کەرکوک شاری زێڕی ڕەش و مێژوی ڕەش

31/05/2019

ئارام هەڵەدنى


ئەگەر لاپەڕی مێژوی کەرکوک هەڵبدەینەوە دەگەینە ئەوراستیەی کە تەنها شارە لەسەر ئاستی جیهان دەوڵەمەند بێت بە سامانی ژێر زەوی و ژیانی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان و خزمەتگوزاری وڵاتەکەی لەسەر داهاتی نەوتی ئەو شارە بێت.

دوای ئەوەی یەکەم بیری نەوت لەو شارە کوردیەدا دۆزرایەوە تەماحی ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمە کە ناراستەوخۆ حکومرانی عێراقیان دەکرد لە ڕیی بریکارەکەیانەوە مەلیکی عێراق ڕوی کردە ئەو شارە و دواتر حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق فۆکسیان خستە سەر ئەو شارە پڕنەوتە و هەرزوو بڕیاری تەعریب کردنیان دا بۆ ئەوەی بڵێن شارێکی عەرەبی عێراقیە و بە ئارەزوی خۆیان تەخشان و پەخشان بە پارەی نەوتەکەیەوە بکەن.
دوای ڕوخانی بەعسی عێراقی و حکومڕانی کوردیش هەمان سیاسەتی پەیرەو کرد و داهاتەکەی خستە خزمەت شەخس و حیزب و نەیانتوانی وەکو پێوست خزمەتی ئەو شارە بکەن و ژیانی دانیشتوانەکەی باش بکەن.

لە ئێستادا کە سەردەمی جیهانگیرییە و دەوڵەتی نەتەوەیی بەرەو کۆتایی دەچێت جارێکیتر لەبەر سیاسەتی هەڵەی حیزبە کوردیەکان و پیداگری پارتی لە سەر ڕازی نەبوون بە پارێزگارێک کە خواستی یەکێتی بێت ناتوانرێت پارێزگارێکی کورد دابنرێت لە کاتێکدا بەبەرچاوی ئەوانەوە پارێزگارە عەرەبەکە تتعریبی دەست پێکردووە و هەرێمی کوردستانیش بەبێ دەسەڵاتی خویی و سیاسەتی نامۆراڵی حیزبە کوردیەکان بۆتە تەماشارێکی چاوکز و ناتوانێت ببێتە بەرگریکاری مافی ئەو هاوڵاتیە کوردانەی شاربەدەر دەکرێن و داهاتەکەیان بە ڕۆژی ڕوناک دەسوتێت.

پێویستە حیزبەکانی کوردستان هەنگاوی جدی بنێن بە ئاراستەی خزمەتی شاری کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد.

دەبێت ئەوەتان لە یاد نەچێت کە لە پێناو کورد بونی کەرکوک هەزاران ڕۆڵەی کورد بونەتە قوربانی و خەویان بە ئازادی و ڕزگاری کەرکوکەوە دەبینی.

ئارام هەڵەدنى

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی