پارتی و ڕوداوه‌كانی په‌لكانه‌ و خه‌می كه‌ركوك

پارتی و ڕوداوه‌كانی په‌لكانه‌ و خه‌می كه‌ركوك

دانا مه‌نمی


253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پارتی بۆ دروستبونی هه‌ركێشه‌یه‌كی سیاسی بیریشی له‌ خۆبه‌ پاڵه‌وان بوون و فریشته‌و فریادره‌سی ئه‌و كیشه‌یه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی كێشه‌كه‌و ڕۆڵی سوپه‌رمان بگێڕێت ، به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا خۆی بكاته‌ فریادره‌س و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه‌ دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بوو ، ڕوداوه‌كانی  گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ سنووری قه‌زای دوبزی باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كی پلان بۆ داڕێژراوی شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی و خه‌ڵكانی وه‌كو ڕاكان جبوری له‌ پشتییه‌وه‌ بێت ، مومكین نییه‌ پارتی له‌ناو ئه‌و پلانه‌دا رۆڵی نه‌بێت و سیناریۆی پلانه‌كه‌ی دانه‌ڕشتبێت ، پارتی له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ڕێگه‌ی میدیای بیستراو بینراو نوسراو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و مالپه‌ره‌ سێبه‌ره‌كانیه‌وه‌  دۆخێكی ده‌رونی ناجێگیری بۆ هاونیشتیمانیان خولقاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و ئه‌فكاره‌كانی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا نه‌بن ئه‌وه‌ ئیتر ئاسایش و سه‌قامگیری هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسیداریه‌ !

ئه‌گه‌ر خه‌می پارتی له‌ ڕوداوه‌كانی گوندی په‌لكانه‌دا بۆلابردنی ته‌عریب و پاراستنی شوناسی كوردایه‌تی و كوردبوون بێت ، ئه‌وه‌ پێویستی به‌و هه‌ڵایه‌ نه‌ده‌كرد كه‌ پارتی كردی ،ئاخر پارتی له‌و ڕوداوه‌دا ڕۆڵی نمایشی فلیمێكی ئه‌كشنی جیهانی بۆلیۆدی ده‌بینی كه‌ له‌ كۆتاییه‌كه‌دا سۆپه‌رمان ده‌گات و كونه‌مشك له‌ ئه‌كته‌ره‌كانی تر ده‌كاته‌ قه‌یسه‌ری ! ئه‌گه‌ر خه‌می پارتی بۆ زه‌وی و زاری كشتوكاڵی بێت ئه‌وه‌ له‌كه‌ركوك زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له‌ كورد له‌ دوای ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌و تا ئێستاش ئاسه‌واری ته‌عریب به‌رده‌وامه‌ و پارتی ئاماده‌ نییه‌ دۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌و ئیدامه‌ به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ ژێر سیبه‌ری ته‌عریبدا ده‌دات .

پارتی بۆ داپۆشینی شكستی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماسی خۆی له‌ ریفراندۆم دا ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر و باڵێكی یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ پلانی ژێر به‌ژێریان هه‌بووه‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و خورماتوو به‌ ڕێكه‌وتن  ڕاده‌ستی سوپای عێراق كراوه‌ ، به‌ڵام پرسی شنگال و فرۆشتنی خاك و خه‌ڵك به‌داعش دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ ده‌كات ! جارێ سه‌رچاوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌ ۲٥ـی ئه‌یلولی ۲۰۱۷ وه‌ هات كاتێك پارتی ئاماده‌ نه‌بوو عاقڵانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی ڕیفراندۆم دا بكات و به‌ ملهوری به‌ عه‌قلی خێڵه‌كییه‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی پێشكه‌ش به‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كرد ، ده‌مه‌وێت  بڵێم سه‌رباری تێبینی زۆرم له‌سه‌ر ڕوداوه‌كانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر نه‌به‌شان و باڵیان هه‌ڵده‌ده‌م و به‌رگریشیان لێناكه‌م به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاستیه‌وه‌ ده‌بێ بوترێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان له‌ ۲٥ـی ئه‌یلولی ۲۰۱۷له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕه‌ سوارانی به‌زیووی رێفراندۆم دا بوو كه‌ ده‌یانگوت ( بڕیاره‌كانی عێراق ناگاته‌ كوردستان و حیساب بۆ رای هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین !). 

 پارتی هه‌میشه‌ سه‌ركۆنه‌ی لایه‌نه‌كانی تر ده‌كات و تۆمه‌تباریان ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێریان له‌گه‌ڵ (جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌بادی و سه‌درو خه‌نجه‌رو فه‌تلاوی و نوسه‌یف و عامری و سوله‌یمانی) هه‌یه‌و ده‌یانخاته‌ به‌ره‌ی عیراقچێتی و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئیرانیزم ،وه‌لێ له‌ هه‌ر بوارێكدا پارتی سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بكات بۆخۆیشی توشی هه‌مان سه‌رزه‌نشت ده‌بێته‌وه‌و ڕوی له‌وان سپیتر نییه‌ و بۆخۆیشی هه‌مان په‌یوه‌ندی ژێر به‌ ژێری له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌ركرده‌ عه‌ره‌بانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان ڕۆڵی به‌شه‌یتان كردنیان بۆ ده‌گێرێت ، هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ خاوه‌نی ڤێلا و خزمه‌تگوزاری VIPین له‌ ژێر قه‌له‌مڕه‌وی پارتیدا ، چاوپێكه‌وتنه‌ ته‌له‌فیزیۆنیه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ كه‌ناڵی دیجله‌ زۆر ڕاستی دركاندو پارتیش به‌و وتانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌نگه‌تاو بوون و كه‌وتنه‌ لێدوان دژ به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی.

پارتی له‌ سه‌نگی جه‌ماوه‌ری خۆی له‌ كه‌ركوك تێگه‌یشتووه‌ و له‌ بیانوو ده‌گه‌رێت كه‌ دۆخی شاری كه‌ركوك سه‌قامگیری به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینێ ، هه‌وڵی پارتی له‌ كه‌ركوك بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی حیزبی یه‌ نه‌ك چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی متمانه‌و پێكه‌وه‌ ژیان و خزمه‌تكردنی كه‌ركوكییه‌كان ، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه‌و گوێ له‌و پروپاگه‌نده‌ی پارتی نه‌گیرێت كه‌ ده‌رهه‌ق به‌و شاره‌ ده‌یكات و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر یه‌كتر لابه‌رن وچیتر نه‌ كورد و نه‌ توركمان و نه‌ عه‌ره‌ب ئاواره‌ نه‌بێت .



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved