یەكێتی سلێمانی دەكات بە هەرێمێكی سەربەخۆ؟

29/05/2019

شێرزاد حەسەن رەزا

دوای ۲۷  ساڵ لە حكومڕانی كوردی لە باشوری كوردستان،لە ژێر چەتری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا،خەڵكی ژیانێكی نیمچە سەربەخۆ و لە ئابووریەكی شڵۆقدا دەگوزرێنن.لە سەرەتاوە بە بەشەرێكی خوێناوی وكوردكوژی دەستی پێكرد تا ساڵی ۱۹۹۸ شتێك نەبوو بەناوی ئارامی سیاسی و دواتر بە ناوبژیوانی ئەمریكیەكان لە واشنتۆن كۆتایی بەو شەڕ و ئاڵۆزیە هات و رێكەوتنێكی ستراتیژی نیوان پارتی و یەكێتی لێكەوتوە،كە تا رادایەكی زۆر باش گوزرانی خەڵكی خۆشكرد ،لەسەرجەم بوارەكاندا هەست پێ دەكرا و بازارو شارەكانیش پێشكەوتنی باشی بەخۆوە بینی،بەڵام دواتر بە ناوی ئابووری سەربەخۆوە لەژێر پڕ و بیناوی نەزانی و مافی كۆمپانیا غازی و نەوتیەكان،هەرێمیان توشی قەیرانێكی توند كردەوە تا ئاستێكی زۆر مەترسیدار رێژەی بێكاری لە ٪٥ەوە بەرزكردەوە بۆ ٪۳۱.

زۆرینەی خەلكەكەی گەڕانەوە بۆ خوار هێڵی هەژاری.لەوەش هەنگاوی قورستر بڕیاری جێبەجێكردنی ریفراندۆم بوو لە ۲٥ ی ئەیلولدا.

زیانی زۆر گەورەی بە هەرێمی كوردستان گەیاند وباجی ئەو هەڵە سیاسیەش تەنها و تەنها لەسەر قووتی خەڵكی بەش مەینەتی كوردستان كەوتەوە.

لەدوای ۲٤٠ رۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ٪٦۱ دەنگی پەرلەمانتاران و بەبێ دەنگی یەكێتی ویەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ونەوی نوێ،كە ٪۳۹ دەنگەكان،نێچیرڤان بەرزانی بوو بە سەرۆكی هەرێم.

پرسیارە جەوهەرێكەی چاودێران ئەوەیە؛ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرنامەی كرداری چیە بۆ دوای ئەم هەلبژاردنەی ئیمڕۆو كە درێژكراوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە.

ئەوەی كە ئاگایانی سیاسی قسەی لەبارەوە دەكەن راگەیاندنی راپرسیە لە پارێزگای سلێمانی بە پێ ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە ۱۳ ساڵی ۲٠٠۸ ی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاكان ولەسەر داوای ۱/۳ ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یان داواكاری  ۱٠ كەس لە پەرلەمانتارانی سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق.

ئەوەی لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانە رێگا بە هەڵچوونی عاتیفیانەی فیسبووكەوانەكان نەدات،كە دنیایان بە پیرۆزبایی بێ بنەما و وتافی ناواقعی پڕكردوە،ئەگەرەكان كراوەن و هەرێم لە لاف و گەزافی دەوڵەت و سەربەخۆییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئیقلیمی پارێزگاكان،چارەسەرەی ئەم دۆخەش بە بڕیاری حەكیمانە و وریایانە دەكرێت،ئەگەر نا سەرۆك و وەزیر و مەرجەعەكانی ئەم كوردستانە لە پارێزگارێك باڵاتر  و دەسەڵاتدار تر نابن،پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتەكەشمان دەبێتە چەند فەرمانگەیەكی گشتی ،هاوڵاتیانیش چیتر تاقەتی وشە سواوەكانی بەناوكوردایەتی نابن و بەسكی برسیەوە ،رەعیەتی ئێوەیان پێ ناكرێت.

لە كۆتایدا ئەوەی ماوە بیڵێن؛ وریابن ئەگەر نا دۆستەكانی كورد لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن.

لە دوای ریفراندۆمەوە هەموو ئەو راستیەمان بۆ دەركەوت كە دۆست و هاوڕێكانمان تەنها هی سەرسفرە و خوانن نەك تەنگانە.

شێرزاد حەسەن رەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی