فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی ھەرێم !

13/05/2019

ئارێز عەبدوڵڵا


لە ھەلومەرجێکدا کە ھەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتە باشەکانی رێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ ھەواڵی گواستنەوەی نزیکەی ھەموو فەرمانبەرە یەکێتیەکان و چەند پارتیەکی ناو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتەکان بڵاوکرایەوە. ئەو ھەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێک بوو کە بە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونکە: 
یەکەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێکە لەوێ کاردەکەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بوان.
دووەم: ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێک دەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو.
سێیەم: سەیرکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی کارێکی نەشیاوە، ئەبێ ھەموو لایەک بزانین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانن و ناکرێ لایەنێک یان چەند لایەنێک لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بکەن.
چوارەم: لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناکرێ بەھۆکاری بیروبۆچونی جیاواز ھاوڵاتیان بەگشتی و کارمەندانی حکومەت بەتایبەت لە مافەکانیان بێ بەش  و جیاکاریان پێبکرێ.
پێنجەم: سزادانی بەکۆمەڵ کارێکی نا دەستوری و رێکارێکی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە ھەنگاوانە بندرێن.
شەشەم: راستە چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتیەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟  
حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش ھەواڵێکی وا ھەیە کە ھەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشکردن دەکرێن. ئەوەش ھەنگاوێکە کە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ.
لە کۆتاییدا ھیوادام سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئاییندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەکێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکی کوردستان دروست دەکەن.

ئارێز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی