دەرکەوتنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

07/05/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ئەوەی چاودێری میدیای تورکی بکات، تێدەگات ڕێژەی دژایەتی تورکێک بۆ کورد چۆنە و چەندە و لەسەر چ بنەمایەک ئەو دژایەتییە هەیە. لە ڕاستیدا ئەگەر پێش زیاتر لە سێ دەیەش پارتی کرێکارانی کوردستان خۆی ڕانەگەیاندایە، ئێستا هەر تورکەکان دژی کورد بوون. خۆ کاتێک شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری شۆڕشی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە نەبوون، ئەی بۆ تورکیا دژی شۆڕش و جوڵانەوەکەی وەستایەوە؟ خۆ کاتێک کەمال ئەتاتورک قورئانێک دەباتە ڕەجای ژنەکوردێکی باکوری کوردستان زەواجی لەگەڵ بکات و لەوەڵامدا شێرەژنە کوردەکە دەڵێت زەواجت لەگەڵ ناکەم و هەرگیز ئێوەی تورک جێی بڕوای ئێمەی کورد نین، ئەوکات عەبدوڵڵا ئۆجەڵان و پەکەکە بونیان نەبوو؟

دژایەتی تورک بۆ کورد پەیوەندی بەبوونی ئۆجەلان و پەکەکەوەنییە، بەڵکو پەیوەندی بەبڕوایەکی ناسیۆنالیستی تورکییەوە هەیە کە هەموو تورکێک لەباوەگەورەیان (کەمال ئەتا تورک)ەوە بۆیانجێماوەو جگە لەیەک نەتەوە و ئاین و ئاڵا هیچیتریان پێقبوڵ نییە. تەنانەت پەکەکەیش نەبێت، ئەم دژایەتییە هەردەمێنێت. ئەوە شتێکی هەڵەیە هەندێک بەناو حیزب و میدیاو ڕۆژنامەنووس پێیانوایە پەکەکە هۆکاری تێکدانی پرۆسەی ئاشتییە. نەخێر تورک هەرگیز بڕوای بەپرۆسەی ئاشتی نەبووە لەگەڵ کورد پێش ئۆجەلان و پەکەکەو پاش ئەوانیش.

دوای هەشت ساڵ لە دەرکەوتنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە، جارێکیتر میدیای تورکی و شەقامی تورکی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، کەوتنە هێرش بۆسەر ئۆجەلان و لەگەڵ ناوهێنانی ئۆجەلان ناوی پەکەکەی ئیرهابیش ! بەعەقڵ و دیدی ئەوان دەهێنن.
لەڕاستیدا دەرکەوتنەوەی ئۆجەلان هیچ پەیامێکی دەرەکی نییە بۆ جیهان، هیچیشی پێنییە بۆ پرۆسەی ئاشتی و گەلی تورک و ناوخۆی تورکیا، وە هیچیشی پێنییە بۆ کورد بەگشتی و کوردانی خۆرئاوای کوردستان، وە ئەم دیدارە بە بڕیاری تەواوی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و بەتایبەتتر تەواوی ئاکپارتیش نییە، بەم دیدارە تەنها بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە لەپێناو یەک ئامانج ئەویش؛ بەدەستهێنانی دەنگی ئەو کوردانەی ئەستەنبوڵە کە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەنگیان بە جەهەپە داوە.

دەرکەوتنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەرگیزیش ناتوانێت چاو و عەقڵی نوخبەی ڕۆشنبیر و میدیای تورکی لەسەر فەزاحەتێک لابدات کە قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵە لەلایەن ئەردۆغانەوە. هەردوو پرسی (دیداری ئۆجەلان) و (دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ) دوو بابەتی یەک بەرواری سەر ساحەی ڕووداوەکانی تورکیا بوو، یەکەمیان (دیداری ئۆجەلان) لەپێناو دووەمیان (دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ) بوو؛ دیداری ئۆجەلان واتە؛ پێش ئەوەی کۆمیسیۆن بڕیار لەدووبارەی هەڵبژاردن بدات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەنگاوێکی گەورەی هاویشت لەڕێگای دادگاوە بۆ ئەوەی دڵی کوردەکانی ئەستەنبوڵ بەدەستبهێنێت لەکاتی دووبارە دەنگدان لە بەرواری ۲۳ی حوزەیرانی داهاتوودا بۆ شارەوانی ئەستەنبول.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی