ئێمە کەری سوغرەکێشیی عوزێر پێغەمبەری کەس نین!!

10/05/2019

کامەران قازی

چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

 

ڕەوان شاد (کاک ئازاد مستەفا) ی ئازادیخوازیی نەتەوەیی و سکرتێری پاسۆک لە نووسینێکیدا کە جارێک لە گۆڤاری خوێندکاری کورد، زمان حاڵی خوێندکارانی نەتەوەیی کوردی ئەوروپادا بڵاو کراوەتەوە: ئاماژە بە خاڵی گرنگ و چارەنووس ساز و ستراتیجی سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەکەی دەکات و پێشبینیەکانی دەقا و دەق لە چەند پارچەی کوردستان و بە بەرچاوی هەموو گەلانی دنیاوە، دێنە دی و نەتەوەکەی، یا ڕاستتر سەرانی نەتەوەکەی لە هەمان بازنەدا دەخولێنەوە و بۆ دەیەمین جار نەتەوەکە تووشی سەرگەردانی و نائومێدی، دەکەنەوە.

کاک ئازاد دەڵێت:
" تا ئاڵۆزی و پشێویی لە ناوچەکەدا و لە نێوان داگیرکەرانی کوردستاندا بەردەوام بێت، دەرفەتی پشوو هەڵێنان و ئاسۆی خێر لەبەردەمی بزوتنەوەکەماندا زیاتر دەبێت. هەموو هێمنی و ( تفاهم ) و پێکگەیشتنێکی ئەو دەوڵەتانە و ( استقرار ) ی ناو خۆیان و سەقام گیر بوونیان لە سەر حسابی ئێمە تەواو دەبێت.... . ڕاستە لەو پشێوی و ئاڵۆزییەدا پشکێکی گەورەی بەر کوردستان دەکەوێ، بەڵام ئەگەر ( استقرار ) هەبێت هەموو ئاگرەکە ڕووی دەکاتە ئێمە، ئەوەی گرنگە هێزی کوردایەتی لەو پشێوی یەدا تا دەکرێ و ئیمکانە دەبێت نەبنە تاکە سەرچاوەیان  ونەبینە بەشێکی جیاوە نەبوەی یەک لەو دۆستە کاتی و ناچاریانە.

تا ئەو پەڕی ممکن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و بایی ئەوەندە پشت بەو هاوکارانە ببەسترێ کە پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامیی شۆڕش و گەشە پێدان و پەل هاویشتن بۆ لان و لایەنی دۆست و خاوەن بەرژەوەند و هاوکاری دیکە چ لە ئاستی ناوچەکە و چ لە ئاستی جیهانیدا.هاوکاریی ئەو دۆستە ناچارانە بکرێتە پرد و ڕیگەیە بۆ دۆزینەوەی دۆست و هاوکاری دیکە.

ئەوەش بەرچاو بگیرێ کە لەهەر کاتێکدا لەوانەیە ئەو سەرچاوەیە وشک کات، ئیتر نەبێتە ( مانگا مرد و دۆ بڕا ) و تەواو ئاشبەتاڵ!!. ئەو داگیرکەرانە و هەموو دنیاش لە بەر ناچاریی و پێویستیی و بەرژەوەندییە کە دۆستایەتیت دەکەن، کەس برای باوکی کەس نییە، دان و وەرگرتنە، مەسەلەکە معامەلەی سیاسییە و بەس، زیرەک و سەرکەوتوو ئەوەیە، ئەوەی وەری دەگرێ زیاتر بێ لەوەی دەیدا، تێشکاو و مایە پوچ ئەوەیە بۆ ئەو ڕۆژەی دەژی کە تێیدایە و هەر دەدا یا ئەو لایەنە دادۆشراوەکەیە!.
سیاسەتمان هەر لە لولەی تفەنگەوە دیتووە، نەشمان توانیوە لولەی تفەنگ بە ئەنجامی سیاسیی بگەیەنین." *

هەموو سەقامگیرییەکی سیاسی، ئابووری و سەربازیی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە، پشێوی و پەلامار و سووتان و کڵۆڵی و گۆڕینی سیمای نەتەوەیی ئەو بەشەی کوردستان بە دوای خۆیدا دێنێت.

چونکە هێزی شەڕ کە لەبەر لاوازیی و بێدەربەستی هێزی خێر کە خۆی لە بنەڕەتدا کەم و ناچالاک بووە لەناو ئەو نەتەوانەدا کە سەردەستن لە پارچەکانی داگیرکراوی کوردستاندا، بەهیز و چالاک و دیارە، ئەوا ئەو واتە هێزی شەڕی ناونەتەوەی سەردەست، دەبێتە فەرمانڕان و بڕیاردەر، بێگومان شەڕیش، لە هاو شێوە و هاو ڕەگەزی خۆی بەرهەم دێنێ، تەنانەت، هێزی خێری ناو ئەوبەشەش لە نەتەوەی کورد، کە سرشتیان پاک و مرۆڤدۆست و ئازادیخوازن کە ئەمانە سیفاتی هێزی خیرە جا لە هەر کەسێکدا هەبوو، تەنانەت زۆر بە توندی دەچێتەوە بەگژ ئەو هێزە خێرانەی کە لەو پارچانەی کوردستاندا هەن.

 بەنموونە هێزی شەڕ لە تورکیا، بە توندی دەستی لە پارتی هەدەپە وەشاند، کە ئەوان وەک هێزێکی خێر و میهرەبانییەکی نەتەوەیی، دەیانتوانی ئەو پلە هەڵکشاوە لە ڕەگەزپەرستیی تورکی کە سی و پێنج ساڵ زیاترە کاری لەسەر کراوە، ئارام بکەنەوە و ڕوخسارێکی تر بدەن بە پێکەوە ژیان و هەڵکردن، بەلام هێزی شەڕی سەردەست هیچ کات مەبەستی پێکەوە ژیان و ئاسوودەیی گەلانی وڵاتەکەیان نییە، ئەوان لە هەموو دەنگێکی ئازاد سڵ دەکەنەوە و دەترسن، مەکینەی زەبەلاحی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی بەشێک لە کوردستان، هەمیشە بەهۆی توندکردنەوە و زاخاودانی مێشکەکانەوە بە ڕەگەزپەرستیی نەتەوەی سەردەست، بزواوە و دەبزوێ.

ئەو شۆڤێنیزمەی لای ڕوناکبیرانی فارسی ئۆپۆزیسیۆنی ئاوارەی هەندەران، کە بەزۆری لافی چەپایەتی و مرۆڤدۆستی لێ دەدەن، دەبینت، هیچ کاتێک لای خاڵە ڕێبوارەکەی چینە ئاساییەکەی نەتەوەی فارس نایبینی، مەترسی ڕەگەزپەرستیی و منی باشتر لەوی خوارتر ( کە مەبەستیان نەتەوە بندەستەکانیانە)، بە پلەی یەکەم وا لەناو بیر و ڕاوێژ و قسە و قەڵەمی چینی ڕوناکبیری نەتەوەی سەردەستدا، ئەوان مامۆستای زانکۆ و نووسەر و پێشەوای دینی و ئاڕاستەکەری فکریی و ڕۆحی نەوەیەک و دوو نەوەن و ( ئەو منە بەرزەترە)، لە هزری وانەوە و لە ژێر قەلەمی ئەوانەوە و لە سەر زاری ئەوانەوە، لە مێشک و ڕۆحی نەوە داوی نەوەی نەتەوەی سەردەستدا، گەرای دانراوە.

مێژووی دروستکراو و قەبەکراو و شێوێنراو، کار و شاکاری مامۆستایانی زانستگە و سیاسەتمەدار و ڕۆحانی و نووسەران و هونەرمەندانی سەردەمە جیاوازەکانی ئەو وڵاتانەن کە بەشێک لە نیشتمانی کورد و نەتەوەکانی تریان داگیر کردووە و و شیواندووە.

بۆیە وەک کاک ئازادیش دەڵێت، ئەگەر دەسەڵاتێک لەوانە، هاوکارێکی سەردەمێکیشمان بێت، نابێت خۆمانی تەسلیم بکەین و پشت قایم بین بەهاوکارییان، ئەو هاوکارییانە ئەگەر بوونە سەرچاوەی یەکەم و بێ بەدیلی بزوتن و هەوڵەکانمان، ئەوا هەر لە سەرەتاوە گۆڕی حەتمیی ( بزوتن) ەکەمان بە دەستی خۆمان هەڵکەندووە.

تاقی کردنەوە تاڵەکان وامان پێدەڵێن و چەند بارە بوونەوەشی تاکید لەسەر ڕاست و دروست بوونی دەکەنەوە. ئۆردوغان هەر کە هەستی کرد، ئابووریەکەی کەمێ هەڵچووە و سامانێکی هاتۆتە دەستەوە، شەقی لەهەموو هەوڵە خێرخوازییەکانی لایەنە کوردییەکان هەڵدا و پەلاماری کوردی خۆرئاوای دا و (ڕوناکبیری تورکیش) نقەی لێوە نەهات، بە پێجەوانەوە ڕەگەزپەرستییەکەیان گوڵی کرد!!!.

ئەگەر پەیوەندییەکانمان نەبووە هۆی کردنەوەی دەلاقەی گەورەتر بۆ پەیوندی نوێتر و باشتر بۆمان، ئەوە ئاماژەیە بە هەڵە بوونی پەیوەندییەکە و بوونی کەمکوکوڕیی لە ڕەفتاری سیاسی و بیرکردنەوەی ستراتیجیی نەتەوەیماندا.

دنیا نە بۆتە گوندێکی بچووک و نەهەرگیز دەشبێتە ئەو گوندە بچووکە، ئێستایش، شاری گەورە شاری بچووک دەخوات و ماسی گەورە ماسی بچووک، سەرمایەی گەورە سەرمایەی بچووک و کۆمپانیای گەورە کارخانەی بچووک. نەتەوەکان ئەگەر وریا نەبن، هەر کۆمپانیای فەیسبووک دەیان خوات و بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، بیر و ڕەفتاری خۆیان و خێزانیان هەڵدەوشێنیتەوە وئاراستەی ئەو ئامانجەی دەکات کە دەیانەوێ. دنیا بۆ نەتەوە دەسەڵاتدارەکان و سەرمایە زلەکان و کۆمپانیا گەورەکان بۆتە گوندێکی بچوک و بازارێکی کراوەی گەورە.

کاک ئازاد باس لە بیر و بزوتنی بیر دەکات، کە لێرەدا بەشێکی بزوتنەکە بریتیە لە بیرکردنەوەی سیاسیی نەتەوەیەک، ئەو گەرەکییە کورد خۆی لەو وابەستەییە ( تا حەددی ئیمکان ) ناوچەییە ڕزگار بکات و ڕوو لە پەیوەندی نێودەوڵەتی بکات، چوونکە دەزانێت، پەیوەندییە ناوچەییەکە، بەزۆر حوکمی ناچاریی، پەیوەندی کورد دەبێت لەگەڵ یەکێک لەو دەسەڵاتانەی بەشێک لە کوردستانیان داگیر کردووە. خوێندنەوەکەی دەیبات بۆ ئەوە کە داوا لە نەتەوەکەی بکات، ئەم لایەنە واتە لایەنی پەیوەندییە ناوچەییەکەی لە پلەی لاوازدا بهێڵیتەوە و قورسایی کاریی خۆی بخاتە سەر پەیوەندییە جیهانییەکە.

 بەڕاستی ئەمەش بە ڕای من، داواکارییە لە ڕوناکبیرانی نەتەوەیی ئەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپان، کە ببزوێن بۆ بردنی مەسەلەی کورد بۆ ناو کۆڕە جیهانییەکان و وەک خۆی دەڵێت:

" لەوە نەترسین کێ چمان پێ دەڵێ و کێ لێمان زیز دەبێ و کێ پێمان خۆش دەبێ، دەبێ لە ناخ و ویژدانمانەوە و بە ئەو پەڕی باوەڕ بە عەدالەتی مەسەلەکەمان و خۆمان، چی لە سوود و بەرژەوەندی نێزیک و دووری نەتەوەکەمان بوو ئەوە بکەین....هەموو دنیا وای کردووە و ئیمڕۆ ئەوە سوننەت و جەبری مامەڵە و هەڵس و کەوتە، ئەوەی وا نەکات خۆی بۆ بۆرە پیاو بە کوشت دەدا و پێشی دەڵێن بە دەردی خوا مرد!!."

بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعود ئاگادارمان دەکاتەوە لە حاڵی خۆمان کە فرە بێ ئاگاین لێی و نمونە دێنێتەوە و دەڵێت:
 " کورد لە بارێکدایە ئەگەر لە تەشبیهدا نموونەیەکی مەیلە و خۆشکەڵانەی بۆ بهێنمەوە، وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت: بۆ دەرباز بوون هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا، نەک هەر دروستە بەڵکوو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی."

خۆشەویستی نەتەوە و لە ئەنجامی ئەم خۆشەویستییشەوە کار کردن بۆی، زۆر جوانە، نەتەوەکان زۆر شیرین و قسەیان خۆش و هونەریان بەرز و داب و نەرێتیان، بەشێکی سیستەمە گەردوونییەکەیە، چونکە زمان و ئەدەب و هونەر، ئاوێنەی جوانییەکانی سروشتن، دروستکردنەوەی ئەو گەورەیی و سەرسامییە بێ هاوتایەیە، کە نەتەوەکان بە ئەدەب و زمان و هونەریان، دەیخە قاڵب گەل و شێوازی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەوەی بەیەکتری بناسێنن، واتە هەر نەتەوەیەک بەشێک لە گەورەیی گەردوون و سیستەمەکەی، دەکاتە وشە و ئاواز و پیاهەڵدان و کاری بەرجەستە، نەتەوەکان یەکتر تەواو دەکەن، کارێکی هاوبەشیان هەیە، کە هەریەک بەشێکی ئەنجام دەدات، بۆیە دەبێت ڕێز لە بەرهەمی فکریی و جەستەیی و ڕۆحییان بگیرێت و هەوڵی وێرانکردن یا بچوککردنەوە و شێواندنی نەدرێت، چونکە لەم حاڵەتەدا، سیستەمە گەردوونییەکە زامدار دەکەین و کەلێنی تێدا دروست دەکەین، کە چاک بوونەوەی زۆر بەئازار و ڕەنگە مەحاڵ بێت و کاریگەریی پاشتری لە زۆر زیانی گەورەدا لە مرۆڤایەتی بەدیار دەکەوێت.

ئەم یاسا گەردوونیانە، کە یەکەیەکی زەبەلاحی بێکۆتایی و سەرسوڕ‌هێنەرە، ڕێگە نادەن کە ئازادیی نەتەوەیەک لەبەر هەر هۆیەک، قەدەغەبکرێت یا سنووردار بکرێت، ئازادیی فکریی دەبێتە هۆی گەشەی ڕۆحی و جەستەیی تاکی مرۆڤ، هەر ئەو کەسانە ئینکاری دەکەن کە هێزە ئەهریمەنییەکەی ناخیان، زاڵ بووە بەسەریاندا و لە دوای قافڵەی بەرە و باڵا چوونەوە، بە مانگە شەو دەوڕن.

خۆش ویستن و کارکردن بۆ باشتربوونی ئەو ژمارە خەڵکەی لە ناوچەیەکی دیاری کراودا دەژین و هاوبەشێکی دێرینەی بنیاتنانی شارستانەتی ئینسانەکانن و بەکورد ناسراون پێی دەڵێن ( کوردایەتی)، هەروەک بۆ سویدییەکان دەبێتە ( سویدێتی) و ....هتد بۆ نەتەوەکانی تریش.  بریتیە لەو هیزە خێرە فرە جوان و میهرەبانەی کە لە سەر ڕێڕەوی سیستەمە گەردوونییەکە دەیەوێت خزمەت بەو کەسانە بکات بۆ دوور خستنەوەیان لە پەشێوی دەروونی و ڕۆحی تا بتوانن لە سەر بەخشینە شارستانەتەکەیان بە نەتەوەکانی تر بەردەوام بن.

ڕۆمان نووس و خەباتگێڕی نەتەوەیی کاک ( حەکیم کاکە وەیس)  ئاوا زوڵم سەبارەت بە نەتەوەکەی و نەتەوەکانی تریش نەفرەت دەکات و دەڵێت: ئەو زوڵمەی عەرەب لە کوردی کردوە، ئەگەر کورد لە عارەبی کردبا من دەبوومە پێشمەرگەی عەرەب، هەتا ئێستا لەکام قەڵم و سەری قەبە و زلی نووسەرێکی نەتەوە سەردەستەکانتان بیستووە، یا لە نووسینێکیاندا خوێندوتانەتەوە کە بەو ڕۆحە ئینسانی و حەقخوازییەوە، وشەیەکی ئاوایان درکاندبێ؟!!

کوردایەتی کە مانای بیری خۆشویستنی نەتەوەی کوردە، گشتگیرە و فراونە، بۆیە بیرو بۆچوونە جیاوازەکان کە مایەی گەشانەوەیە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، دەبێتە هۆی ڕابوون و گەشەکردن و داهێنانی بەردەوام و دوورە لە خورافە و تەنگ بیریی و لووتبەرزیی و ئەو ( منە بەرزەی) عەقڵییەتی شۆڤێنیزمی زۆر جاران دروستکراوی فکری ڕوناکبیرانی نەتەوەی سەردەستەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە کە کوردایەتی دەکاتە تاقانەی بێخەوش و سەکۆی ئازادیی هەوڵدان بۆ گەشەی ئینسانی کورد وەک هاوبەشێک لە ڕابوونە ئینسانییە گەورەکەدا.

کوردبوونی ڕاستەقینە، حەق لە هەموو نەتەوەکان دەسەلـمێنێ، خاڵی جوداییان لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی نەتەوەی سەردەستدا کە لەبیری ڕوناکبیرەکانیاندا خۆ دەرداخات و دیار دەدات، ئەو خاڵی سەلماندنی حەق و نەسلماندنێتیەیە، ڕەگەزپەرستیی نەتەوە سەردەستەکان، هەمیشە وا بە شوین دروستکردنی پشێوی و ئاژاوە و تێکدان و تەزویر و خورافەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامی لە قاڵبدانی بیرەوە سەرچاوە دەگرێت، بڕوا دێنیت بە کۆمەڵێکی دیاریکراو لە یاسای دەستکرد کە پێی وایە هەر ئەوانە دروستن و بۆ سەلماندی بەناحەقی ئەم یاسایانەش داوای ملکەچ بوون لە نەتەوەکانی تر دەکات و زۆر بەکار دێنێت بۆ ملەکەچ کردنیان، کە لێرەدا ڕێگای بەرەنگار بوونەوە و ئیجازەی بەرهەڵستکردن دەدات بە نەتەوە زۆر لێکراوەکە، دەنا نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد هەرگیز زوڵمی لەکەس نەکردووە و پەلاماری کەسی نەداوە مەگەر وەک مامۆستا مەسعود دەڵێت: خۆی هاتبێتە بەر کوتەکی کوردەوە.
ڕەوا بوونی مەسەلەیەک کە بەئاشکرا و بە تۆپزی ئینکاریی دەکرێت، ڕێگەی داوە شێوازی جودای بەرەنگار بوونەوەی بەرانبەر بەکار بێت.

بیرمەند و دڵسۆزانی نەتەوەیی کوردیش وەک هەموو خەمخۆرانی نەتەوەکانی تر، هەمیشە بزوتنی فکریان مەبەست بووە لای نەتەوەکە و ویستویانە، فکر ئاراستەی ڕەفتارەکان بکات، چونکە ئەخلاقی زانستی بەر لە زانستی ئەخلاقە و ئەگەر ئەخلاقێک کە فکرێکی خێر لە پشتییەوە نەبێت، ئەو سەروەر نەبێت، زانستی ئەخلاق بەتاڵ و کارەسات دروست دەکات، مەسەلەکە ئاگادار بوونە لە دروستیی فکر و ئاڕاستەی ئەخلاقیی فکر کردنەوە، بۆ پاراستنی مافی نەتەوە جوداکان، ئێدی سەروەت بێ فکرێکی دروست هیچ بەرهەمێکی خێر نادات بەدەستەوە و فکری بنج بەستوویش سەرئەنجامی گەیشتن بە خورافە و ڕاڤەی خورافاتی دەبێت، لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە بۆ سەروەت و فکری لە قاڵب دراو:

کیانوری سکرتێری یەکەمیی حیزبی تودەی ئێران لە دواین ڕاڤەکردنەکانیدا بۆ داڕمان و داتەپینی ڕژێمی سوسیالیستی یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوکاتە دەڵێت:
           " ئەگەر سەرما و سەهۆڵبەندانی سیبیریا نەبایە، بێگومان سیستەمی سوسیالیستی سەردەکەوت".
ئەوەندە بەسە بۆ لێکدانەوەی ئەو بۆ چوونە خورافییەی ( کیا نوری)، تەماشایەکی سوید و نەرویج و وڵاتانی تری سکەندناڤیا بکەین، کە هاوسێی سۆڤیەتەکەی ئەون و هاوبەشی گەورەی کەش و هەواکەی لە سەهۆڵ بەندان و سەرماو سۆڵەدا.

کاتێک کە ئیمارات و دوبەی سەحرایەکی کاکی بەکاکی بوو، نەوتی تێدا دۆزرایەوە، نەوتەکە بووە هۆی ئەوەی کە فیکرێکی کراوە و دروست کە لە مێشکی شێخ زایدا بوو بکرێتە واقیع. ئەو دەڵێت:

" نابێت هاوڵاتیی لەنیشتمانی خۆیدا کرێ گرتە بێ،چونکە شوێنی نیشتەجێ بوون مافە، نە بەخشینە و نە
  میهرەبانی". ڕەوانت شاد  بێت.

سەرنچ : نووسینەکەی کاک ئازاد لە ژمارە ٢١ ی گۆڤاری خوێندکاری کورددا خەرمانانی ٢٦٠٧ کوردیی بەرانبەر بە
          ١٩٩٥ ی زاینیی بڵاو کراوەتەوە، ناونیشانی وتارەکەش هەر لە پەرەگرافێکی نووسینەکەی کاک ئازادەوە
          وەرگیراوە، ڕۆحیان شاد و ڕێگای پڕ خێریان ڕۆشن و قوتابخانەکەیان پڕ لە خوێندکاری دڵسۆز بۆ کورد و
          مرۆڤایەتی، بێت.














ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی