یەکێتیی بەدوای شەڕدا دەگەڕێت

11/06/2019

كەمال چۆمانی


گۆڕان ئازادە لە هاوپەیمانێتییکردن لەگەڵ پارتیی، ئەوە خەڵکە دەبێت سزایان بدات نەک لولەی تفەنگەکانی یەکێتیی.
یەکێتیی پێیوایە ئەوە "کرانەوە و دیموکراسیبون"ی یەکێتییە وای کردوە لە سلێمانیی حیزبی سیاسیی دەربکەون و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی بەهێز بن و میدیای ئازاد و خۆپیشاندانەکان لە دەڤەری سلێمانیی، هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر گەشەبکەن بەبەراورد بە سنوری هەولێر و دهۆک. یەکێتی پێشیوایە ئەو "کرانەوە و دیموکراتیبون"ە زیاتر یەکێتیی بچوککردۆتەوە و پارتییشی گەورەتر کردوە وەک هێزێکی مێژویی نەیاری خۆی، بۆیە ئێستا یەکێتیی هەمان میکانیزمەکانی پارتیی دەگرێتەبەر لە روبەڕوبونەوەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و ئازادیی سیاسیی لەو سنورەی کە پێیوایە قەڵەمڕەوی خۆیەتی.

یەکێتیی پێیوایە دۆخەکە لەبارە بۆئەوەی جارێکی تر خۆی بکاتەوە حاکمی موطڵەقی ناوچەکەی خۆی چونکە: ١- بەهاری عەڕەبی شکستیخواردوە، ٢- کاک نەوشیروان مستەفا چۆتە رەحمەتی خوای دلۆڤان، ٣- گروپێک لەناو یەکێتیی دەرکەوتون کە هیچ شتێک بە گۆڕانیان نابەستێتەوە، پێشتر سەرکردایەتیی گۆڕان و یەکێتیی دۆستی شاخ بون، ئێستا ئەوە هێدی هێدی کۆتایی دێت، ٤- گۆڕان چیتر لەلایەن خەڵکەوە ئەو پشتیوانییەی ناکرێت کە پێشتر یەکێتیی لێی دەترسا و کاک نەوشیروان دەیتوانی سلێمانیی بجوڵێنێت، ٥- ئێران دەیەوێت یەکێتیی بەبەهێزیی بمێنێتەوە و ناوچەکە سەقامگیر بێت بەتایبەت کە ململانێی ئەمریکیی-ئێرانیی لە قۆناغێکی توند دایە، ٦- ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئەو گرنگییەی جاران بە دیموکراسیی و مافی مرۆڤ نادەن لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، ٧- یەکێتیی دەیەوێت بە پارتیی بسەلمێنێت کە بێ یەکێتیی حوکمڕانیی کوردستان مەحاڵە، ٨- یەکێتیی بەتەواوی دابڕاوە لە هەمو بەها دیموکراسییەکان و هیچ پرەنسیپڵێکی نەماوە کە بتوانێت سیاسەتی لەسەر بکات و خەڵکی خۆی پێ کۆبکاتەوە. یەکێتیی بۆتە دەیان پارچە کە بەهێزیی یەکێتیی و ئەو پارچانە بەندە بەوەی ئەو حیزبە زیاتر دڵڕەق بێت. بێگومان خاڵی تریش هەن.

یەکێتیی ئێستا ئەو هەنگاوانە دەگرێتەبەر کە پارتیی لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکان دژی یەکگرتوی ئیسلامیی گرتیەبەر و یەکگرتوی ئیسلامیی بە زەبری هێز بچوککردەوە، یەکگرتوش تەسلیمی بو، بە رادەیەک چەند بەرپرسێکی یەکگرتو لە ئاستی باڵا لە پارتیی پارتییترن ئێستا. یەکێتیی لە بەرانبەر گۆڕاندا بەدوای شەڕدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەتەواوی گۆڕان تەسلیم بکات. گۆڕان پێویستە باڵانسی خۆی لەنێوان پارتیی و یەکێتیی بپارێزێت و بەتەواوی تەسلیمی پارتیی نەبێت چونکە ئەوە وا دەکات یەکێتیی زۆر ئاسان خەڵکی خۆیی و تەنانەت گۆڕانخوازەکانیش دژی بجوڵێنێت. گۆڕان پێویستیشە رێکارە مەدەنییەکانی بەهێز بکات نەک لەڕێی فەیسبوک و میدیاکەیەوە هاشوهوش بکات و هەندێکیش هەوڵی گەرمکردنی شەڕەکە بدەن. 


یەکێتیی و گۆڕان و پارتیی و ئیسلامییەکان و هیچ هێزێک ناچار نییە بەیەکەوە هاوپەیمان بن یان نەیار نەبن، بەڵام هیچ هێزێک مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر ئەویتر. هێزەکان ئازادن لە هاوپەیمانێتیی دروستکردن، ئەوە دەبێت خەڵک سزایان بدات نەک لولەی تفەنگەکان. هەموشمان دەبینین گەلی ئێمە لەو روەوە هۆشیارە و زۆر بەباشیی سزای گۆڕانی داوە لە بەرانبەر بنپێخستنی بەهاکانی گۆڕان و روئیای کاک نەوشیروان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی