واقیعی کوردستان و بەهادان بە ململانێکان

07/07/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ئەگەر جەنگی چەندان دەیەو سەدەی وڵاتانی ئەوروپا لەپێناو گەیشتن بە ڕۆشنگەری و پێشکەوتن، بەبێ ئەوەی بەهاکەی بدەن شتێکی مەحاڵ و نەکردە دەبوو. کە ئەوان بەئێستایشەوە وڵاتیان خستە نێوان (ململانێی ڕۆشنگەران و فەندەمێنتاڵیستەکانەوە ــ هاشم ساڵح) ، وڵاتیان خستە ململانێی ڕۆشنبیران و دەسەڵاتی کڵێساوە و ململانێی دادگاکانی پشکنینیان کرد، دواجار بەهای هەموو ئەمانەیان دا. بەهاکەیشی لەدوێنێیەکی دوورەوە تا ئەمڕۆ ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوەو دژایەتییەی توندڕەوەکانە کە بەئێستایشەوە ئەو کرانەوەی ئەوروپا و ئەو دۆڕانەی خۆیانیان لەئەوروپادا پێقبوڵ ناکرێت و هەمیشە دژایەتیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەجیهاد دەزانن و بەجەنگی بەرەی ئیمان دژی کوفر دەزانن.

بەهادانێک لەپێناو ململانێی گۆڕینی دواکەوتوویی بێت بۆ پێشکەوتن، بەهادانێک لەپێناو ململانێی تێپەڕاندنی سەدەکانی ناوەڕاست بێت بە ڕێنیسانس و پیشەسازی، بەهادانێکی سوودبەخش و بەهادانێکی (ئەرێنی)یە و گەلێک پیرۆزترە لەبەهادانێک لەپێناو ململانێی قایمکردنی کورسی و موچەی زیاتر و چەسپاندنی وێنەکانی خوایەتی ! بێت لەسەر زەوی و (خاکی کوردستان). بەهای ئەو ململانێیەی لەپێناو سوودی گشتییە گەلێک پیرۆزترە لەبەهای ئەو ململانێیەی لەپێناو باڵادەستی تاکێک و حیزبێکە بەسەر ڕوبەری گشتیدا.

ئەگەر ململانێی ناوخۆیی یەک هەزارەی کورد لەپێناو تێپەڕاندنی ژێردەستەیی داگیرکەران و پێشکەوتن و کرانەوەمان بوایە بەڕووی جیهاندا، هەموو کوردێک شانازی بەبەهادانێکی وەهاوە دەکرد و ئامادەیی زیاتر لەڕوحی دەبوو لەو پێناوەدا بیبەخشێت، بەڵام مادام ململانێکانمان سودی گشتی نەبوو وا هەر تاکێک لای خۆیەوە دژی ئەو ململانێیانەیەو ڕەخنەی ململانێکان دەکات. میللەتی کوردو تاکی کورد لەزۆر وێستگەدا گیانی خۆیی کردووەتە بەهای ململانێیەک بەڵام لەدواجاردا 180 پلە لەم ململانێیە کشاوەتەوەو دژی وەستاوەتەوە، چونکە لەدەرەوەی قازانجی هەمووان بووە.

ئەو ململانێیەیشی ئەمڕۆ لەکوردستان دەبینرێت کە کەوتۆتەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکجاریش کەوتۆتەنێوان ڕیزەکانی تاکە حیزبێکەوە، درێژکراوەی هەمان ململانێ مێژووییەکەیە کە ململانێیەکی قازانجویستی گشتی نییە و بەهای ئەم ململانێیە بەهادانێکی نەرێنییەو هەموو میللەت بەشێوەیەکی خۆنەویست و بەبێ ڕازیبوون باجی دەدات.

ئەوەی لەنێوان بەهادانی ململانێیەکی ئەرێنی و بەهادانی ململانێیەکی نەرێنی دا دەبینرێت ئەوەیە؛ بەهادان لەپێناو ململانێی ئەرێنی ئیشکردنە لەپێناو هەڵکشانی کۆی گشتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بۆسەرەوەی پرسی جوزئی و ڕێژەیی، لەکاتێکدا بەهادان بەململانێی نەرێنی پێچەوانەی جۆری یەکەمە.

جیاوازی ئەم دوو بەهادانەی ململانێ ئەوەیە لەنمونەی بەهادان بەململانێی ئەرێنی نمونەگەلێکی وەک ئەو ململانێیانە دەبینرێت کە لەپێناو گۆڕینی شتێکی خراپە بە نمونەیەکی باشترو نوێتر وەک ئەو ململانێیەی ئەڵمانیاو فەرەنسا لەسەر چەمکی ڕۆشنگەری و فەلسەفە هەیانە. بەڵام لەبەهاداندا بۆ ململانێی نەرێنی باڵادەستی خۆپەرستی سیاسی دێنێتەبەرهەم و لەم باڵادەستییەیشدا بڕیاری سیاسی لەگشتییەوە دەبێتە بڕیاری تاک حیزب و تاکە کەس و تێیدا هاوبەشی سیاسی نامێنێت و گوتاری یەکگرتووی نەتەوەیی و خەمی هاوبەشی نیشتمانی دەمرێت و لەناودەچێت.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە