بڕیار وایە (دۆناڵد تڕەمپ و ئەردۆگان) لە پەراوێزی لوتکەی "جی ٢٠" یەکترببینن! گفتوگۆبکەن، لەبارەی داهاتوو و چۆنیەتی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیان بیروڕا بگۆڕنەوە. لەڕاستیدا تڕەمپ لەمانگی تەمووزدا سەردانی تورکیا دەکات. دیارە کڕۆک، وێنە، تێما، باکگڕاوند و پاڵنەری هەموو ئەم سیستمی پەیوەندییەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا؛ مەسەلەی بونیادی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی تورکیایە! رووسیا لەدوای رووداوەکانی جۆرجیای ساڵی ٢٠٠٨ ەوە دەیەوێت لە خۆرهەڵات و ناوچەکەدا ئامادەبێت! خاوەن پڕۆژە و خەیاڵ و گەڕانەوەیە! گەڕانەوە بەمانای ئەوەی چۆن لەرێگەی بونیاد و یەکەی جیۆپۆلەتیکی تازەوە و ببیت بە خاوەن سنوور، باڵایی، بڕیار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
رووسیا کاربۆئەوە دەکات لەڕێگەی پڕۆژەی [ئوڕاسیا] وە کە (ئەلێکسەندەر دووگین) دیزاینەریەتی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی دەریای سپی بلکێنێت بە بونیادی جیۆپۆلەتیکی رووسییەوە! دیارە ئەم پڕۆسەیە، ئەم خەونە ستڕاتیژییە پێویستی بە دوو یەکەی وەک ئێران و تورکیایە! ئێران و رووسیا یەک حیکایەت، یەک رکابەر، یەک چوارچێوەی سیاسی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە؛ بەڵام دۆخەکە بۆ تورکیا ئاڵۆز و فرە مانا و پڕ لە سەرکێشییە! تورکیا لەڕووی بونیاد، مێژوو، رابردوو و ململانێکانی سەر بە دونیای ئەمەریکی و رۆژئاوایە! سەر بە بەها و نۆرم و پەیکەری سیاسی و سنوورەکانی خۆرئاوایە. ئەردۆگان دەیەوێت ئەو پاڕادیمە بگۆڕێت! دەستکاری بکات و دایبڕێژێتەوە.
لەڕاستیدا ئەردۆگان دەیەوێت دابڕانێک لەنێوان تورکیا و وڵاتانی خۆرئاوا دروستبکات! دیوارێک لەنێوان تورکیا و رابردووەکەی بونیادبنێت. رووسیا ئەم دۆخە بە هەڵ دەزانێت؛ بەدەرگای سەرەکی نۆژەنکردنەوەی جوڵە، ناسنامە، پەیام و رۆڵی خۆی دەزانێت. رووسیا دەیەوێت لەڕێگەی ناسنامەیەکی سەربازی و جیۆسیاسی هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە پەیوندیدابێت و هێز بەرهەمبهێنێتەوە! ئەم خواستەی رووسیا بە ئاشكرا لە سوریا دیاردەکەوێت کاتێک رێگە بە تورکیا دەدرێت بۆ ئامادەبوون و رۆڵگێڕان (عەفرین و ناوچەکانی تر)! ئەم پڕۆژە بیرلێکراوەیە بۆ ئەمەریکا جێگەی ترس و دڵەڕاوکێیە! ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی پەیوەندی رووسی-تورکی ببێت بە پەیوەندییەک بونیاد، بەها، ناسنامە و جیۆپۆلەتیک بەیەکەوەیان ببەستێتەوە. لەدۆخی تەکتیکبوون و کاتی بوون دەربچێت.
لەئێستادا وێنەی زاڵ لە کێشەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا پرسی سیستمی بەرگری، کڕینی S-400 و دەرچوونە لە بونیادی سەربازی ئەمەریکی، بەڵام ئەوە تەواوی حیکایەت و ململانێکان نییە. ئەمەریکا ترسی لەوەهەیە رووسیا و تورکیا بونیادە جیۆپۆلەتیکییەکەیان تێکەڵ بەیەک بکەنەوە! هەردوولا خەونی گەڕانەوەیان هەیە بۆ رۆژهەڵات، گەڕانەوە بۆ نوستالیژیا و سنوورەکانی ئیمپڕاتۆربوون! ئەمەریکا لەوە دەترسێت تورکیا و رووسیا بەیەک فۆڕمی سەربازی، یەک خەونی سیاسی بۆ ناوچەکە، یەک فۆرم لەبەرگریکردن و مانەوە، یەک جوگرافیای سیاسی جوڵەبکەن و بڕیاربدەن! رۆڵی ئەمەریکا سنوردار بکەن! گۆڕانی ناسنامەی سەربازی تورکیا جێگەی ترسە بەلای ئەمەریکییەکانەوە، تورکیا لەرابردوو پۆلیسی ئەمەریکا بووە! پاسەوانی ئەمەریکا بووە!
پێدەچێت تڕەمپ لەرێگەی بژاردەی سوریاوە ئەردۆگان کەمێک لە رووسیا دووربخاتەوە! دیارە ئەمەریکییەکان لەئیستادا نایانەوێت ئێران و تورکیا هاو-ناسنامە و هاو-خەیاڵ و ستڕاتیژ بن. رووسیا دەیەوێت لەڕێگەی ئەم دوو یەکەیەوە [ئێران و تورکیا] ئەمەریکا بێ جوڵە بکەن! بەتایبەت لە جوگرافیای سیاسی سوریا کە رووسیا بە قوڵایی ستڕاتیژی خۆی دادەنێت. گٶڕانی ناسنامەی تورکیا وەک هێزێکی هەرێمی، وەک خاوەن ژێرخانی سەربازی خۆرئاوا؛ دەرگایەکی گەورە لە ململانێ، رووبەڕووبوونەوە، دەورەدان، سزا و هێرشی سنوردا لەنێوان ئەکتەرەکان دەکاتەوە. پێدەچێت ئەم ئایندە پڕ لە مەترسییە بەتەواوی بیری لێکرابێتەوە لەلایەن ئیدارەی تڕەمپەوە`
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی