ئیسماعیلی سابووری: سەردەمی مردنی هونەری ڕاقیی و لەدایكبوونی هونەری گەعدە

17/06/2019

ئاراس فه‌تاح

لە هەموو دونیادا كاتێك گەلێك هونەرمەندێكی گەورە لەدەستدەدات، خەم و پەژارە فەزای گشتییەكەی دادەپۆشێت، سەركردە سیاسیی و هونەرمەندەكانی لەپێگەی رەسمیی و شەخسییەكانی خۆیانەوە، بە ڕستەیەكیش بێت، تەعبیر لە هەستی خۆیان و گرنگیی ئەو هونەرمەندە لە مێژووی گەلەكەیاندا دەكەن.


دوێنێ، یەكێك لە هونەرمەندە گەورەكانی كورد، ئیسماعیلی سابووری، بەبێدەنگیی كۆچی دوایی كرد. بێگومان بێدەنگیی حكومەت و ئەو وەزارەتەی كە هیچ وەزیفەیەكی ڕۆشنبیریی نییە، جێگای سەرسوڕمان نییە، چونكە ڕزگاركردنی ژیانی گەندەڵێكی لەدەست دادگا هەڵهاتوو و بەخێرهاتنەوەی ڕەسمیی لەلایەن سەرۆكی نوێی هەرێمەوە، بەهای خەبەریی و گرنگیی میدیایی زۆر زیاترە لە پرسەنامە و ماتەمینیی بۆ مردنی هونەرمەندێكی گەورەی میللەتەكەمان، كە موڵكی ئەوان نییە.


ساڵانێكە سیاسەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی لە دونیای ئێمەدا، سیاسەتی دروستكردنی مۆدێلێكە لە هونەری هەرزان و بێقووڵایی كە بە پرۆسەیەكی مەترسییداری ”بەگەعدەكردنی هونەر“دا تێدەپەڕێت‌. ئەم مۆدێلە لە هونەر كۆمەڵگایەكی وێناكراو نماییشدەكات كە من بە ”كۆمەڵگای خەندە“ ناودێڕی دەكەم، كۆمەڵگایەك كە تاك و گروپەكانی بێخەم و دەم بەخەندەن، جگە لە شادیی و هەڵپەركێ هیچ خەمێكی تریان نییە. ساڵانێكە بۆ ئەوەی گوێ لە گۆرانیی ڕاقیی بگرین و دووركەوینەوە لە هونەری گەعدە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ساڵانی حەفتا و هەشتاكان. دیارە ئیسماعیلی سابووریش وەكو هەندێك هونەرمەندی گەورەی تر، سەر بەو قۆناغە هونەرییەی و ئەو سەردەمەیە.


هونەری داهێنەر پێویستی بە پارە و دەسەڵات و ئەكادیمیای حیزبیی نییە بۆ ئەوەی داهێنانی گەورە بكات، جوان بێت و ببێت بە ناو، بەڵكو دەسەڵات پێویستی بە هونەرە بۆئەوەی خۆی پێ جوان بكات و لەڕێگایەوە پروپاگەندە بۆ شەرعییەتی دەسەڵاتی خۆی بكات. جیاوازیی نێوان ئیسماعیلی سابووریی و بەهمەن قوبادیش كە دوو هونەرمەندی كوردستانی ئێرانن، لێرەدا دەردەكەوێت، چونكە یەكێكیان هونەرەكەی خۆی پاراست و بە جوانیی مایەوە، ئەوی تریشیان لە قۆناغێكدا بە دەسەڵاتی فرۆشت و فیلمی پروپاگەندەی بۆ بەرهەمهێنان. دیارە فیلمی ”ئاڵای بێ وڵات“ی بەهمەنی قوبادی پێش سێ ساڵ لە هەندێ فیستیڤاڵی ئەوروپی و ئاسیایی نماییشكرا، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا تەنها لە هەولێری پایتەخت و بە داوەتنامەی تایبەت بۆ كەسایەتیی تایبەت و سپۆنسەرەكانی نماییشكرا. گەرچی ئەم فیلمە گرانبەهایە وەك زۆرێك لە پڕۆژە هونەرییە حیزبییەكانی تر، لەسەر حیسابی داهاتی گشتیی بەرهەمهێنرا، بەڵام لە یەك شاری تری هەرێمدا سینەمایەكی بەخۆیەوە نەبینی و بینەرانی وڵاتی ئێمە لێی بێبەرییكران. دیارە من بە ڕێكەوت لە لەندەن بووم، بۆیە شانسی ئەوەم هەبوو فیلمەكە ببینم. پاشان وتارێكی ڕەخنەییم لەسەر پەیامی سیاسیی و ناوەڕۆكی ئەو فیلمە نووسی، كە لەژێڕ سەردێڕی (پیشەسازیی هونەری پروپاگەندە لە ”ئاڵای بێ وڵات“ی بەهمەنی قوبادی) لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكرایەوە‌.


لەدوای نیشتەجێبوونی ئەم گۆرانیبێژە لە هەرێمی كوردستان، جگە لە دۆزینەوەی وەزیفەیەك بۆئەوەی بتوانێت پێی بژی و چەند چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیی و رێكخستنی چەند كلیپێك بۆی، لەكۆی ماوەی دواساڵانی ژیانییدا لە هیچ یەكێك لە شارەكانی هەرێمدا نە یەك كۆنسێرتی شایستەی بۆ سازكرا و، نە بەشی موزیكی یەك زانكۆی هەرێم یان هەر دەزگایەكی تر بانگهێشتیان نەكرد، تاوەكو بۆ خوێندكارانی بەشی هونەر باس لە ئەزموونی هونەریی خۆی بكات و نە لە خەستەخانەیەكی ئەهلیی گرانبەهاش كۆچی دواییكرد.


جیهانی موزیكیی ئیسماعیل سابووری پڕاوپڕە لە خۆشەویستیی و جوانیی و حوزن. لە مێژووی موزیكی ئێمەدا كەم هونەرمەند هەیە وەك سابووری بە هونەری حوزنەوە جوان بێت. دەشێت پێویست نەكات بزانین ئەم هونەرمەندە گەورەیە بۆچی مرد، بەڵام دەبێت زۆرینەمان ئەوە بزانین بۆچی ژیا. ژیانی ئەو بە دەنگە نەرم و موزیكەكەی مانا و بەهایەكی قووڵی بە خۆشەویستیی و حوزن و جوانیی موزیك بەخشیی. مردنی ئەم هونەرمەندە خەم و حوزنێكی گەورەیە، بەڵام لەدوای كۆچی دوایی خۆی جوانییەكانی هونەری حوزنی بۆ بەجێهێشتین.


ئیسماعیلی سابووری سەر بە‌ نەوەیەكە‌‌ لەو‌ هونەرمەندانەی كە فێریانكردین دانیشین و بە هێمنیی گوێ لە گۆرانیی بگرین، ڕێز لە قووڵایی و جوانیی موزیك بگرین. مردنی ئەم نەوە جوانە لە هونەرمەندانی كورد‌ لە سەردەمێكدایە كە موزیكی كوردیی بە پرۆسەیەكی مەترسییداری بەگەعدەبووندا تێپەڕدەبێت. سەردەمی نوێی هونەری موزیكی كوردیی پڕبووە لە گۆرانبێژی هەرزان و هونەریی لووس كە لەكاتی ریشتاشین یان لوولكردنی قژدا گوێی لێدەگیرێت، یاخود لەكاتی زەماوەندا ریتمی هەڵپەركێ ئاراستەدەكات.


ساڵانێكە مۆمی ژیانی ژمارەیەك لە سیاسەتمەدار و هونەرمەند و شاعیر و نووسەرانی سەدەی بیستەممان دەكوژێنەوە، گەر كوژاندنەوەی مۆمی ژیانی سیاسییەك ڕق و كینە و تاریكییمان بۆ بەرهەمبهێنێت، ئەوا كوژانەوەی مۆمی ژیانی هونەرمەندێكی وەك ئیسماعیل سابووری خەرمانەیەك لە خۆشەویستیی و جوانییەكانی حوزنمان لە هونەری كوردییدا بۆ بەجێدەهێڵێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی