سیاسەت لە نێوان چاکەی گشتیی ئەرسەتۆ و بازاڕی هاوپەیمانییە کاتییەکاندا

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

سیاسەت بەتەنیا یاریی ژمارەی کورسی و هاوپەیمانی نییە بەڵکو کایەی بەدەستهێنانی متمانەی گشتییە،هەر کاتێک متمانە ببێتە قوربانیی بەرژەوەندییە کاتییەکان ئەوکاتە سەرکەوتنی ژمارەیی ناتوانێت شکستی ئەخلاقی بشارێتەوە
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی «هاوسەنگی» لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ کە وادەردەکەوێت بناغەکەی لەنێو زیندان دانرابێت و دوای ئازادبوونی شاسوار عەبدولواحید وەک نمایشێک پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرا بەهۆی ئەو خێرایی و ناڕوونیەی قۆناغەکانی پێکهاتنیەوە بووەتە جێگای پرسیار و گومانی جیدیی هاووڵاتیان و چاودێرانی سیاسی ، بێگومان لە فەزای پراگماتیستی سیاسەتدا مافێکی ئاسایی هەر لایەنێکی سیاسیە هاوپەیمانێتی دروست بکات، بەڵام مافی ڕەوای ڕایی گشتییشە بپرسێت ئایا ئەم تێکهەڵکێشبوون و جۆرێک لە تەسلیم بوونە بۆ چاکسازیی و چاکەی گشتیە یان تەنیا مانۆڕێکە بۆ لایەنداری لایەکی ناکۆکیە سیاسیەکان و پاراستنی بەرژەوەندیە کەسی و حیزبیەکانی نەوەی نوێ؟

ئەرستۆ لە کتێبی سیاسەتدا جەخت دەکاتەوە کە مەبەستی باڵای دەوڵەت و کایەی سیاسی باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی خێری گشتییە، نەک تەنیا پاراستنی دەسەڵات ئەگەر سیاسەت لە خزمەتی گەل دەرچوو و بوو بە ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئۆلیگارشی و تایبەتییەکان ئەوا بێگومان ناوەڕۆکی فەلسەفیی خۆی لەدەست دەدات ،لێرەوە دەکرێت بە تێڕوانینی تۆماس هۆبس لەم هاوپەیمانییە بڕوانین هۆبس پێی وایە هێزە سیاسییەکان لە پێناو مانەوە و خۆپاراستندا پەنا بۆ هاوپەیمانی دەبەن ئەگەر ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی هێز بێت بەرامبەر بە نەیارەکانیان وەک ئەوەی خۆیان باسی دەکەن بێشک ململانێکان تەنیا فۆرمی نوێ وەردەگرن بەبێ ئەوەی بنەماکانی حوکمڕانی بگۆڕدرێن

نەوەی نوێ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە دروشمی ڕەدکردنەوەی تەواوی پێکهاتەی حوکمڕانی و بانگەشەی گۆڕانکاری و هێنانە کایەی دادپەروەری و ڕەتکردنەوەی کۆی سیستمی حکومڕانی و هەڵواسینی کاربەدەستانی دەسەڵات خۆی نمایش کرد بەمجۆرە وەک ئۆپۆزسیۆنبوونی ڕادیکاڵ ناسرا بەڵام ئەمڕۆ هەمان ئەو هێزە لەگەڵ یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی چەند دەیەی ڕابردوو هاوپەیمانێتی دەبەستێت !!
ئەگەر ئەم وەرچەرخانە تێڕوانینێکی ستراتیژیی نوێ بێت بۆ چاکسازی لە ناوەوەی سیستەمەکە دەبێت بە ڕوونی بۆ خەڵک شی بکرێتەوە چونکە دیموکراسی تەنیا لە سندوقی دەنگداندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە چەمکی وەڵامدانەوە و شەفافییەتدا مانا وەردەگرێت

ماکس ڤیبەر کۆمەڵناسی ناسراوی ئەڵمانیدەڵێت(سیاسەت هونەری هەوڵدانە بۆ گەیشتن بەو شتانەی کە لەوانەیە کردنی ئەستەم بێت) بەڵام ڤیبەر لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە سیاسەتمەدار ناتوانێت تەنیا بە دروشم بژی و بەس بەڵکو دەبێت بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامی بڕیارەکانی هەڵگرێت چونکە بڕیارەکان ڕاستەوخۆ چارەنووسی ژیانی خەڵک دەگۆڕن
ئەم هاوپەیمانیەتیەی ئێستا ڕێکەوتنی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بیرهێنانینەوە ڕێکەوتنێک کە لە کاتی خۆیدا هەڵمەتی زۆر گەورەی میدیای بۆکراو هیوای زەبەلاحی لەسەر هەڵچنرا بەڵام بەهۆی نەبوونی زەمینەی دامەزراوەیی و ململانێی ناوخۆییەوە نە توانی چاکسازییە بنەڕەتییەکان جێبەجێ بکات و نە متمانەی گشتیی پاراست مێژوو بە دەقیقی خۆی دووبارە ناکاتەوە بەڵام هەڵە ستراتیژییەکان دووبارە دەبنەوە ئەگەر وانەکانی ڕابردوو فەرامۆش بکەرێن

لەم سۆنگەیەوە فەیلەسوفی ئەڵمانی هابەرماس پێی وایە کە شەرعییەتی هەر بڕیار و هاوپەیمانییەکی سیاسی بەندە بە (پەیوەندیی دیالۆگی و ڕەزامەندیی گشتی لە پانتاییەکی ئازاددا) ئەگەر هاوپەیمانییەکان لە پشتی پەردەی ژوورە داخراوەکاندا و بەبێ ڕاوێژ و قەناعەتی پێشوەختەی جەماوەر بکرێن کێشەی شەرعییەت دروست دەکەن و لەلایەن پانتایی گشتییەوە سارد و پێشوازییان لێ دەکرێت و بەچاوی گومانەوە تەماشا دەکرێت

ئیمانوێل کانت پێی وابوو کە مرۆڤ نابێت هەرگیز بکرێتە ئامراز بۆ گەیشتن بە ئامانجی کەسانی دیکە بەڵکو دەبێت هەمیشە وەک ئامانج سەیر بکرێت لە کایەی سیاسەتدا ئەم بیرۆکەیە بەو مانایەیە کە دەنگی هاووڵاتی و ئومێدی گۆڕانکاری نابێت ببنە کەرەستەی بازرگانی و مامەڵەی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی باڵاترو دەستکەوتی کەسی گەورەترو زیاتر

ئانتۆنیۆ گرامشی نووسیویەتی ( قەیران ڕێک ئەو کاتە دروست دەبێت کە کۆنەکە ناتوانێت بمرێت و نوێکەش ناتوانێت لەدایک ببێت ) ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە ساتەوەختی نزیکبوونەوە لە کورسی دەسەڵاتدا پرەنسیپە جەوهەرییەکانی خۆی لەبیر بکات گوتاری نوێخوازی لەدایک نابێت و خەڵک دەگەنە ئەو بڕوایەی کە جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە نێوان کارەکتەرەکانی کایە سیاسییەکەدا بوونی نییەو ئەمەش داڕوخانی گشتی بۆ گۆڕنکاری و چاکسازی دێنێتە ئاراوەو خیانەتە لە متمانەی گشتی
هانا ئارێنت بیرمەندی سیاسیی سەدەی بیستەم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (هێز )ی ڕاستەقینە لە ڕەزامەندی پێکهاتن و هاوکاریی خۆبەخشانەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە قۆرخکاریی دامەزراوەیی و دەسەڵاتدا بۆیە هەر هاوپەیمانییەک کە متمانەی جەماوەری لەدەست بدات ئەوکات بە تەنیا پشتبەستن بە دەسەڵاتی دەزگایی ناتوانێت بەردەوامیی درێژخایەن مسۆگەر بکات

لەسەر ئاستی پراکتیکی ناوەرۆک و هێزو فۆرمی ئەم هاوپەیمانێتییە نەک نابێتە دەروازەیەک بۆ باشترکردنی کایەی سیاسی و ژیانی گشتی خەڵک بەڵکو بەپێچەوانەوە مەترسیی قووڵکردنەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییە زیاتر دەکات کە نزیک لە دوو ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پەکخستووە، نەوەی نوێ بەم وەرچەرخانە لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆوە بۆ تێهەڵکێشبوون لەگەڵ یەکێتی بە فەرمی بووەتە لایەنگری جەمسەرێکی ململانێ مێژووییەکە، ئەم پێشوەچوونە وا دەکات کە نەوەی نوێ لەبری ئەوەی ببێتە هۆکارێکی خێر یان نێوەندگیرێکی بێلایەن بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی خۆی ببێتە بەشێک و شەریکێکی ڕاستەوخۆی کێشەکە لەگەڵ جەمسەرەکەی دیکە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا سەرنجی چاودێران ڕادەکێشێت گوتاری چەند ڕۆژی ڕابردووی نەوەی نوێ و شەخسی شاسوار عەبدولواحید بوو کاتێک هێرش و سەنگەرگرتنی ڕاگەیاندنییان لە پارتی لە خودی یەکێتی توندتر و پۆپۆلیستیانەتر بوو! بە جۆرێک یەکێتی بوو بوو بەتەماشاکار !! ئەم دیمەنە بە تەواوی بەرجەستەکردنی ئەو پەندە باوە کوردییەیە کە دەڵێت
( کوچک لە ئاگر گەرمتر)کاتێک هێزێکی نوێی هاوپەیمان، لە پێناو سەلماندنی دڵسۆزی یان بەدەستهێنانی پێگەی زیاتر لە خودی خاوەن کێشە ئەسڵییەکە توندتر و ڕادیکاڵتر دەچێتە ناو شەڕەکەوە ئیتر مافی هەموو کەسێکە نەک بە گومانەوە سەیری بکات بەڵکوو هیچ متمانەیەکی بەڕێکەووتنەکە نەبێت و وەک تەسلیم بوون تەماشای بکات

هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم هاوپەیمانییە نوێیە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت بەڵام مێژووی سیاسیی ناوچەکە پیشانی داوە کە پارتی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ناو جەرگەی قەیرانە قورسە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بەهۆی داڕشتنی ستراتیژیی مانەوە و خاوەندارێتی لە پێگەیەکی جێگیری جەماوەریی پارێزگاریی لە پێگەی خۆی کردووە بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی هێزدا تەنیا بە کۆکردنەوەی ژمارەی کورسییەکان نایەتە دیی بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی قەناعەتپێکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی بەدیل هەیە

ئەلێکسیس دۆ تۆکڤیل لە کتێبی دیموکراسی لە ئەمریکادا دەنووسێت کە هێزی ڕاستەقینەی دیموکراسی لە متمانەی قووڵ و بەشداریی چالاکانەی هاووڵاتیاندایە کاتێک ئەو متمانەیە درزی تێدەکەوێت هیچ هاوپەیمانی و ڕێکەوتنێکی سەرکردەکان ناتوانێت ئایندەیەکی سیاسیی سەقامگیر بنیاد بنێت ، ئۆپۆزسیۆن کاتێک خاوەن مانا و شەرعییەتە کە لە ژێر هەر جۆرە گوشار و زەختێکی دەسەڵاتدا پابەند بێت بە بنەما نەگۆڕەکانی خۆی ، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوون تەنیا ستراتیژێک بێت بۆ ئەو کاتەی لە دەرەوەی دەسەڵاتەو لە کاتی نزیکبوونەوە لە کورسی دەسەڵات ئەو بنەمایانە پێشێل بکات و پشت لە دەنگ و متمانەی هاوڵاتیان بکات ئەوا بێگومان مافی هاووڵاتیانە بپرسن جیاوازیی جەوهەریی نێوان حیزبی دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن یاخود نوێخوازان و پارێزەرانی دۆخی باو چییە؟

لە ڕاستیدا هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە خۆیاندا نە پیرۆزن و نە نەفرەتلێکراون بەڵکو ئەنجامە پراکتیکییەکانیان شەرعییەتیان پێدەبەخشێت ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە نوێیە ببێتە هەوێنێک بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە و سەروەریی یاساو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک مێژوو وەک وەرچەرخانێکی ئەرێنی تۆماری دەکات ، بەڵام ئەگەر تەنیا وەک ئامرازێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەکاربهێنرێت، ئەوا وەک زۆرێک لە ڕێکەوتنەکانی پێشوو، تەنیا دەبێتە لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژووی شکستی تاقیکردنەوە سیاسییەکان، ڕاستیی مێژوو نەگۆڕە مرۆڤەکان لەوانەیە لەبیر بکەن کێ لە کام قۆناغدا لەگەڵ کێ هاوپەیمان بوو بەڵام هەرگیز لەبیر ناکەن کێ متمانە و کەرامەتی ئەوانی پاراست و کێ ئومێدەکانیانی کردە قوربانیی بەرژەوەندیی شەخسی و کاتیی خۆی.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە