مه‌ترسیه‌كانی رۆكێتی S-400 له‌سه‌ر كورد

28/06/2019

د.كامەران مەنتك

یه‌كێك له‌ بواره‌كانی ململانێی نێوان ئه‌مریكاو روسیا، ئه‌گه‌ر بكرێت ناوی بنێین له‌ قۆناغی دووه‌می شه‌ڕی سارددا، سه‌پاندنی هه‌ژموونیه‌ له‌ رێگای هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كانه‌وه‌. جا ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیانه‌ جیهانی بن یاخود هه‌رێمی. وه‌لێ هه‌ندێك له‌و هاوپه‌یمانیه‌ هه‌رێمیانه‌ ره‌هه‌ندێكی جیهانی مه‌ترسیداری هه‌یه‌. وه‌ك ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ سێلایه‌نه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی نا راسته‌وخۆ له‌ نێوان روسیاو توركیاو ئێران دروست بووه‌. كه‌ پێگه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكی زۆر مه‌ترسیدار به‌ گوێره‌ی هه‌ژموونی جیهانی ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌توانین بڵێین به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ئۆراسیایه‌ له‌ ئاسیا به‌ گشتی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ تایبه‌تی. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ به‌شێك له‌ قووڵایی ستراتیژی روسیا داده‌نرێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئاوه‌ گه‌رمه‌كان، دیاره‌ ئێران به‌هۆی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، هه‌ر له‌زووه‌وه‌ بۆته‌ هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی روسیا.

 به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌ توركیادایه‌، كه‌ له‌ لایه‌ك ئه‌ندامێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌تی ناتۆ و زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵه‌ له‌ به‌ر ده‌رگای یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ستاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندام، له‌ لایه‌كی تر به‌ هۆی باڵاده‌ستبوونی ئاكپارتی، كه‌ پارتێكی ئیسلامییه‌ هه‌وڵده‌دات به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات بگه‌ڕێته‌وه و‌له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر سێ ره‌هه‌ندی( ئاینی- ئه‌تنیكی-مێژوویی و جوگرافی) خه‌ونی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی بكاته‌وه‌ راسته‌قینه‌. كه‌واته‌ توركیا قاچێكی له‌ رۆژئاوایه‌و قاچه‌كه‌ی تری له‌ مۆسكۆ، هه‌ر دوو وڵاتیش، ئه‌مریكاو روسیا گره‌و له‌سه‌ر راكێشانی توركیا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ توركیا هه‌وڵبدا گه‌وره‌ترین سوود له‌و ركابه‌ریه‌ وه‌ربگرێت. 

له‌ راستیدا توركیا له‌ مێژووی نوێیدا به‌رده‌وام ئه‌و سیاسه‌ته‌، یاریكردن له‌سه‌ر دوو په‌ته‌ی پیاده‌كردوه‌. كه‌ كورد له‌م سیاسه‌تدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بووه‌. روسیا هه‌وڵیدا له‌ رێگای توركیاوه‌ رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ بۆ رۆژئاوا بۆ خۆی به‌ مسۆگه‌ری بهێڵێته‌وه‌. هاوكات مه‌ترسیه‌كانی ئه‌مریكاو رۆژئاوا له‌ سنووره‌كانی باشوریدا له‌ خۆی دوور بخاته‌وه‌. به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش توركیا هه‌وڵیداوه‌، سه‌رباری ده‌سكه‌وته‌ ئابوریه‌كانی ده‌ستكه‌وته‌ ستراتیژیه‌كانیشی له‌م رێگایه‌وه‌ دابینبكات!.

 به‌ تایبه‌تیش له‌ سوریا. گرێبه‌ستی كڕینی رۆكێتی S-400 له‌ روسیا یه‌كێكه‌ له‌و گه‌مه‌ مه‌ترسیدارانه‌و هه‌ندێك پێیان وایه‌ یه‌كێك بوو له‌و فاكته‌ره‌ گرنگانه‌ی روسیا ده‌رگای عه‌فرینی له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا كرده‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌ستكه‌وتێكی ستراتیژی گرنگ بوو بۆ توركیا. له‌و كاته‌وه‌ ئه‌مریكا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. دیاره‌ توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش مه‌رجی هه‌یه‌، ئه‌و مه‌رجانه‌ش له‌سه‌ر حیسابی بزووتنه‌وه‌ی كورده‌.

راسته‌ ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وزی بۆ توركیا دایساندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ بیانووی په‌لاماردانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناوچه‌یه‌كی فراوان له‌ باشوری كوردستان داگیربكات و له‌ كاتی ئێستادا به‌رده‌وامیشه‌ له‌ داگیركردنی. به‌ڵام توركیا ده‌یه‌وێت زیاتری ده‌ستكه‌وێت و ئه‌مریكا ناچار بكات نه‌خشه‌ رێگای منبج جێبجێبكات، كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا له‌ سه‌ری رێك كه‌وتووه‌. له‌ رێگای ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه‌ توركیا ده‌یه‌وێت چۆن روسیا ده‌رگای عه‌فرینی بۆ كرده‌وه‌، ئه‌مریكا ده‌رگای منبج و رۆژهه‌ڵاتی فوراتی بۆ بكاته‌وه‌. به‌مه‌ش بزمارێكی گه‌وره‌ له‌ تابووتی بزووتنه‌وه‌ی كورد ده‌دات له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان.

له‌ لایه‌ك رۆژئاوای كوردستان كۆنتڕۆڵده‌كات، باشوری كوردستانیشی به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی داگیر كردووه‌، رێگا له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌كی كوردیش ده‌گرێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆانكارییه‌كی سه‌ربازی و سیاسی له‌ ئێران رووبدات. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆكی توركیا له‌ دوو توێی كۆبوونه‌وه‌كانی G-20 له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دادێ، مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌و پێویسته‌ به‌ وریاییه‌وه‌ تێیبگات و خۆی بۆ ئاماده‌ بكات.

د. كامه‌ران مه‌نتك