خوێندنەوەی
جیاواز بۆ چەمکی شامی شەریف هەیە، بەڵام
زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە مەبەست لە «شام»، مەملەکەتی شامی کۆنە، نەک
سوریای ئێستا؛ ئەو ناوچەیەی کە فەلەستین، ئوردن، سوریا و لوبنانی لەخۆ دەگرت.
زۆربەی لێکدانەوەکانیش ئەوە دەڵێن کە بەهۆی مێژووی دەوڵەمەند و پیرۆزی ئەو
ناوچەیە، پێی گوتراوە شامی شەریف. جەلالەدینی
ڕۆمی، زانا و شاعیری گەورەی تەسەوف، لە پێشەنگانی ئەو کەساانە بووە کە لە
نووسینەکانیدا باسی «شامی شەریف» کردووە.
لە نێو
کوردەواری خۆشمانیش، ئەو شوێنانەی کە دزی، گەندەڵی، تاڵان، ڕاوەڕووت و کوشتن
تێیاندا نەبووایە و خەڵک بە ئاسوودەیی ژیانیان تێدا بەسەر ببردایە، بە «شامی
شەریف» ناودەبران. هەر بۆیە دەگوترا: «دونیا شامی
شەریفە.»
شایانی باسە،
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی دژی گەندەڵی لە عێراق و ڕاپێچکردنی چەندین بەرپرس،
وەزیر، پەرلەمانتار و کاربەدەست بۆ دادگا و زیندان بە تۆمەتی دزینی سامانی گشتی و
خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، لە هەرێمی کوردستانیش باس و گفتوگۆ
لەسەر ئەو پەردەلابردنانە گەرم بووە.
ئەمڕۆ
تیڤییەکان، ماڵپەڕەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لە هەواڵی دزییە
سەیروسەمەرەکان، دۆلارە شاراوەکان و ڕابردووی ئەو کەسانەی کە تۆمەتی ئەو کارانەیان
ئاڕاستەکراوە. بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە ئەوەیە کە هەندێک لە میدیاکانی سەر بە
هێزە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە جۆرێک ڕاپۆرت دەدەن کە گوایە هەرێمی
کوردستان بەدەرە لە دیاردەی دزی و گەندەڵی، بەرپرسانی ئەم ناوچەیە وەک فریشتە وان.
بێگومان،
ئەرکی میدیا ئەوەیە پەردە لەسەر دزی و گەندەڵی هەڵماڵێت، بە تایبەتی کاتێک ئەو
دیاردانە سنووری یاسا و ئادابی گشتی تێپەڕاندووە. بەڵام هەمان ئەو دەزگا
ڕاگەیاندنانە دەبێت ئەوەشیان لەبیر نەچێت کە ئەگەر سبەی یان هەر کاتێکی دیکە ئەو
هەڵمەتە بگاتە هەرێمی کوردستان، نابێت ببنە سەنگەری بەرگریی سلبی و ناڕەوا لە
گەندەڵی و گەندەڵکاران.
وەک دەزانرێت،
دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی قەبارە و کاریگەرییەوە هیچی کەمتر
لەوەی عێراق نییە. هەروەها، زۆر کەس باوەڕ ناکات بەرپرسانی کورد لە بەغدا لەو
تۆڕەی گەندەڵییە دوور مابن.
لە هەرێمی
کوردستانیش، هاوشێوەی عێراق، نەک تەنها پارەی شاراوە هەیە، بەڵکو لێرە شوێنی
پاراستن و شاردنەوەی سامانی گشتی زۆرترە. پێشتر زۆر جار باس لە پارەی ژێرزەمینی و
سامانی شاراوە کراوە. کەس نییە نەزانێت ژمارەیەک لە بەرپرسان و بنەماڵەکانیان لە
ماوەی چەند ساڵێکدا بە شێوەیەکی خێرا دەوڵەمەند بوون، ئەوەش پرسیارگەلێکی زۆر
لەسەر سەرچاوەی ئەو سامانیان دروست کردووە.
کەواتە،
هەرێمی کوردستان شامی شەریف نییە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا
ئۆپراسیۆنی دژی گەندەڵی پەل دەکێشێت بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستانیش، یان نا؟
خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن کە دەرگای ڤیلا و کۆشکەکانی
بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا بکرێنەوە، تاکو بە
چاوی خۆیان ببینن کێ لەسەر حسابی سامانی گشتی و قووتی خەڵک بووەتە خاوەنی ئەو
هەموو سامان و دەسەڵاتە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی