سه‌ركه‌وتنی جه‌هه‌په‌و دیدێكی تر!

سه‌ركه‌وتنی جه‌هه‌په‌و دیدێكی تر!

كامەران مەنتك


608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

دوای نزیكه‌ی 19 ساڵ، یه‌كه‌م جاره‌ ئیسلامیه‌كان رووبه‌رووی ئه‌و شكسته‌ سیاسیه‌ ببنه‌وه‌و پایته‌ختی راسته‌قینه‌ی توركیا، ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ ده‌ست بده‌ن. ئه‌وه‌ به‌ شێكه‌ له‌ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ناوه‌خۆی توركیا، له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه‌ جه‌هه‌په‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ رێگای ده‌نگدانه‌وه‌، نه‌ك له‌ رێگای كوده‌تاوه‌ ركابه‌ره‌كانی وه‌لاوه‌بنێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌، سه‌نگی راشكاوانه‌ی كورده‌، بوونی نزیكه‌ی دوو میلۆن و نیو ده‌نگده‌ری كورد له‌و شاره‌، سه‌ركه‌وتنی بۆ جه‌هه‌په‌ مسۆگه‌ر كردو حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانیشی دوچاری ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ كرده‌وه‌. له‌ راستیدا پیاده‌كردنی هاوسه‌نگكردنی سیاسی به‌ حزبێك و دژی حزبێكی تر، گه‌مه‌یه‌كی له‌ بار بوو بۆ دیاركردنی سه‌نگی سیاسی كورد له‌ توركیا له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تریش تۆڵه‌ كردنه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵم و زۆرداریه‌ی ئه‌ردۆگان و حزبه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كوردیان كردوه‌و ده‌یكه‌ن. ئه‌مه‌ وه‌ك نیوه‌ی هاوكێشه‌كه‌ شتێكی گونجاوه‌و سیاسه‌تێكی تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوانه‌ بووه‌. به‌ڵام كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌م به‌شه‌ی هاوكێشه‌كه‌دا نیه‌ به‌ڵكو له‌ نیوه‌كه‌ی تردایه‌!. ئه‌ویش سیاسه‌تی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی توركیایه‌!. كه‌ رۆژئاواو ئه‌مریكا به‌ توندی پاڵپشتی ده‌كه‌ن و له‌ ماوه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوودا هه‌موو ئامڕازێكیان خستۆته‌ به‌رده‌م بۆ جینۆسایدو ره‌شه‌ كوژ كردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد. جێگای سه‌رنجه‌ سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌و سه‌د ساڵه‌ جه‌هه‌په‌ ده‌سه‌ڵاتی له‌ ده‌ست بووه‌. ئه‌و تاوانانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ ئه‌نجامدراون، هه‌ر له‌ تێكشكاندنی راپه‌ڕینه‌كانی شێخ سه‌عیدو ئاگری داخ و كیمیا بارانكردنی ده‌رسیم،. تا ده‌گاته‌ دانانی یاسای دوورخستنه‌وه‌ په‌رته‌وازه‌كردنی كورد له‌ ساڵی 1932 و راگواستنیان به‌ هاریكاری هێزه‌ هه‌رێما‌یه‌تیه‌كانی تر بۆ رۆژئاوای توركیا، به‌ مه‌رجێك رێژه‌ی 5% دانیشتوان تێنه‌په‌ڕێنن، هه‌مووی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و حیزبه‌دا بووه‌!. جه‌هه‌په‌ بوو له‌ ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، ئابڵووقه‌ی راگه‌یاندنی خسته‌ سه‌ر باكوری كوردستان به‌ ئاشكراو به‌ نهێنی ده‌یان هه‌زار گه‌نج و رۆشنبیری كوردی كوشت و شوون بزر كرد. جه‌هه‌په‌ بوو كوردی به‌ توركی كێوی ناساندو له‌ ماوه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیدا كاری بۆ تواندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردی كرد و دروشمی ئه‌وه‌ی به‌رزكرده‌وه‌، كه‌ له‌هه‌ر شوینیك سه‌ره‌نیزه‌ی توركی لێبیت شتیك نیه‌ به‌ ناوی كوردو مه‌سه‌له‌ی كورد. ژاندارمه‌كانی جه‌هه‌په‌ بوون زیندانی ئامادیان كرده‌ گۆڕستانی شۆڕشگێڕانی كورد. جه‌هه‌په‌ بوو ...، ...،... ئێستاش ناكرێت ئه‌و خاڵه‌ فه‌رامۆش بكرێت، كه‌ سه‌رباری ئه‌و مێژووه‌ ره‌شه‌ی، جه‌هه‌په‌ زۆر زیره‌كانه‌ سوودی له‌ تووڕه‌ییه‌كانی كورد له‌ ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی وه‌رگرت و له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌ كاریهێنا، بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ر ئه‌و كه‌تووه‌!. ناكرێت له‌به‌ر زوڵم و زۆری دوژمنێكی ئه‌مڕۆ دوژمنێكی شاراوه‌ی دوێنی و به‌یانی فه‌رامۆش بكه‌ین!. سیسته‌می سیاسی له‌ توركیا هه‌رچیه‌ك بێت، سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر كورد هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌بێت، كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا پیاده‌ی كردوه‌. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا توركیا وه‌كو ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ دروستكراوه‌، كه‌ پاسه‌وانی ئه‌و دۆخه‌ جیۆپۆله‌تیكیه‌ بكات، كه‌ رۆژئاواییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ دایانڕشتووه‌. توركیا جگه‌ له‌ پاسه‌وانێكی دۆخی جیۆپۆله‌تیكی رۆژئاو ئه‌مریكا زیاتر نیه‌!. بۆیه‌ به‌ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆی توركیا هیچ شتێك له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت. كورد پێویسته‌ كار له‌ سه‌ر تێكشكاندنی ئه‌و بنه‌مایه‌ جیۆپۆله‌تیكیه‌ بكات، كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیای له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ رێگای دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی تر بۆ خه‌بات و كاركردن!. ئه‌م گه‌مه‌ كردنه‌ سیاسیه‌ی ئێستای كورد واتای ونكردنی وێناكردنی جیۆپۆله‌تیكی ده‌گه‌یه‌نێت لای كورد. كه‌ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌‌ كاری له‌سه‌ر بكات. كورد پێویسته‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ستراتیژیه‌تێكی دووره‌ مه‌ودا دابڕێژێت بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌و لكاندنه‌ی قووڵایی جیۆپۆله‌تیكی خۆی، كه‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان له‌ لایه‌ن رۆژئاواییه‌كانه‌وه‌ په‌رته‌وازه‌و دابه‌ش كراوه‌. بۆیه‌ نابێت له‌گه‌مه‌یه‌كی سیاسی روكه‌ش و قێزه‌وندا، كه‌ ره‌نگ بێت رۆژئاوا خۆی ده‌ستی تێدابێت بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ له‌ ئه‌ردۆگان به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ تێكشاندنی دۆخی جیۆپۆله‌تیكی ناوچه‌كه‌ له‌ رێگای نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ روسیا!. فریو بخوات و گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپێكی تۆپیو بكات. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دوورتر بڕوانێت و وردتر شته‌كان لێكبداته‌وه‌.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved