە دڕندەكان دەچنە جەنگەوە نابێت خۆیان ببنەوە بە دڕندە". بەڵام ئەو هێزو لایەنەی كە سەردەشت عوسمان بەتەنزەوە قسەی لەبارەوە دەكرد، نەك خۆیان ببونەوە بەدڕندە، بەڵكو ببون بە مافی نەوت و چەتەی خوێن و دواجار سەری سەردەشت عوسمان و دەیان گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم هەرێمەیان خوارد.

   هەر لەبەر ئەوەش بوو كە سەردەشت عوسمان لەگوتارێكی تەنز ئامێزدا، ئاماژەی بۆ ئەوە دەكرد، كەسانێك كە هاوڵاتیانی هەرێمەكەیان بەچینایەتی كردوە، ئەگەر هاوڵاتییەكی ئاسایی بیەوێت سنوری خێزانی ئەوان ببڕێت و تێكەڵی خێزان و خانەوادەكەیان ببیت، ئایە ئەوان ئامادەن كە چینایەتییان تێكبشكێنن و ژیان لەگەڵ هاوڵاتییەكی چینی خوار خۆیان پێكبهینن؟!، بێگومان نەخێر، چونكە چینی ئەوان، چینی نەوت دزین و مافیاگەرییە، ئەوان كەسانێكی وەك خۆیان دەوێت و ناتوانن جارێكی دیكە، لەشەپۆلی سیاسی خۆیان، داببەزن و بێنە نێو شەپۆلەكانی خوارەوە، ئەوان لەمەوجی بازرگانی سیاسین، چیتر هاوڵاتی ئاسایی هەرێم، لەئاستی خۆیاندا نابینن، بۆیە پێویستیان بەوەیە، كە چینی خوار خۆیان، وەك مەڕ ببینن و چینی خۆشیان وەك شوان، ئەوان پێویستیان بەوەیە كە خەڵكانی بكوژ و دڕندە لەنێو خۆیاندا بچێنن و بەریبدەنە ئەو خەڵكەی، كە كردویانە بە پێپلیكانەو بەسەریاندا سەركەوتون بۆ پلەی باڵا.

   لەسەر ئەو بۆچونە سیاسییە تەنز ئامێزەی كە سەردەشت عوسمان لەگوتارێكدا، بنەماڵە سیاسییەكانی هەرێمی پێ تەڕكرد، ئەو گەنجە خوێنگەرمە تیرۆركرا، بەڵام ئەوەی كە مایەوە، ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانەی نێو رێكخراوەكانی نزیك لەحیزبە مافیاگەرییەكانە، كە گوێی خۆیان لێخەواندوەو هیچ لەبارەی ئەو حیزب و بەرپرسانەوە ناڵێن بەگوتەی خۆیان "تا نانبڕاوو ژیان فەوتاوو نەبن". ئەوانەی كە سەردەشت عوسمانیان تیرۆركرد، ئێستا خاوەنی میدیاو چەناڵی میدیایی خۆیانن، خاوەنی رۆژنامەنوس و پەیامنێرو كامێرامانن، خاوەنی دەربڕینی هەواڵ و راپۆڕتن، ئێستا ئەوان زانیاری پەخش دەكەن، ئەوان بنەمای كاری رۆژنامەگەری،  بەگوێیی ئەو خەڵكەدا دەچریكێنن، ئەوان باسی ئازادی رۆژنامەگەری دەكەن، ئەوان باس لەبونی ئازادی را دەربڕین دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان نەبوبن كە سەردەشت عوسمانیان تیرۆر كرد بێت، وەك ئەوەی كە ئەوان نەبوبێتن كە سۆرانی مامە حەمەو كاوە گەرمیانی و وویدات حوسێن و دەیان كەسی دیكەی رۆژنامەنوسیان دابێتە بەر رێژنەی فیشەك و قەڵتانی خوێنیان نەكردبن. 

   ئەمڕۆش لە سایەی حوكمی ئەو دەسەڵاتدارە سیاسییانەو لەپاش نۆ ساڵ لەتیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، شكستی سیاسییان دەبینین و دەبیستین، قەیرانی دەسەڵاتدارییان لەسەر سكی برسی هاوڵاتییانەوە بە ئاشكرا دەبینین، چەوسانەوەو ستەمكارییان لەنێو یەكە ئیداری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی ئەم هەرێمەدا دەبینین، بەڵام ئەوەی كە بوە بە ماكیاژكاری ئەو ستەمكارییە، ئەو كەسانەن كە لەنێو ماشێنی میدیایی بكوژانی سەردەشت عوسماندا كار دەكەن، گەرەكیانە ناشیرینیەكانی ئەو دەسەڵاتە، بەكارە رۆژنامەنوسییەكانیان بشارنەوەو لەو ڕوانگەشەوە بانگی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕینو ئازادی بۆچونی جیاوز، بەگوێی هاونیشتیمانیاندا دەدەن، ئەوانە لەڕێگای پارەی زەبالاحی قوتی خەڵكەوە بون بەرۆژنامەنوسانی رامكراو، بەڵام ئەوەی كە بوەتە سومبولی ئازادی رادەربڕین، سەردەشت عوسمانی تیرۆركراوە، سۆران و كاوەو وویدات و دەیان قەڵەمی زیندووی ئەم گەلەیە، سەردەشت عوسمان و هاوڕێ تیرۆكراوەكانی، بەتەنها پەڵەیەك نین بەناوچاوی ئەو سیاسیانەی كە دەستیان هەبوە لە ووێرانكردنی ئەم هەرێمە، بەڵكو تیرۆركردنی ئەوان، پەڵەیەكی ناشیرنە بەناوچاوی ئەو رۆژنامەنوس و میدیاكارانەی، كە بونەتە ماكیاژكاری دەسەڵات و بە كاری راگەیاندن هەوڵی درێژكردنەوەی حوكمی ستەمكارییان ئەدەن، ئالێرەوە دەبێت رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان، وەك درۆیەكی شاخدار ببینین، وەك ماسكێك ببینین، كە روخساری ناشیرینی، ستەمكارە حیزبەكانییەكانی هەرێمی پێداپۆشراوە.

زمناكۆ ئیسماعیل
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی