داكشان بەرەو بەغداد

11/06/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەرچەندە هەڵبەزین و دابەزینی ڕیفراندۆم و (بای بای لە عێراق) كرا، بەڵام داكشان بەرەو بەغداد بۆ بەشداری كارای كورد ! لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و بانگهێشتكردنی بەرپرسە عێراقییەكان بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێری پایتەخت ، هیچ ناڕونییەكی لەوەدا نەهێشتەوە هەموو خۆهەڵكێشانێك و سوربوونێك لەسەر ئەنجامدانی كردەی ڕیفراندۆم لەلایەك و لەلایەكیتریشەوە هەموو داكشان و بەپەلە ڕاكردنیش بۆ بەغداد بۆ بەشداری حكومەت، هەردوو حاڵەتەكە بۆ مەبەستی حیزبی و پێگەی یەك كەس و یەك حیزبە و هیچ خەونێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەپشت هەردوو مەشهەدەكەوە نییە .

فەلسەفەیەكی باو هەیە دەڵێت "ئەشێ پەستانێكی نەرێنی بۆسەر تەنێك، ئەنجامێكی ئەرێنی بدات بە دەستەوە". ئەم یاسا و فەلسەفەیە بۆ هەمان پرسی ڕیفراندۆمیش ئەگونجێت، ئەگەر پەستانە نەرێنییەكەی كردەی ڕیفراندۆم هەمان ئەنجامی نەرێنیشی هەبوایە ئەوا ئێستا نە نێوانی هەولێر و بەغداد ئەم پەیوەندییە ئەرێنییەی ئەمڕۆی دەبوو ، نە بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانیش وەك ئێستا بەرەو باشتر دەڕۆیشت و نە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگەڕایەوە چنگی بەغداد. 
داكشانەوە بەرەو بەغداد و بەڵێندا بۆ عێراقێكی یەكگرتوو؛ نەك هەر كەمووكورتی نییە بەڵكو بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ناونانی 16ی ئۆكتۆبەر بەخیانەت پوچەڵ دەكاتەوە و پارادۆكسێك لەقسەی ئەو هێز و لایەنانەدا دروستدەكات كە لەلایەك عێراقێكی یەكگرتوویان دەوێت و لەلایەك هێزی نیشتمانی عێراق بەداگیركەر دەزانن. بەڵام ئەم داكشانە بەرەو دەیسەلمێنێت كە ئێستا سوپای عێراق هێزێكی نیشتمانییە نەك داگیركەر.

بەتەعبیرێكیتر و بەپێوەری ئەم داكشانە بەرەو بەغدادی دڵی عێراق و بەشداری كورد لەحكومەتێكی بەهێزدا و جێگیربوونی ناوی پێشمەرگە وەك بەشێك لەهێزی عێراق ، ئیتر ئەوە ڕوونە هەر هێرش و ناونانێكی وەك خیانەتكار بۆ لایەنێكی كوردی و داگیركەر بۆ هێزی سەربازی عێراق، قسەی پڕوپوچە و لە هزری تاكی هوشیار و عاقڵمەنددا عانەیەكی قەڵب ناكات.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی