مادەی چوار، یەکەم خاڵی پێنجەم، لە قانونی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "سەرۆک لە دەنگدانێکی ئاشکرا..." هەڵدەبژێردرێت.
هەندێک کەس رەخنە لەو خاڵە دەگرن. من بەپێچەوانەوە، پێموایە، بۆ پێشڤەچونی دیموکراسیی و شەفافییەت، پێویستە ئەندام پارلەمانان بەئاشکرا دەنگبدەن نەک بەنهێنیی بۆ ئەوەی ئەندام پارلەمانەکان زیاتر هەست بە بەرپرسیاریی بکەن لە بەرانبەر دەنگدەرانیان و گەل.
دەنگدەران و گەلیش بتوانن باشتر لێیان بپرسنەوە کاتێک دەنگ بە پرسێک دەدەن کە لەگەڵ ویستی ئەوان و بانگەشەکانی ئەندام پارلەمانەکە لە رابردودا ناگونجێت. بۆ نمونە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا، هیچ ئەندام پارلەمانێک ناتوانێت خەڵک لە خشتە ببات و بڵێت دەنگی بە سەرۆک نەداوە، بێگومان بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە دەنگدان بە سەرۆک بە کارێکی باش نازانن.
بەدڵنیاییش دەزانم لە کوردستان پارلەمان و ئەندام پارلەمانان لەلایەن مەکتەب سیاسییەکانەوە قوڕمیش و کۆنترۆڵ کراون، بەڵام لە دەنگدانی ئاشکرادا باشتر ئازایەتیی ئەندام پارلەمانانمان بۆ دەردەکەوێت ئایا گوێ لە ئیرادەی دیموکراسیی و وڵاتییان و دەنگدەران دەگرن یان بەرژەوەندییەکانی مەکتەب سیاسییەکانیان و خانەی راپەڕاندن و ئەنجومەنی باڵا و ئەوانەی لە پشتی مەکتەب سیاسیی و خانەی راپەڕاندن و ئەنجومەنی باڵان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی