کوردستانی یان عێراقی

16/06/2019

رێبین فه‌تاح


لە قۆناغی پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە تا ئێستا، دوو ڕەوتی سیاسی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان دا ئامادەییان هەبووە. ڕەوتێک کە دەکرێت بە عێراقچی و ڕەوتێکی دیکە بانگەشەی ڕوو لە کوردستانی کردووە. ڕەوتە عێراقچییەکە پێی وا بووە کوردستان بەبێ عێراق ناتوانێت لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێشبکەوێت یان هیچ دەرچەیەکی جگەلە بەغدای نییە، لەکاتێکدا ڕەوتە کوردستانییەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کوردستان دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە پشت بەخۆی ببەستێت و کاتێکیش دەبێت بە خاوەن ئابووریی خۆی، ئیتر ئەو ئابوورییە بۆ جۆرێک لە سەربەخۆیی سیاسی سەردەکێشێت و کوردستان لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق دەربازی دەبێت.

لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تا ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێبەرایەتی ڕەوتە عێراقچێتییەکەی کردووە و هەموو بانگەشەکانی دەربازبوون لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراقیشی بە (موزایەدەی سیاسی) لێکدەدایەوە. تەنانەت لە سەرەتای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمدا، لە ڕوانگەی ئەو ڕەوتە سیاسییە کە خۆی لە پارتی دیموکراتدا بەرجەستە دەکاتەوە، بانگەشکردنی هێزە نەیارەکەی بۆ (فیدڕاڵیەت)، هەمدیسان بەشێکە لە (موزادەیەکی سیاسی بەتاڵ).

لەو ساڵانەدا، یەکێتیی نیشتمانی بە پێچەوانەی ڕەوتە عێراقچێتییەکەی پارتییەوە، بانگەشەی ئابووری سەربەخۆ و سیاسەتی (پشتبەخۆبەستن) دەکات. یەکێتیی بە پێچەوانەی پارتییەوە پێی وا بوو هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە دەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و سەرچاوەکانی داهات لە ناوخۆی کوردستاندا ببوژێنێتەوە کە خۆی لە سێ سەرچاوەی سەرەکییدا دەبینێتەوە، یەکەم؛ دەرهێنانی نەوت، دووەم؛ بەگەڕخستنەوەی کارگە پیشەسازییەکان و سێیەم؛ ڕێکخستنی باج و ڕسوومات و گومرگ.

لە نەوەدەکاندا پارتی وەک لە زاری مەسعوود بارزانییەوە بانگەشەی بۆ دەکرد؛ (هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت) و بەوەش (ناتوانێت هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت، لەکاتێکدا دەوڵەتەکانی دەوروبەریشی دژی سەربەخۆیی کوردستانن). لەبەرامبەردا یەکێتی کە پێی وا بوو پارتی پێڕۆیی لە سیاسەتێکی دووفاقانە دەکات، لە هەولێرەوە دڵی بۆ بەغدا لێدەدات و بە ئاشکرا و ژێربەژێریش خەریکی سەودا و مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا، لە زاری تاڵەبانییەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ (نابێت کەس قاچێکی لە بەغدا و قاچێکی لە هەولێر بێت، دەبێت هەردوو لنگیان لەلایەک بێت!).

ئەو دوو ڕەوتە سیاسییە عێراقی و کوردستانییە، یەکەمیان بە ڕێبەرایەتی پارتی و دووەمیان بە ڕێبەرایەتی یەکێتی لە ململانێدا بوون تا ڕووخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا و لە قۆناغی یەکەمی ڕووخانی بەعسەوە، هەردوو ڕەوت بوون بە عێراقچی، تەنانەت زیاتر لە عارەبی عێراقی، بەتەنگ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق بوون و بگرە بەبێ ئەو دوو هێزە کە خۆیان وەک نوێنەری کورد نمایش دەکرد، خستنەسەرپێی پرۆسەی سیاسی و عێراقی نوێ بە ئاسانی مسۆگەر نەدەبوو.

بە ساڵانێکی کەم پاش ڕووخانی بەعس و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، دیسانەوە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو ڕەوتی عێراقچی و کوردستانی دابەش دەبێتەوە، بەڵام لەو قۆناغەدا، سەرکردایەتی ڕەوتەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. ئیتر یەکێتیی نیشتمانی ڕێبەرایەتی ڕەوتە عێراقییەکە و پارتی دیموکرات ڕێبەرایەتی ڕەوتە کوردستانییەکە دەکات! بەهەمان شێوە لەلایەن یەکێتییەوە، بانگەشەکانی پارتی بۆ ئابووری سەربەخۆ و سەربەخۆیی سیاسیی، بە موزایەدەی بەتاڵی سیاسی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ئەوەش هەمان لێکدانەوەیە کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، پارتی لە بەرامبەر بانگەشەکانی یەکێتی بۆ سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی بەکاری دەهێنا.

قۆناغی پاش ڕیفراندۆم و ئەو لێکەوتانەی بەدوای خۆیدا هێنا، یەکێتی و پارتی بە کردار بوونەوە بە عێراقی، ئەگەر لە گوتاریشدا هەوڵیاندا بێت شتێکی جیاوازتر بڵێن. لەپاڵ یەکێتی و پارتیشدا هێز و کارەکتەری دیکە دەرکەوتن بەهەمان نەغمەی عێراقییانەوە، نەغمەی عێراقییە نوێیەکان، دەرفەتێکی بەتایبەت بۆ پارتی ڕەخساندووە، بە ئاماژەدان بەو عێراقییە نوێیانە، عێراقیبوونی خۆی بزر بکات، چونکە بانگەشەی عێراقیبوون بۆ هێزێک قورس دەکەوێتەوە کە سەرکردایەتی (ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی) گرتووەتە دەست.

ڕەوتە عێراقییەکە ئەوەیە کە دەرکەوتووە و بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە چ دەڵێن و چ باوەڕێکیان هەیە، بەڵام ڕەوتە کوردستانییەکە تەنیا بە بانگەشەیەکی ڕووت مسۆگەر نابێت، بەڵکو بەرنامە و پرۆژەی کرداری گەرەکە کە تا ئێستا ئەو بەرنامە و پرۆژە کردارییە ئەگەر لە ڕووکەشیشدا کوردستانی دەربکەوێ، لە ناوەوەیدا دەیان گومان و پرسیاری جدی هەڵگرتووە، بەڵکو ئەگەر وەک پرۆژەیەکی واقیعی و ڕاستگۆیانەیش مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لە چەند ڕوویەکەوە شکستی هێناوە و وەک گوتارێکی بۆش دەرکەوتووە.

نابێت ئەوەش نەڵێین کە لەناوخۆی هەردوو پارتە باڵادەستەکەیشدا جیاوازی زەق و ئاشکرا هەیە بە ئاراستەی عێراقیبوون و کوردستانیبووندا، هەموو ئەو ئاراستانە لەساتەوەختی ڕیفراندۆمەوە تا لێکەوتەکانی دواتری، بە ڕوونی بۆ هەمووان دەرکەوتن و بانگەشەکان بە ئاشکرا دەکران و دەکرێن. دوو ڕەوتی عێراقی و کوردستانی بەگشتی لەناو زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا هەر هەبووە.

هەنگاونانی پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی زاڵی کوردستان بە ئاراستە بەغدا یان هەولێر، لە هەر قۆناغێکدا گرێدراوی بەرژەوەندی تایبەتی دوو حزبەکەیە و لەناو هەردوو حزبەکەشدا سەرکردایەتی باڵای حزبەکان، بەپێی بەرژەوەندی تایبەتیان بانگەشە و هەنگاویان ناوە. ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی تایبەت، وا دەکات هیچ کام لەو دوو حزبە لە سەر هەڵوێستێکی جێگیر لە نێوان عێراقیبوون و کوردستانیبووندا نەمێننەوە.

رێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی