عێراق لە هاوینێكی گەرم و تاریكدا

15/05/2019

هونەر تۆفیق

ئەمریكا چۆن جەنگ بەرپا دەكات ؟
لەسەرەتاوە باشترە لە چۆنیەتی هەڵگیرساندنی جەنگی ئەمریكایی تێبگەین ! ئەمریكا هیچ كات بەبێ گەلەكۆمەكی ( تحشد) و هاوپەیمانی دروستكردن بۆ جەنگ ، بەشداری جەنگ ناكات . مێژووی جەنگەكانی ئەمریكا لە هیچكامیاندا بەبێ هاوپەیمانی گەلەكۆمەكی بەشداری نەكردووە . هەرچەند هێز و توانای سەربازی ئەمریكا سەدان جار لە سوپاكەی سەدام حسەینی عێراق باڵاتربوو ، بەڵام لەهاوپەیمانیەكی نێودەوڵەتیدا كە لە دەیان وڵات سازیدابوو جەنگەكەی بەرپاكرد وهێرشی كردە سەر عێراق و سەدام حسەینی لە دەستەڵات خست . 

بۆ هەر جەنگێك ئەمریكا پێویستی بە دوو جۆر شەرعیەت هەیە ، یەكێكیان شەرعیەتی ناوخۆیی یە كە خەڵكی ئەمریكا و كۆنگرێس پەسەندی دەكەن . شەرعیەتی دووەمیان دەرەكی و نێودەوڵەتیە ، بۆ ئەوەی رووبەڕوی لێپێچینەوە و تاوانباركردنی یاسایی نەبێتەوە . 

بڕیاری جەنگ لە ئەمریكادا بڕیارێكی قورس و زەحمەتە . چونكە دەستەڵاتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی هێزە سەربازیەكان لە ٣٠ ڕۆژ زیاترنیە . لەو ماوەیە زیاتر لە دەستەڵاتی كۆنگرێسدایە .

وەكو تر بەشێكی سەرەكی دەنگدەرانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ،بەپێ ی ئەو بەڵێنانە دەنگیان بە ترامپ داوە كە دەیگوت چی دیكە نابێت ڕۆڵە ئەمریكاییەكانمان وەكو سەرباز لە دەرەوەی وڵاتدابن . پەیمانی بە خەڵكی ئەمریكادا كە ئەو سەربازانە بگەڕێنێتەوە ناو خێزانەكانیان . لەبەر ئەوە هەر جەنگێك ترامپ بەرپای بكات ، بەر لەوەی سەركەوتن بەدەست بهێنێت ، لە ئەگەری هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كەسی ترامپ و پارتی كۆماریەكان دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكە لە ئێستاوە مسەوگەر دەكەن . 

ئایا ئەمریكا و ئێران دەجەنگێن ؟
شەڕی ساردی نێوان ئێران و ئەمریكا تەمەنی چل ساڵ دەبێت . لەماوەی ئەم چل ساڵەدا ئەو دوو وڵاتە بەهەموو گەرمیەكانی گوتاری دژ بەیەكیان لەو شەڕە ساردەدا بڕیاریان نەداوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە . 

لە دیدی ستراتیژی ئەمریكاوە لە سەردەمی هێزی عێراقی سەدام حسەیندا ، دۆڕاندنی ئێران ، بەهێزبوونی سەدام حسەین بوو ، كەنەدەبوو ڕووبدات . 

لە ئێستاشدا سەرباری هەموو زیادەڕوەوی و سەركێشیەكانی ئێران لەناوچەكەدا ، كەوتنی ئێران دەكاتە بەهێزبوونی یەك جەمسەرەی سعودیەی عەرەبی و توركیای ئیخوانی . ئەمریكا چەندە لەگەڵ مانەوەی سعودیەدایە ، ئەوەندەش نیگەرانە لە بەهێزبوون و تاك جەمسەربوونی سعودیە لەناو جیهانی ئیسلامیدا ، بەتایبەتی میسر كە رۆڵی هێز و بەڵانسی لەبەرانبەر سعودیەدا لەدەستداوە ، توركیاش ناتوانێت تاسەر نوێنەرایەتی دنیای ئیسلام بكات، بەپێ ی دەستورە عیلمانیەكەی ئەو وڵاتە و ئەگەری هەڵنەبژاردنەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیادا . 

بونی دەوڵەتێكی ئیسلامی وەك ئێران بۆ بەڵانسكردنی سعودیە بۆ ئەمریكا پێویستە ، بەڵام بەم سەركێشیانەوە نا كە لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین و عێراق و یەمەندا دەیكات دژ بە ئەمریكا و ئیسرائیل .

ڕوسیا بۆچی بێدەنگە ؟
لە ڕوسیای سەردەمی حوكمڕانی پوتیندا ، بچوكترین جوڵەی ئەمریكا لە ژێر چاودێریدایە و وەڵام دەدرێتەوە . بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا كە هاوسێ و هاوسنووری روسیان وەكو ، ئۆكراینا ، پۆلۆنیا، جۆرجیا .. هتد . لە دووریشەوە روسیا بەرەنگاری باڵادەستبوونی ئەمریكا دەكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگای بەشداری ڕاستەوخۆی سوپای ڕوسیا لە سوریادا ، هەروەها ڕاكێشانی توركیا لەناو ناتۆوە بۆ هاوپەیمانی ڕوسی یان باشترە بگوترێت هاوپەیمانی ئەستانە ( روسیا ، ئێران ، توركیا ) بەڵام لەبەردەم ئەو هەڕەشە توندانەی ئێستای ئەمریكادا بۆسەر ئێران كە هاوسنوورە بە ڕوسیاوە ، مۆسكۆ بێدەنگە و هیچ جۆرە گوتارێكی ئاشكرای سیاسی یان سەربازی روسی بەدی ناكرێت !!

ناكرێت ئەمە بە پشتكردنە ئێران لەلایەن ڕوسیاوە لێكبدرێتەوە چونكە تێكچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسی ئێران بۆ ڕوسیا دەكاتە بومەلەرزەیەكی مۆسكۆ هەژێن لەلایەن ئەمریكاوە . كەواتە بۆچی ڕوسیا بێدەنگی هەڵبژاردووە ؟

هاوینێكی گەرم و تاریك لە عێراقدا ؟
روسیا لەوە دڵنیایە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریكی و ئێرانی دوورە لە ڕوودانەوە . بەڵام نیگەرانیش نیە لە گواستنەوەی ئەو جەنگە بۆ ناڕاستەوخۆ لەنێو خاكی عێراق و سوریادا . ئەم هاوینەی عێراق ئەگەر جەنگە ئێرانی - ئەمریكیەكەشی تیادا بەرپا نەبێت ( بەوەكالەت ) ئابڵۆقە ئەمریكیەكە بۆسەر ئێران توشی هاوینێكی گەرم و تاریكی دەكات .

عێراق بەپێ ی كڕینی غاز و كارەبای ئێرانی بایی ٥٠٠٠ میگاوات كارەبا لە ئێرانەوە دەكرێت . مەرجی ئەمریكاییەكان بۆ بەردەوامی كۆمەك و پشتیوانی ئەوان بۆ عێراق ، بڕینی پەیوەندیە سەربازی و بازرگانیەكانیانە لەگەڵ ئێراندا كە غاز و كارەباش دەگرێتەوە . بڕینی ٥٠٠٠ میگاوات كارەبا و نەبونی چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەو گرفتە حكومەتی عێراقی لەم هاوینەدا توشی شڵەژان و توڕەیی خەڵك دەكاتەوە . پێدەچێت سوڕێكی تر لە جەنگی ناوخۆی سونە و شیعە ، شیعە و شیعە و كورد و عەرەب دەستپێبكاتەوە كە هەریەك لە ئەمریكاو ئێران بەشداری ناڕاستەوخۆی تێدادەكەن . 

ئەمریكا بەهەموو توانایەوە هەوڵی دروخستنەوەی جەنگی ئیسرائیلی لەگەڵ جیهانی ئیسلامدا دەدات . بەریەك كەوتنی ڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران ، تێوەگلانی ئیسرائیلیش لەو جەنگەدا لە ڕێگەی سوریاوە دژ بەئێران، هەستی موسڵمانبوونی دنیای ئیسلام دەبزوێنێت كە ئیسرائیل بە دوژمن و ئێران بەدۆست بناسرێت . ئەم مەترسیە هۆكارە بۆ دوورخستنەوەی ڕووبەڕوو بونەوە لەگەڵ ئێراندا لە سوریادا . بۆیە چەقی ململانێ و جەنگەكە دەخەنەوە ناو عێراقەوە كە ئەگەری بەشداری هیچ لایەنێكی دەرەكی تێدا نەبێت جگە لە ئێران و ئەمریكا خۆیان بە تەنیا . 

هەرێمی كوردستان لەناو هاوینە گەرمەكەی عێراقدا !؟
پێدەچێت پێگەی سیاسی هەرێم لەناوچەكە و جیهاندا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێچ ڕیفراندۆمەكەی ٢٥ ی ئەیلول . بەڵام قەیرانی داراییەكەی سەختتر دەبێت لە ساڵی ٢٠١٦ . بێلایەنی هەرێم لەو جەنگەدا ناكاتە بەهێزبوونی ئابووریەكەی . ئەگەر سیاسەتێكی دروست و باڵانسكار لەهەرێمدا پەیڕەونەكرێت ، غازی هەرێم دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤی غازی ئێرانی بێت بۆ عێراق تا كارەباكەی پێ دابین بكات ، هاوكات لەبەرانبەر پێدانی غازدا ، هەرێم بەشێك لەسەربەخۆیی شەفافانەی نەوتەكەی بۆ داهاتی ناوخۆی بە ڕەزامەندی بەغدا مسەوگەربكات . بەڵام لەناو ئەم گێژاو و بەربەستە سیاسیانەی لەهەرێم و عێراقیشدا دەگوزەرێت پێناچێت كورد توانای دروستكردنی هێزی بەڵانسی هەبێت كە سەرچاوەكەی لە بێلایەنیەوە دروست دەبێت .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە