چەکی چنگی دەوڵەت !

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار شاوەیس





کەفوکوڵی چەککردنی گروپەکان لەعیراق بەنزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراوی پرۆسەکە بەرەو دامرکانەوە رۆشتوە. ئەمەش رێک پێچەوانەی چاوەروانیەکانە بەچەشنێک کەدەبوایە ئێمە رۆژ دوای رۆژی رۆشتن بۆ سی ئەیلول ، پەیتا پەیتا گروپ و سەرکردە و چەکدارەکانمان بدیایە کەچەکەکانیان لەئەمبارەکانی دەوڵەت و دامەزراوە سەربازیەکان دادەنێین. بەڵام شتێکی تر دەبیستین ، ئەویش بیستنی دەنگە دژەکان و بەرۆژی رووناک رەتکردنەوەی هەر جۆرە پرۆسەیەکی لەو بابەتەیە.

نەک سەرکردەی ئەم گروپانە وەک نوجەبا و سەید الشوهەدا بەڵکو شێخ هومام حەمودی کەعەرابە شیعیەکەی  دەستووری عیراق و ئەندامی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیە، یان هادی عامری کەئەندامی ئەو لیژنەیەی حکومەتە بۆ دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەر زۆر بەسوکی و ئاسانی پەردەیان لەسەر راستیەکە داماڵی و وتیان لەکۆتایی ئەیلول تەنانەت یەک گروپ چەکەکانیان رادەست ناکەن.

عەلی زەیدی ، پێدەچێ بەدیاریکردنی وادەیەک و پێدانی وەعدێک بەئەمریکیەکان بەردێکی گەورەی هەڵگرتبێت کەقودرەتی هاویشتنی نەبێت. هەر بۆیە لێرەو لەوێ دیمەنی ئەو هەوڵانە بەرچاومان دەکەوێ کەدەیانەوێ بارەکەی سەرشانی سەرۆک وەزیران سوک بکەن. بەتایبەتی لەلایەن دەستوپێوەند و نزیکەکانی سەرۆک وەزیرانەوە کاتێک دەڵێن سی ئەیلول وادەی رێکخستنەوەی چەکە لەلایەن دەوڵەتەوە. یان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆتایی مانگ وادەی کشانەوەی هێزە بیانیەکانە لەعیراق ( وادەیەک کەزۆر پێشتر لەهاتنی عەلی زەیدی بۆ کورسی دەسەڵات دیاری کرابوو ) یان هێما بەوە دەکەن کە سی سێپتەمبەر سەرەتای دەستپێکردنی ( نەک کۆتایی) پرۆسێسی کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاساییە لەلایەن دەوڵەتەوە( وتەبێژی حکومەت عیراق ئەمەی وت )

لەناواخنی ئەم مەسەلەیەدا، گەر بنکۆڵی پرۆسەی کۆنترۆڵی چەک لەعیراق بکەین، ئەوا دەبێت بگەرێینەوە بۆ مەفهومی دەوڵەت و دەسەڵات( پاوەر). هەروەک لەمەغزای قوڵی دەوڵەت و پەیوەندیەکانی بەچەمکی دەسەڵات و جیاوازی و دژبەر و دژیەکیەکانی هەردوو چەمکەکە لەفەلسەفەی سیاسی هەڵدەینەوە ( کەئەم وتارە شوێنی ئەوە نیە)

لەم سۆنگەوە و لە پەیوەندیدا بەم بابەتەوە، کورتیەکەی:

لەهەژانی ناو گۆرانکاریە سیاسیەکانی ناوخۆی وڵات و لە قوڵایی پێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە( رۆژهەڵاتی ناوەراست) ، پرۆسەی چەککردنی گروپە چەکدارەکان لەلایەن دەوڵەت مانای شەری راستەقینە و فعلی نێوان دەوڵەت و دەسەڵات دێت، وە هەرکاتێک ئەم گروپانە چەککران ئەوا مانای سەرکەوتنیەتی بەسەر دەسەڵات ( بەمانای پاوەر ). وە دواجار چەسپاندنی بنەماو پرەنسیپەکانی دەڵەت دێت لەتەواوی وڵات. کەئەمەش لەم ئان و ساتەدا ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئەستەمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی