پەروەردە و خوێندن وەک کاڵایەکی چینایەتی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمەڵ کریم

پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بە تەنها گواستنەوە زانیاری نیە، بەڵکو یەکێکە لەو ئامراز و دامەزراوانەی کە لەڕێگەیەوە تاک فێری بەها، هەستی هاووڵاتیبوون، تێگەشتن لە مانای دادپەروەری و توانای گفتوگۆ و ڕەخنەکردن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیاندا دەبێت. بۆیە، هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەی سیستەمی پەروەردە و خوێندن، تەنها گۆڕانێکی کارگێڕی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکی درێژخایەن و قووڵی لەسەر پێکهاتە و دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە دەبێت. لە مێژووی کۆمەڵگە تازە گەشەکردووەکانی وەکو کوردستان و عێراق، خوێندن یەکێکبووە لە گرنگترین میکانیزمەکان بۆ جێگۆڕکێی تاک لە نێوان چینە جیاوازە کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەمەش بەو مانایەی کە خوێندن دەیتوانی وەک پەیژەیەک (ئاسانسۆرێکی) کۆمەڵایەتی کاربکات کە تاک لە چینێکی کۆمەڵایەتییەوە سەربخات  بۆ چینێکی دیکە، بۆ نموونە خوێندن دەیتوانی کچی کرێکارێک بکات بە پزیشک و کوڕی جووتیارێک بکات بە ئەندازیار. بەڵام ئەوەی وایدەکرد خوێندن ڕۆڵی پەیژە یاخود ئەسانسۆری کۆمەڵایەتی ببینێت، بە تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبوو، بەڵکو بوونی دەرفەتی تاڕادەیەک یەکسان بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە، هەروەها لەپاش بەدەستهێنانی بڕوانامەکەش بوونی دەرفەتەکانی کارکردن بوون لە کایە جیاوازەکان بەشێوەیەک کە لانی کەمی دادپەروەری لە بوونی ئەو دەرفەتانەدا فەراهەم بووبوون.
ئەوەی لە ئێستادا لە عێراق و کوردستاندا دەگوزەرێت، بریتی نیە لە دروستکردنی خوێندنی کەرتی تایبەت (ئەهلی)، بەڵکو بریتییە لە بە تایبەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە، واتا دەبڕاندنی جۆرەکانی پەروەردە لەیەکتر.  بە مانایەکی تر، بریتیە لە دابینکرنی پەروەردە و خوێندنی تایبەت بۆ گرووپ و چینێکی تایبەت کە پێوەر و بنەمای ئەم تایبەتبوونە تەنها توانای دارایی و پارەداری ئەو گرووپ و چینەیە. ئەم دابڕین و بەتایبەتکردنەی پەروەردە و خوێندن کە دروستکراوە، ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە بە ناوی (بەتایبەتکردن- ئەهلیکردن)ەوە ئەنجامنادرێت؛ بەڵکو لە ژێر ناو و ناونیشانی جیاواز جیاوازەوە سەرپێخراوە بەنموونەی خوێندگەی نێودەوڵەتی، خوێندنگەی بەهرەداران، خوێندنگەی پەروەردە و فێرکردنی مۆدێرن. هەموو ئەمانە بریتین لە بە تایبەتکردنی  خودی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن کە بەتەواوی جیاوازە لە "دروستکردنی خوێندنی کەرتی تایبەت لە ناوسیستمی پەروەردەدا". بۆیە ئیتر خوێندنی تایبەت (ئەهلی) تەنها بژاردەیەکی زیادکراونیە، بەڵکو گۆڕدراوە بۆ ئەو شوێنەی کە خێزانە دەوڵەمەند و توانادارەکان بۆ دابینکردنی داهاتووی منداڵەکانیان پەنای بۆ دەبەن و خوێندنی گشتی (حکومی)ش  هێواش هێواش بووەتە شوێنی ئەوانەی ناتوانن لە بازاڕدا بژاردەی دیکە هەڵبژێرن. هەربۆیەش پەروەردە و خوێندن لە مافێکی گشتییەوە خەریکە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەک کە کوالێتییەکەی پەیوەست بێت بە توانای پارەدانەوە، ئەمەش مەترسییەکەی تەنها کەمبوونەوەی یەکسانیی دەرفەت نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەیە لەبارەی نادادییەوە، لەبری ئەوەی پرسیار بکرێت"بۆچی هەمووان دەرفەتی خوێندنی یەکسانمان نییە؟" پرسیارەکە گۆڕاوە بۆ " چیبکەین تا بتوانین کرێی خوێندنێکی باشتر دابین بکەین؟". مەترسی گەورەی ئەم گۆڕانەش ئەوەیە کێشەیەک کە لەبنەڕەتدا کێشەی دامودەزگا گشتیەکانە کراوە بە بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسی.
ئەم گۆڕان و دابڕاندنەی هەردوو جۆرەکەی خوێندن کاریگەری و دەرئەنجامی جیاوازی دەبێت لەسەر تەواوی کایە کۆمەڵایەتی و تەنانەت کایە بونیادیەکانی کۆمەڵگەش. یەکێک لەوانە، بریتیە لە دابڕان و دروستکردنی جیاوازی  بەهایی و کەلتوری لەناو تاکەکانی هەمان کۆمەڵگە. بۆ نموونە ، خوێندنگە گشتیەکان (حکومیەکان)، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانیان، پێشتر شوێنی کۆبوونەوەی منداڵانی خێزانە پاشخانە جیاوازەکان و چینە جیاوازەکان بوون. کوڕی کارمەندێک، کچی مامۆستایەک، منداڵی بازرگانێک و کرێکارێک و خاوەن پیشە جۆراوجۆرەکان لە هەمان پۆلدا دادەنیشتن. ئەم هاوبەشییە ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی هاوبەشی دروست دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بوونی جۆرێک لە پەروەردە و خوێندنی تایبەتەوە منداڵان هەر لە سەرەتای تەمەنیانەوە بە پێی توانای دارایی خێزانەکانیان لە ژینگەی پەروەردەیی جیاواز جیاوازدا جێگیر دەبن، بۆیە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن لەبری ئەوەی ژینگەی هاوبەشی نەوەی چینە جیاوازەکان بن، بوونەتە شوێنی کۆکرنەوەی ڕۆڵەی چینێکی دیاریکراو لە چینە کۆمەڵایەتیەکان. ئیتر لێرەوە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی دەست دەکاتەوە بە دەرکەوتن لە زمان، شێوازی ژیان، ئارەزوو، تەنانەت تێگەیشتن لە ژیانی ئاسایی. بەمەش کۆمەڵگە تەنها لە ئاستی داهاتدا چینایەتی نابێت؛ بەڵکو نەوەی نوێ لە زمان و فەرهەنگ و بەها و تۆڕی هاوڕێیەتییەکانیشدا لە یەک دادەبڕێن و سەر بە دوو دنیای جیاوازدەبن. هەربۆیەش ئەو پرسیارەی کە دەیووت  "ئایا دەرفەتەکانی خوێندنی یەکسان بۆ هەمووان لە ئارادایە" گۆڕاوە بۆ شێوە و فۆرمێکی تر لە پرسیار کە دەپرسێت "کامانەمان بۆ کام جۆرەی خوێندن دەچین ، لە چ ژینگەیەکدا پەروەردەدەبین؟".
بۆیە ئەگەر ئەم ڕەوتەی بە تایبەتکردنی پەروەردە و خوێندن بەبێ چاکسازییەکی بنەڕەتی بەردەوام بێت ئەوا کۆمەڵگە دەکرێت بەرەو دۆخێک بچێت کەتێیدا هەروەک چۆن سەرمایە و دەوڵەمەندی بۆ نەوەی دواتر دەگوازرێنەوە، بە هەمان شێوەش دەرفەتی خوێندنی باش و شایستە وەک بەشێک لە هەمان میرات بگوازرێتەوە. بەمەش پەروەردە و خوێندن دەبن بە پەیژەیەکی شکاو یاخود ئاسانسۆرێکی پەککەوتوو بۆ جێگۆركێی چینایەتی، خوێندنگە و زانکۆکانیش دەبن بە بەشێک لە میکانیزمی دابەشکردنی داهاتووی کۆمەڵگە. کۆمەڵگە بە هێواشی لە کۆمەڵگەیەکی تاڕادەیەک کراوە لەبەردەم دەرفەتەکاندا بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی "میراتدەرفەت".
هەربۆیە دەکرێت لە ئێستادا پرسیاری جدی لەبارەی داهاتووی پەروەردە لە کوردستان و عێراق ئەوەبێت کە ئایا خوێندن بۆ هەمووان وەکیەک سەکۆی دەرفەتە یان تەنها بۆ ئەوانەیە کە پێشتر دەرگای داهاتوویان بۆکراتەوە؟!!







                                                                                    

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی