ریفراندۆم.. یاریەکی جوان تا نامەکەی تیلرسن!

08/06/2019

فەرمان سادق


نامەکەی تیلرسن و سەردانەکانی مەکگۆڕک شاندی هاوپەیمانان بە چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم، خودی قسەکانی مەسعود بارزانی لە دوا وتارەکانی، لێدوانە لەرزۆکەکانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ریفڕاندۆم و کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی نێچیرڤان بارزانی و دەیان بەرپرسی تری کوردستانی لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆم، ئاماژەگەلێکن لە بارەی ریفڕاندۆم کە لەرزۆک و کەلێنێکی گەورە هەبووەو هیچ لایەنێکی کوردستانی ناتوانێت چەواشەکاری بۆ بکات و زوڕنای هیچ بەرەیەکی پاڵپشت و دژ ناتوانێت راستییەکان بشارێتەوە، هێندە بەسن بۆ ئەوەی تێ بگەین ریفراندۆم یاریەکی جوان و سیاسەتێکی سەرکەوتوو بوو تا نامەکەی ریکس تیلرسن وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمەریکا، بڕیارێکی هەڵەو شکستی ستراتیژی سیاسەتی ئەنجوومەنی ریفراندۆم بوو تا خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر.

دوای دوو ساڵ بەسەر بڕیاری ریفڕاندۆم، کوردستان دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەیەک بە دەسکەوت و بەرەیەکیش بە شکست ناوی دەبات.

جارێ بەرەی دەسکەوت، بەرەی خۆناساندن و فرۆشتنی قەوانی کوردایەتی لە ٧٠ ساڵەی رابردوودا لە هیچ وێستگەیەکدا ئامادەی داننان نەبووە بە شکست، کلتووری ئەوەی پێی دەگوترێت بزاڤی رزگاریخوازی کوردی خاڵییە لە فەرهەنگی داوای لێبووردن و بەخۆداچوونەوە. 
ئەوە هەر بۆ ریفراندۆم راست نیە، بۆ جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە ٦٠ەکانی سەدەی رابردوو، ٧٤و ئاشبەتاڵ، یەکەم هەڵبژاردن لە ٩٢ و دان نەنان بە ئەنجامەکەی تا دەگات بە شەڕی ناوخۆو خیانەتی ٣١ی ئاب و پێش ئەویش پەلکێشی سوپای قودسی پاسداران و سوپای تورکیا و کۆنگرە رۆژنامەوانییە بەناوبانگەکەی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە بارەی شەڕی ناوخۆو بێتاوان ناساندنی خۆیان و بە بەرپرس زانینی میللەت، تا دەگات بە ٢٥ ساڵەی دوو ئیدارەیی و نەسڕینەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لە ١٥ ساڵی رابردوو، بەڵکو تۆختر کرنەوەی دوو ئیدارەیی کە هەڕەشەیەکی هەمیشە ئامادەی سەر مێزی دانوستاندنی هەردوو هێزە، لە هیچ کام لەو قۆناغانە پارتی و یەکێتی و حزبە دابەشبووەکانی سەر ئەو دوو بەرەیە، دانیان بە هەڵەکانی خۆیان نەناوەو داوای لێبووردن و چاککردنەوەی هەڵەکانی خۆیان نەکردووە، بۆیە لات ئاسایی بێت خیانەت و شکست بە دەسکەوت پێت بفرۆشنەوە.

بەهۆی نا شەفافی لە بڵاونەبوونەوەی زانیاری ناو کۆبوونەوەکانی ئەوکات و نەبوونی ناوەندێکی ئەکادیمی تا بێلایەنانە شەنوکەوی دۆخەکە بکات، هێشتا روون نەبووەتەوە ئەوەی کرا بڕیارێکی دیراسە کراو بوو یان نا، ئەوەی دواتریش روویدا هۆکارو پاڵنەرەکانی چی بوون؟

 پارتییەکان و هاوئاوەزەکانیان خۆیان بە راست دەزانن، دەڵێن پاسپۆرتێکەو هەمیشە لە گیرفان دایە..

 لە بەرانبەریش یەکێتییەکان بەشێکیان بایان داوەتەوە دەڵێن هەڵە بوو، بۆیە دەڵێم بایان داوەتەوە چونکە مەلعەب بە مەلعەب سەرچۆپیان لەگەڵ مەسعود بارزانی گرتبوو، ئاهەنگیان بۆ جۆش و خرۆش دەکردو بە کۆستەر خەڵکیان بۆ دەبرد.

ئەوەی روون و ئاشکرایە کۆمەڵێک نووسەرو چاودێری سیاسی دیاری کوردستان هەبوون پێیانوابوو کە دەکرێت گوێ لە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بگیردرێت و ریفراندۆم نەکرێت و بە دەستپێشخەرییەکەی ئەمەریکا رازی بین و ئەوەیان دەسکەوتە راستەقینەکەیە!

ئەوان داوای گرەنتی نێودەوڵەتیان دەکرێت کەچی پارتییەکان باسی فڕۆکەی جەنگی ئیسڕائیلیان دەکرد کە لە مەتاڕی هەولێرەو کەس ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کوردستان!

ئەنجامی ریفراندۆم، روون و ئاشکرا شکست بوو، ئەگەر باڵێکی ناو یەکێتی رێککەوتنیان لەگەڵ قاسم سولێمانی نەشکردبا، ئەگەری ئەوەی روویدا بەهێز بوو بەڵام باڵەکەی یەکێتی پڕۆسەکەی خێراتر کردو پاساوی دایە پارتی شکستی ریفراندۆم تا کشاندنەوەی هێزەکانی لە شنگالەوە تا کەرکوک بخاتە ئەستۆی ئەوان، خۆ ئەگەرنا زووتر بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و نوێنەری ئەمەریکیەکان رێککەوتنی گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە کوردستانیەکان واژوو کرا بوو لە بەرانبەر وەرگرتنی ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە.

قەباحەت لەو هاوکێشەیە ئەوەیە، یەکێتی خۆی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دزیوەتەوەو ئۆباڵەکەی خستووەتە ئەستۆی پارتی وەک بڵێی سەرکردەکانی پاسۆک! بوون مەلعەب بە مەلعەب بە دواوەی بارزانی بوون، پارتیش ئەمەی قۆستووەتەوەو خۆی بە خاوەنی ریفراندۆم دەناسێنێت و ئۆباڵی شکستەکەی خستووەتە سەر باڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر!

ئێستا لە دیدی من، ریفراندۆم یاریەکی جوان بوو تا نامەکەی تیلرسن، لەوە بەولاتر هەڵەیەکی ستراتیژی بوو کە مەسعود بارزانی و ئەنجوومەنی ریفراندۆم بە هەموو رەنگەکانیەوە لێی بەرپرسن.

١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێک بوو ناکرێت نادیدە بگیردرێت، ناکرێت بەشداری بڕیاری ریفراندۆم بیت کە وەک وتم هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، پاشان لە بەرپرسیاریەتی را بکەی و بچیتە پاڵ دوژمن و پێشڕەوی بکەی، ئێستاش روو قایمانە بڵێی من کەرکوکم پاراستووە!

فەرمان سادق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی