بۆچی خوێندنی "تێکەڵاو" (ئۆنلاین + ناوکلاس) پێویسته ؟
لە دوای ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی مانگی ڕابردوو لە ناوچهكه ڕوویاندا، پرۆسەی خوێندن له کوردستان بۆ ماوەیهك بوو بە ئۆنلاین. كه بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە پۆلەکان ئاوەدان ببنەوە. ئەم مانگە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی بەراوردێکی ورد بکەین لە نێوان توانای کەرتی حکومی و تایبەت لە بەڕێوەبردنی خوێندنی ئۆنلایندا.
پارادۆکسی مووچە: پارە هەموو شتێک نییە!
زۆر کەس پێیان وایە کەرتی تایبەت چونکە پارەی زۆرە سەرکەوتووە، بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەیە. لە زۆربەی قوتابخانە تایبەتەکان، مووچەی مامۆستا لە نێوان (٤٠٠ بۆ ٦٠٠) هەزار دینارە، لە کاتێکدا لە کەرتی حکومیدا مامۆستا هەیە دوو هێندە و سێ هێندەی ئەوە وەردەگرێت. کەواتە کێشەکە "نەبوونی پارە" نییە، بەڵکو کێشەکە "سیستەمی کارگێڕی" و"لێپرسینەوە"یە. بۆ نموونه:
١. جیاوازی لە لێپرسینەوە و بەدواداچوون :
لە کەرتی تایبەتدا، مامۆستا پابەندە بە بەرهەم و ئەنجام. بۆ نموونه، ئەگەر وانەی ئۆنلاین بە کوالێتییەکی بەرز پێشكهش نهكات، لەلایەن ئیدارەی قوتابخانەکەوە سزا دەدرێت یان دوور دەخرێتەوە. بەڵام لە کەرتی حکومیدا، سیستمێکی "پاداشت و سزا"ی کارا بوونی نییە؛ مامۆستا وانە بڵێتەوە یان نەیڵێت، مۆبایلەکەی بەکاربهێنێت یان نا، مووچەکەی پارێزراوە بهو وهزعهی ئیستای مووچهشهوه بێت ههر زیاتره له كهرتی تایبهت . ئەمەش ساردییەک لە ئەدای کارگێڕیدا دروست دەکات.
٢. کوالێتی و توانای کەسی:
کەرتی تایبەت جەخت لەسەر" كارامهیی" دهكاتهوه. بۆ نموونهی له بواری ئایتیدا جهخت له "کارامەیی تەکنەلۆژی" مامۆستا دەکاتەوە. مامۆستا ناچارە فێری زووم، گوگڵ کلاسڕوم و مۆنتاژ ببێت. لە کەرتی حکومیدا، سەرەڕای بوونی مامۆستای زۆر بەتوانا، بەڵام سیستمەکە وای لێ نەکردوون کە پەرە بە توانای دیجیتاڵییان بدەن، بۆیە لە کاتی قەیراندا کەرتی حکومی تووشی شۆک دەبێت و تەنها بە ناردنی چەند ڤیدیۆیهكی یوتوب و چهند فایلێكی PDF ئەرکەکەی سەرشانی لادەبات.
بۆچی پێویستە خوێندن "تێکەڵاو" بێت؟
ئەزموونی ئەم ماوهی ڕابردوو سەلماندی کە ناکرێت تەنها پشت بە "وایت بۆرد و قهڵهم ماجیك" ببەسترێت. خوێندنی تێکەڵاو (ئۆنلاین + ناوکلاس) پێویستییەکی حەتمییە چونکە:
ئامادەیی بۆ قەیران: هەر کاتێک گرفتێکی ئەمنی یان سروشتی هاتە پێش، پرۆسەی خوێندن ناوەستێت.
کەمکردنەوەی جیاوازییەکان: ئەگەر حکومەت سیستەمی ئیداریی قوتابخانەکان مۆدێرن بکات، دەتوانێت بە هەمان ئەو بودجە زەبەلاحەی هەیەتی، کوالێتییەکی وا دابین بکات کە قوتابیانی هەژارنشینیش هەمان ئاستی خوێندنی کەرتی تایبەتیان دەستبکەوێت.
پەرەپێدانی تێگەیشتن: قوتابی لە ناو پۆل گفتوگۆ دەکات و لە ماڵەوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ڤیدیۆ و سەرچاوە دەبینێت.
گۆڕینی مۆبایل و ئایپاد لە "یاری"یەوە بۆ "فێربوون": ئەمە گەورەترین دەستکەوتی خوێندنی ئۆنلاینە. قوتابی فێردەبێت کە ئەم ئامێرانە تەنها بۆ (پەبجی و یوتیوب) نین، بەڵکو دەتوانێت وەک کتێبخانە و پۆلێکی گەڕۆک بەکاریان بهێنێت. فێردەبێت چۆن سێرچ بکات، چۆن بچێتە ناو پلاتفۆرمە زانستییەکان و چۆن کارامەییەکانی "خۆفێرکردن" لە خۆیدا پەرەپێبدات.
ئامادەکردنی نەوەیەک بۆ داهاتوو: جیهانی داهاتوو جیهانی تەکنەلۆژیایە. قوتابییەک کە لە قۆناغی بنەڕەتییەوە فێری بەکارهێنانی ئیمەیڵ، زووم، و پلاتفۆرمە پەروەردەییەکان نەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا تووشی "نەخوێندەواریی دیجیتاڵی" دەبێت. خوێندنی ئۆنلاین ئەو ترسە دەشکێنێت و قوتابی دەکاتە بەشێک لە سیستەمی جیهانی.
له كۆتاییدا دهتوانیین بڵێین، خوێندنی ئۆنلاین تەنها كات بهڕێكردن نییە، بەڵکو بەشێکە لە گۆڕینی عەقڵیەتی پەروەردەیی. کاتی ئەوە هاتووە وەزارەتی پەروەردە لە جیاتی خەرجکردنی ملیارەها دینار تەنها بۆ مووچە و بینا، کەمێکیش وەبەرهێنان لە "سیستەمی ئەلیکترۆنی" و "پەرەپێدانی مامۆستا"دا بکات. جیاوازییەکە لە گیرفانی مامۆستا نییە، بەڵکو لەو سیستمە ئیدارییەدایە کە وا لە مامۆستا دەکات داهێنان بکات یان تەمەڵی بكات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی