لەنێوان ئازادیخوازانی باکوری کوردستان و تورکیا پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە، تورکیا وێڕای خاوەخاو هەنگاوی ئەرێنی و باشی نەناوە، بەڵام قەندیل و باکورو دەمپارتی نەک نەکشاونەتەوە، بگرە بەردەوام هەنگاوی ئەرێنی زیاتر دەنێن و تورکیایان خستوەتە دۆخێکەوە کە بەرپرسیارەتی زیاتری بکەوێتە ئەستۆ، گەرچی تورکیا زۆر نەیارانەو خوێنساردانە لەو هەنگاوانە دەڕوانێ و تائێستاش دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، هەر وەها یەک هەنگاوی نەناوە بۆ کشانەوە لەباشوری کوردستان، نەک هەنگاوی نەناوە بگرە ڕۆژ بەڕۆژ پێگەو بنکە سەربازیەکانی پتەو تر دەکات، لەدەرەوەش بەهەموو جۆرێک شەڕی کوردودۆستانی کورد دەکات، بۆ نمونە ئێستافشارێکی زۆری بۆ پارلەمانی ئەوروپی بەدژی عەبیر سەهلانی دۆستی کورد لەڕێی هەندێک توند ڕەوەوە دروستکردوەو دەیەوێت، عەبیر نەک هەر لەپارلەمانی ئەوروپی لەئەوروپاش دور بخاتەوە، دڵنیام ئەوەسەرناگرێ، بەڵام گرنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کوردانی تاراوگە پاڵپشتی لەعەبیر بکەن و ئەو کارە لەقاو بدەن، هەڵبەت من بەڵگەم نیە بۆ دەستوەردانی تورکیا لەو کارە، بەڵام لەکاری ئەو دەچێت.
تورکیا تا ئێستا سەدان گوندی باشوری کوردستانی لە ئامێدی و زاخۆ داگیر کردوەو ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتوانی ئەو گوندانە دەکات، لەکاتێکا هیچ بیانویەکی بۆ ئەو داگیرکردنە نەماوەو شەڕ لەنێوان گەریلاو سوپای تورکا وەستاوە،کەچی هەن هێشتان بیانو بۆ سوپای تورکیا دێننەوە، لەکاتێکا گەریلا نزیکەی ساڵ زیاترە یەک فیشەکی نەتەقاندوەو هاوکاریشە بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ گوندی خۆی، تا ئێستا نەدەوڵەت، نە حکومەت نەگەلی تورکیا نەیانتوانیوە باوەڕ بەئاشتی ڕاستی بێنن و هاوکار بن لەبەرەو پێشەوە بردنی ئەو پرۆسەیەی ئیمرالی و قەندیل و کوردهەموو کارێکیان بۆ کردوەوهێشتاش بەردەوامن، تورکیا دەیەوێت بڵێ هەنگاوەکان لەڕێگەی ئیمرالیەوە بەرەو پێش دەچن و پێویست ناکات نەلایەنی سێیەم نەکەسی ترئاگادار بن لەکاتێکدا ئەمە خۆی کوشتنی کات و کوشتنی ئاشتی و دەستخەڕۆ کردنیشە، دەنا دەبوو ئێستا نەک سەلاحەدین دەمیر تاش ئۆچئالان و زۆرێکی تر لەزیندانی سیاسی کورد لەدەرەوەی زیندان بان.
تورکیا لەوە ناچێت لەناو خۆدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ باوەڕ هێنانی تورک بەئاشتی لەگەڵ کورد نابێت، چونکەتا ئێستاش لەدەرەوەو لەناو تورکیاش ڕقێکی ئەستور لەلایەن زۆرینەی تورکەوە بەرانبەر کورد هەیە، لە ئەوروپا ئەگەر بەیەکێک بڵێی من کوردم دەپرسێت باشە تورک بۆ ئەوەندە ڕقی لێتانە، ئەمە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتی تورکیە ئەو دیدە فاشیە بگۆڕن و مرۆڤی تورک بڕوادار بکەن بەوەی لەتورکیا ملیۆنان کورد هەن، پێویستە زمان و کولتورو جل و بەرگ وبوونیان ئازادبێت، هەڵبەت دەبێت تورک بگەنە ئەو ڕاستیەی کە هەر بۆ خۆی ناوی تورکیا سیمایەکی فاشیستانەی هەیە ، هەڵبەت بەو ئاوەزەوە کەتورک هەیەتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی