ئێران لەدوو ڕیانێكی ئاڵۆزدا

11/05/2019

حەسەن بارام

دەمێكە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێك، ئیتر ناتوانێت بەم مۆدێل وفۆرمە لەسیاسەت وكێشمەكێش وململانێ هەمە چەشنەوە بەڕێوە بچێت ،دوای تێپەڕبونی سەدساڵ بەسەر ڕێككەوتنامەی سایكس ـ بیكۆدا ، گلانی ناوچەكە بە پرسی تیرۆر ودەركەوتنی چەند دەوڵەتێكی زلهێزی وەكو ئێران وتوركیا ، سەرهەڵدانی ڕاپەڕین وئاڵۆزییەكانی وڵاتانی عەرەبی ،  زیادبون وقوڵبونەوەی ململانێ وكێ بڕكێكانی وڵاتانی زلهێز لەناوچەكەدا ، هەموو ئەمانە پێكەوەڕا پێمان دەڵێن ، ئەم ناوچەیە پیویستی بە گۆڕانكاری ودەستكاری فۆرمە سیاسی وجوگرافیاكەی هەیە ، ئێمە بینیومان لە دە ساڵی ڕابواردوودا چەند گۆڕانكاری وئاڵوگۆڕ ڕویانداوە ، ئەگەرچی هێشتا زۆر گۆڕانكاری تر ماون ، یەكێك لەو هەنگاوانەش كە خەریكە فۆرمەڵە دەبێت ولە ناوەندە ستراتیژی وجیهانییەكان دا كاری لەسەر دەكرێت ، داماڵینی ڕۆژهەڵاتە لەهەموو جۆرە زلهێزێك .

لێرەوە قسەوباسی ئێران دێتە پێشەوە ، بەو پێیەی هێزێكی گەورەی ناوچەكەیە ولەئێستادا جگە لەئێران هەژمونی بەسەر چوار وڵاتی تردا هەیە ، سەرەڕای پێشبڕكێكانی لەگەڵ ڕۆژئاوا وتەنانەت كەنداو وئیسرائیل دا ، ئەمە پێمان دەڵێت ئیتر نۆرەی ئێرانە ولەمە زیاتر بواری نادرێت نەك پێشڕەوی زیاتر بكات وهەژمونی زیاتر بێت ، بگرە كار بۆ پەلوپۆكردنی دەكرێت .

لەئێستادا جموجۆڵە سیاسی ودیبلۆماسی وسەربازیی وهەواڵگرییەكان ، بەشێواز وئەندازەی جیاجیا پێمان دەڵێن زەنگی شەڕ وپێكدادان لەناوچەكەدا لێ دەدرێت .

لێدوانە هەمەچەشنەكان ، قسەوباسی نێو ناوەندە جیهانیەكان ، لاپەڕەی ڕۆژنامە گرنگەكانی دونیا ، هەموو ئەگەر وپیشهاتەكان پێمان دەڵێن ناوچەكە لەبەردەم مەترسی جەنگ وئاڵوگۆڕی گەورەدایە ، كە بەڕونی لەئێستادا ئێران وهاوپەیمانەكانی كراونەتە ئامانج .

سەرجەم زانیاری وپێشهات وئەگەرەكان ، باس لەڕوودانی جەنگ دەكەن ، بەڵام ئێستاش ئەوەی نەچووە بچێت پێم وایە جگە لە بژاردەی شەڕ بژاردەی ئاشتی وڕێككەوتنیش بونی هەیە ، چونكە هەنوكە تۆپەكە لەساحەی ئێران دایە ، ئەمریكا بەڕاشكاویی ئێرانی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەوە ، یان مل بدات بۆ سەرجەم داواكانی ئەمریكا وڕۆژئاوا ، لەنمونەی داخستنی دۆسییەی چەك ودەستبەرداربون لەو وڵاتانەی كە هەژمونی بەسەریاندا هەیە ، كۆتایی هێنا بەهەڕەشەكان بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل وكەنداو ، بەكورتی خۆبەدەستەوەدانێكی هەمە لایەنە ، خۆ ئەگەر ئەمەش قبوڵ نەكات ئەوا  ئەگەری ڕوودانی جەنگێك لەناوچەكەدا هەیە ، كە نەك تەنها ئێرانی پێوە دەگلێت وزەرەرمەند دەبێت ،بەڵكو چەندین وڵاتی وەك عێراق پرشكی ئەو ئاگرە دەیگرێتەوە ودەبێت بەشێك لەمەیدانی جەنگەكە .

ئەگەرچی عەقڵیەت وكلتوری سیاسی ڕۆژهەڵات ئەوەمان پێ دەڵێت كەمتر ملدان بۆ ئاشتی ودیفاكتۆ دادەنرێت ، بەڵكو هەمیشە كلتوری بەرپەرچدانەوە وجەنگ ئامادەگی هەیە، دواجار پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئێران بەپێچەوانەی ئەو كلتورە سیاسییەوە مل بۆ ئاشتی وڕێككەوتن دەدات ؟ یان خۆی وناوچەكە ڕوو بەڕووی جەنگێكی كاولكەر دەكاتەوە؟

حەسەن بارام


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی